6 کاتژمێر پێش ئێستا
122 جار خوێنراوەتەوە
دادپەروەری لە مووچەدا؛ لەنێوان ئاستەنگی یاسایی وەزارەتی دارایی و داواکاریی فەرمانبەراندا
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پڕۆژەیاسایەک بە ناوی «هەموارکردنی پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت» لەلایەن فراکسیۆنی سادیقوون و بە پاڵپشتیی زیاتر لە ٤٠ واژۆی پەرلەمانتاران پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرا. ئامانج لە پڕۆژەکە هێنانەدیی دادپەروەری، نەهێشتنی جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی نێوان وەزارەتەکان، و گونجاندنی داهاتە لەگەڵ ئاستی بژێویدا؛ بەڵام دەرکردنی یاساکە ڕەتکرایەوە.

وردەکاریی پێشنیازەکە:
پلەبەندیی مووچە: پلە وەزیفییەکان بۆ ١٠ پلە دابەش دەکرێن؛ کەمترین مووچەی بنەڕەتی ٤٠٠ هەزار دینار و بەرزترینیشی (پلە یەک) ٢.٥ ملیۆن دینار دەبێت، بە مەرجێک بەرزترین مووچەی دەوڵەت لە ٤ ملیۆن دینار تێنەپەڕێت.
دەرماڵە و سەرەمووچە: دەرماڵەکان بەپێی بڕوانامە دیاریکراون (دکتۆرا ٣٠٪، ماستەر ٢٠٪، بەکالۆریۆس ١٥٪)، هاوکار دەرماڵەی مەترسی تا ٥٠٪ و ناوچە دوورەدەستەکان تا ٣٠٪ دەبێت. هاوكات سەرەمووچە دەکرێتە سێ ساڵ جارێک و پلەبەندییەکەی بە پێنوێنی ساڵانەی هەڵاوسانەوە دەبەسترێتەوە.
میکانیزمی جێبەجێکردن و بودجە: پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ و لە سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت. بودجەکەی لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەهەدەردان، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە نایاساییەکان و چاکسازی لە مووچەی پلە باڵاکاندا دابین دەکرێت.
سندوقی سەقامگیری: هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی «سندوقی سەقامگیریی مووچە» نراوە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە لە کاتی دابەزینی نرخ یان داهاتی نەوت، کە لە ١٠٪ی داهاتی زیادەی نەوتەوە پارەدار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ڕەزامەندیی حکومەت مەرجە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە.

دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
ئەم دەستپێشخەرییانە لە کاتێکدان، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەدەست قەیرانی مووچەوە دەناڵێنن؛ لەو ماوەیەدا ٦٣ مووچەی مانگانە بە تەواوی یان بە لێبڕینەوە نەدراون، کە بڕەکەی بە زیاتر لە ٢٥ تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
شارەزایان هۆکاری کێشەکە بۆ ناکۆکیی سیاسی، بڕیاری بەغدا بۆ بڕینی بودجە، فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و جێبەجێ نەکردنی یاسای خانەنشینی ڕێکخراو دەگەڕێننەوە. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە چارەسەری ڕیشەیی پێویستی بە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، کۆکردنەوەی شەفافی داهاتی ناوخۆ و ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕیی هەیە.
هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و هەڵوێستی وەزیری دارایی
بە وتەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧دا، بڕیارە تەواوی گرێبەستەکانی سەرجەم وەزارەتەکان جێگیر بکرێن و ببن بە فەرمانبەری هەمیشەیی. بەپێی ڕاگەیەندراوی لیژنەی دارایی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی وەڵامی داواکارییەکانیان داوەتەوە، بەتایبەت بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە و توێژی پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان لە ڕێگەی پلەکانی سڕینەوە و هێنانەکایەوە.

سەبارەت بە داواکاریی دەرکردنی یاسای پلەبەندیی مووچە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە کە ئەم یاسایە لەگەڵ ٣٤ یاسای دیکەدا دژبەیەکە. بۆ ئەم مەبەستە، وەزیر پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ دەستکاریکردن و باشترکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمە، وەک چارەسەرێکی کاتی تا کاتی یەکلاکردنەوە و هەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەندیدار.
-
کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە
|
-
ژنە پاڵەوانەکانی کۆبانێ لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا؛ چارەنووسی ئەو هێزەی بەری بە داعش گرت
|
-
دادپەروەری لە مووچەدا؛ لەنێوان ئاستەنگی یاسایی وەزارەتی دارایی و داواکاریی فەرمانبەراندا
|
-
پاشگەزبوونهوەی دادگا و دەستوەردانی پەرلەمان؛ چارەنوسی کۆڕەک تیلیكۆم بەرەو کوێ؟
|
-
لە پاتریۆتەوە تا ماددەی ١٢١؛ دوای چۆڵکردنی بنکەکان کێ شوێنی ئەمریکا دەگرێتەوە؟
|
-
سوتەمەنی تەواو دەبێت و نرخەکان باری سەرشانی هاوڵاتیانی ئێرانیان قورس کردووە
|
-
له 2ی ئادارهوه زیاتر له چوار ههزار كهس له لوبنان كوژراون
|
-
تورکیا و ئیسرائیل: لە ململانێی هەژموونەوە بۆ لێواری ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی
|
-
پەیامە هاوتەریبەکانی ئەنقەرە و ئیمراڵی؛ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی پیلانگێڕییە
|
|
|
|