3   کاتژمێر پێش ئێستا 114 جار خوێنراوەتەوە

کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە

پرسی نرخی بەنزین و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراقدا. عومەر محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە لە کۆبوونەوەی لیژنەکەیاندا ئاراستەی گشتی بەرەو ئەوەبووە ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی کوردستان بڕیارە ڕادەستی عێراقی بکات، عێراق لە بەرامبەردا سووتەمەنی (بەنزین، نەوت و گاز) بە نرخی پاڵپشتیکراوی فیدراڵی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دابین بکات.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە کێشەیان نییە لە ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەدا، بە مەرجێک بەغدا بەنزین بە ٤٥٠ دینار بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی بەنزینە بە هاووڵاتییان بە هەمان نرخی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێم دوو پێشنیازی داوەتە بەغدا: یەکەمیان ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیلەکە و یەکخستنی نرخی بەنزینە، دووەمیشیان زیادکردنی رێژەی نەوتی خاوە لە ٥٠ هەزار بەرمیلەکەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر.

هاوکات، د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەغدا جەختی کردووەتەوە کە هەرێم ئامادەیە بەنزین بکاتە ٤٥٠ دینار، ئەگەر بەغدا تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەر بەرمیلێک ١٦ دۆلارە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە چارەسەرەکە بەپێی بنەما فیدراڵییە دەستوورییەکان بێت؛ بەو پێیەی پشکی هەرێمی کوردستان ١٤٪یە لە کۆی ئەو ملیۆن بەرمیلەی لە عێراقدا دەپاڵێورێت، واتە مافی هەرێمە ڕۆژانە ١٤٠ هەزار بەرمیل بەنزینی بۆ دابین بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (یەکگرتوو) وردەکاریی زیاتری خستووەتەڕوو کە دوو پێشنیازەکە پێشکەشی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق کراون؛ یەکەمیان داواکاریی سامانە سروشتییەکانە بۆ زیادکردنی بەرمیلی تەرخانکراو، دووەمیشیان پێشنیازی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ وەرگرتنی ٥٠ هەزار بەرمیلەکە و ناردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە لە ١ی ئەیلولەوە نرخی بەنزین بە شێوازێکی نوێ دادەنرێت و بە سامانە سروشتییەکان وتراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو نرخە پاڵپشتیکراوەدا دەکەن بەپێی داوای بەرمیلی زیادە.

بەپێی زانیارییەکان، هەردوو وەزارەت بە نووسراو پێشنیازەکانیان ئاڕاستەی لیژنەکە دەکەن، هەرچەندە پێشتر لە ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٦ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای ١٥ هەزار بەرمیلی تری بە نرخی پاڵپشتیکراو کردبوو بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەتیکردبۆوە.

لە هەنگاوێکی ناوخۆییدا، بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٦دا بە واژۆی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەرچووە و هەر لەو ڕۆژەشەوە کەوتووەتە جێبەجێکردنەوە، بڕیار دراوە بەنزینی بازرگانی بە نرخی ٧٥٠ دینار بۆ هر لیترێک دابین بکرێت و جیاوازیی نرخی بازارەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پاڵپشتی (سوبسید) بکرێت.

لە کۆتاییدا، بەرپرسان و چاودێران جەخت دەکەنەوە کە چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانی سووتەمەنی تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و ڕوون لەگەڵ بەغدا دەست پێ دەکات، کە تێیدا هەرێم نەوتەکەی ڕادەست بکات و بەغداش سووتەمەنی بە نرخ و بڕی دیاریکراو و بەردەوام بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

  • کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە

  • ژنە پاڵەوانەکانی کۆبانێ لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا؛ چارەنووسی ئەو هێزەی بەری بە داعش گرت

  • دادپەروەری لە مووچەدا؛ لەنێوان ئاستەنگی یاسایی وەزارەتی دارایی و داواکاریی فەرمانبەراندا

  • پاشگەزبوونه‌وەی دادگا و دەستوەردانی پەرلەمان؛ چارەنوسی کۆڕەک تیلیكۆم بەرەو کوێ؟

  • لە پاتریۆتەوە تا ماددەی ١٢١؛ دوای چۆڵکردنی بنکەکان کێ شوێنی ئەمریکا دەگرێتەوە؟

  • سوتەمەنی تەواو دەبێت و نرخەکان باری سەرشانی هاوڵاتیانی ئێرانیان قورس کردووە

  • له‌ 2ی ئاداره‌وه‌ زیاتر له‌ چوار هه‌زار كه‌س له‌ لوبنان كوژراون

  • تورکیا و ئیسرائیل: لە ململانێی هەژموونەوە بۆ لێواری ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی

  • پەیامە هاوتەریبەکانی ئەنقەرە و ئیمراڵی؛ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی پیلانگێڕییە

سەرەکی