×

عادل عوسمان 26/11/2024 124 جار خوێنراوەتەوە

گەلی بەرخودێر خەونی داگیرکاری و فاشیزمی لە کەرکوک لەگۆڕنا

کەرکوک
دەڵێن کەرکوک بوەتە کێچ و کەوتوەتە کەوڵی فاشیزمی تورکەوە! ئاخر بۆ وایە. داگیرکەر هەرچی دەکات لە دژی گەلی کورد، ئەم گەلە بەدبەختە بێ ڕابەرەی باشوور! هەر لە خۆوە هەڵیدەوەشێنێتەوە.

دیموگرافی دەگۆڕن، داعش دێنن، هێزی تورکمان دروست دەکەن، قەیسەری دەسوتێنن و چاکی دەکەنەوە، مۆر و ئاڵای خۆیان بە بازاڕ و قەڵاکاندا هەڵدەواسن، عەرەبی هاوردە دێنن، زەوی گوندییە کوردەکان حەڵڵاڵ دەکەن و داگیری دەکەن، شیعە دێنن، فەلەستینی دێنن، لوبنانی و غەززاوی و غەزایی دێنن. هەڵبژاردن دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن سەنگی گۆڕانکارییە نەتەوەییە هێرشکارە داگیرکارییەکان بە کوێ گەیشتووە. هەموو جۆرە جڕوجانەوەرێک دێنن!

بەڵام کوردەی بەرخۆدێر، خاوەن زێد و ماڵ، تێکۆشەر و جەنگاوەر بەساتێک، بەڵێ تەنیا بەساتێک، هەرچی خەونی تۆرانی و تۆرانیزمەکانە هەڵیدەوەشێنێت. دەستورێکیان دروستکرد. ماوەیەکی کاتی ٣ساڵەیان بۆدانا و ناویان نا ناوچەی جێناکۆک! بەڵام بە مێشکی کورددا نەچوو، هەر ووتیان ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان.

پڕۆژەیەکیان بۆ دروستکرد بە ناوی پڕۆژەی بیکەر ـ هاملتۆن، بۆ ئەوەی ئەو بەرمیلە بارووتەی ناوچە کوردستانیەکانی پێ ڕاگرن و بووە بابەتی سات و سەودا و دەستێوەردان. تەنیا بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی خاکی کەرکوک و ناوە دێرینەکەی خۆی! بۆ ئەوەی دڵی فاشیزمەکەی تورکیای پێ ڕاگرن.

لەوێ ڕۆژەوە کار بۆ داگیرکردن و دابڕانی ناوچەکە دەکەن لە خاکی دایک کە کوردستانە. بەڵام گەلی بەرخۆدێر ئەو خەونەی زڕاند.

سەرژمێری بەشێکی پیلانی جێبەجێکردنی نەخشە داگیرکارییەکانی فاشیزمی تورک بوو. بەڵام کورد ئەو خەونەی زڕاند. هەربۆیە کێچ کەوتووەتە کەوڵی دەوڵەتە فاشستیەکەی تورکیا و دەڵێت “ئەگەر ئەنجامەکان گۆڕینی دیموگرافی بێت، قبوڵی ناکەین!” ههههه.

کەرکوک، تەنیا شارێک نییە، جوگرافیایەکی کوردستانییە. خاوەنی ڕۆڵێکی مێژووییە و بەرهەمی شەڕێکی ستراتیژییە، دەبێت کوردیش وەک کۆمەڵگە بەشداری ئەو شەڕە ستراتیژییە ببێت و بە هوشیارییەوە بۆ چارەسەری پرسەکانی دیموکراسی و نەتەوەی دیموکرات خاوەن دەرکەوتوو بێت.

خۆ نەسپێرێتە سیاسەتی ئیهمال و ڕۆژانە. سیاسەتی ستراتیژی نەتەوەی دیموکرات، خۆبەڕێوەبەری و تاکی ئازاد چارەسەری کێشەکانی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان و کۆتایی توندوتیژییە.

هەموو وتارەکانی عادل عوسمان

هەموو وتارەکانی عادل عوسمان

هەموو وتارەکانی عادل عوسمان

هەموو وتارەکانی عادل عوسمان

سەرەکی