كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له بودجه‌ی 2027؛ له نه‌وت و داهاتی گومرگییه‌وه تا ڕێژه‌ی پشكه‌كان
له كاتێكدا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 له قۆناغی یهكلاكهرهوهدان، به‌وته‌ى شاره‌زایه‌كى یاسایى دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جارێكی تر ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی نوێ و به‌ربه‌ستی قورس بووه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ڕه‌شنووسی بودجه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ڕه‌وانه‌ی لیژنه‌ی وه‌زاریی ئابووری كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ڕاجیایی و ناكۆكییه قوڵهكانهوه، تا ئێستا هیچ ماده‌یه‌كی كۆتایی له‌سه‌ر هه‌رێم نه‌نووسراوه و ته‌نها ژماره‌ی پشكه‌كان له خشته‌ی پاره تهرخانكردنهكاندا هاتوون، پێش ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یه‌كلایی ببنه‌وه و بخرێنه به‌رده‌م په‌رله‌مان.
به‌وته‌ى هاوڕێ تۆفیق یاسایی و ڕاوێژكارى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، گورزی یه‌كه‌می ئه‌م ناكۆكییانه له پرسی نهوتـدا خۆی ده‌بینێته‌وه؛ كه تێیدا به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌رێم پابه‌ند بكات به ڕاده‌ستكردنی ڕۆژانه چوارسه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ كۆمپانیای سۆمۆ، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه توانای به‌رهه‌مهێنانی ئێستای ته‌نها 260 هه‌زار به‌رمیله و 100هه‌زار به‌رمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆ به‌كاردێت.
به‌وته‌ى هاوڕێ تۆفیق، كێشه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر گومرگ و داهاتی نانه‌وتی سه‌ری هه‌ڵداوه؛ به‌هۆی جیاوازیی پۆلێنكردنی داهاتی نانه‌وتی له‌لایه‌ن عیراقه‌وه، پشكی هه‌رێم له‌و داهاته له په‌نجا له‌سه‌ده‌وه بۆ خوار بیست له‌سه‌ر سه‌د دابه‌زیوه، كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی قه‌یرانی قوڵ و كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی لێ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها پرسی پشكی گشتیی هه‌رێم له بودجه‌دا بووه‌ته مه‌یدانی ململانێ، چونكه پاش سه‌رژمێریی گشتی پشكه‌كه بۆ چوارده و چوار ده‌یه‌ك به‌رز بووه‌وه، به‌ڵام به بڕیاری حكوومه‌تی پێشووی سودانی و لابردنی ناوی ئاواره‌كان، جارێكی تر دابهزێنراوهتهوه بۆ دوانزه له‌سه‌د، كه هه‌رێم به توندی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه.
شاره‌زایان پێیان وایه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ئاڵۆزییانه و دووركه‌وتنه‌وه له موزایه‌ده‌ی سیاسیی ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان، باشترین ڕێگه‌چاره ئه‌وه‌یه كه كاربه‌ده‌ستێكی باڵای هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ دابنیشێت و كاغه‌زێكی چاره‌سه‌ری پێشكه‌ش بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ڕووی سیاسییه‌وه ئاووهه‌وایه‌كی ئارامتر له به‌غدا حوكم ده‌كات، به‌ڵام چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ورده‌كارییه‌كان به زمانێكی دپلۆماسی و ژیرانه، كلیلی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌م داواكارییانه ده‌بێت.