سیامەند خەلیل 08/04/2025 1245 جار خوێنراوەتەوە

داتاکان یان داتەپینەکانی تەندروستی

بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستییەوە، ئەو بودجەیەی بەشێوەی ساڵانە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان تەرخاندەکرێت بەو ڕادەیە کەم نییە کە وەک ئێستا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسلێمانیدا پاشەکشەی کردووە، واتە داڕمانی کەرتی تەندروستی حکومی لەم شارەدا کەپێشتر باشترینی عیراق بوو هۆکارەکەی تەنها بۆ کەمی بودجە ناگەڕێتەوە، بەڵگەشمان ئەوەیە، ساڵانە بەنزیکەیی هەمان خەرجی بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێت بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ئاستی خزمەتگوزارییەکانیان کەمتردەبێتەوە.

لە دوای روخانی رژێمی پێشو،کوالتی کەرتی تەندروستی حکومی لە سلێمانیدا هەرگیز بەم چەشنەی ئێستا دانەبەزیووە.

بڵاوکردنەوەی پەیتا پەیتای ئامارەکانی سەردانی نەخۆش بەم چەشنەی ئێستا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ونەخۆشخانە حکومییەکانەوە کە وەک دەستکەوت و هێمای دڵسۆزی بەگوێی هاوڵاتیاندا دەدرێت، هەر خودی ئەو ئامارانە ئەگەر لێکدانەوەی زانستیان بۆ ئەنجامبدریت ئەوا پێویستی بۆ لێپێچینەوە و لەسەرکارلابردنی بەرپرسانی تەندروستی ئەم شارە دوپاتدەکەنەوە.

بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیاری بێ سوود لە بارەی نەخۆشخانە حکومییەکان، جگە لەوەی خۆلادانە لە بڵاوکردنەوەی ئاماری گرنگ و پێویست کە دەیسەلمێنن کەرتی تەندروستی لەخراپترین ئاستیدایە هاوکات ئەو ئامارانەی لە ساڵنامە و بۆنەکاندا  بەشانازییەوە لەبارەی ژمارەی سەردانی و پشکنینە تاقیگەییەکان بڵاودەکرێنەوە بۆ دوو مەبەستە.

یەکەمیان، شاردنەوەی ئەو راستییەی کە کەمتر لە سەدا 10 ی دانیشتوان لە خزمەتگوزاری تەندروستی حکومی سوودمەندن و لەسەدا 90 ی هاوڵاتیان لانی کەم لە قۆناغێکیدەستنیشانکردن و چاودیری و چارەسەردا پێویستیان بە کەرتی ئەهلی دەبێت.

دووەمیان بڵاوکردنەوەی داتاکانی تەندروستی بۆ لادانی چاوە لەسەر ئەو خەرجییە زۆر وناپێویستانەی کە بۆ مەرامی قازانج ئەنجامدەدرێن و کەمترین سوود بە هاوڵاتی دەگەیەنن، لەو بارەیەوە بەپێی توێژینەوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمتر لەسەدا 10 لە کۆی خەرجییەکانی تەندروستی دەگاتە دەستی هاوڵاتی و لەسەدا 90 ی قازانجە.

ریفۆرم لە سیستمە کۆنەکەی تەندروستی ودابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان کارێکی باشە، ئەمما لەوە باشتر سنوردارکردنی هەموو ئەو بەرژەوەندیانەیە کە لەلایەن کەسانی خاوەنبڕیاری نێو ئەمسێکتەرەوە دەکرێتە هۆکاری پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان.

لە ئێستادا هیچ بەڵگەنامەیەکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نایسەلمێنێت کە سلێمانی باشترین شاری عیراق بێت لە رووی خزمەتگوزاری تەندروستی حکومییەوە، لەوەش زیاتر زۆربەی شارەکانی عیراق لەم کەرتەدا لە خراپەوە بەرەو باشتر دەچن تەنها لێرە هاوکێشەکە پێچەوانەیە و سلێمانی لە کەرتی تەندروستی حکومیدا ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەگەڕێتەوە، لەوەش زیاتر ئەگەر پزیشکێک یان کارمەندێک تێبینی و رەخنەیەکی دڵسۆزانە لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستیبگرێت مەگەر خوا خۆی بزانێت چۆن بە نەفەسێکی هەواڵگری نامۆ بەم شارە، دژایەتی دەکرێتەوە.

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی