سیامەند خەلیل 29/01/2026 651 جار خوێنراوەتەوە

گەلی مەزڵووم

لە هەمووان زیاتر، باشوریەکان بوونەتە خەمخۆری رۆژئاوا، خۆپیشاندانەکان و چالاکییە جەماوەرییەکان، پرسێکی هەروا ئاسان نییە، عەشقی میللەتێکە بۆ یەکگرتوویی و گەڕانی گەلی کوردستانی باشورە بەدوای سەرکردایەتییەکی سیاسی کە ئامادەبێت پەیمانی راستەقیینە لە نێوان خۆی و میللەتدا دروستبکاتەوە. 

کورد لە باشور، ساڵانێکە گیرۆدەی نائومێدییەکی درێژخایەن بووەتەوە، هەستی جەماوەریی تێکشکاوە و  هەستی بەزین بەسەر بیرکردنەوەی گشتییدا زاڵبووە. پشتیوانی لە رۆژئاوا بەشدارییەکی کوردانەیە لە پڕۆسەیەکی سیاسیدا، کە ئومێدوایە کاریگەری هەبێت، بەپێچەوانەی ناکارایی رای گشتی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمدا. ئەم ئامادەگییە بەکۆمەڵەی خەڵک، چەندە بۆ پشتیوانی کوردانی رۆژئاوایە، بەهەمان هێندە، دەربازبوونە لە چەقبەستنی جەماوەریی لەنێو کێشە سیاسییەکانی هەرێمدا، ئەو کێشانەی کە جەماوەر بە بێمانای دەبینێت و پێیوایە تەنها ململانێی حزبەکان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانە.  

 ساڵانێکە و بۆ یەکەمجار خەڵک بەدەر لە ململانێی عەشیرەت و حزب و کێبڕکێی پۆست و بەرژەوەندی، هۆکارێکی راستەقینەی بەدەستخستووە، تا بێتە سەرشەقام و هاواربکات. ساڵانێکە و بۆیەکەمین جارە، خۆپیشاندان گڕوتینی هەیە، دەنگۆی دەستی دەرەکی لەئارادانییە و هەمووان دەتوانن لە ڕوانگەی خۆیانەوە بێ ترس بەشداریی بکەن.

لە باشوری کوردستان، کورد.. زیاتر لە ترامپ و تورکیا و ئێران لە سەرکردەکانی خۆی نائومێدبووە، لە پەیامی بێ ناوەرۆک نیگەرانبووە. سیاسییەکانی ئێرە، دەمێک ساڵە، چێژ بە ڕۆمانی نیشتمان نادەنەوە، سەرگوزەشتەیەکی جیاواز نانوسنەوە،  لەبەرئەوە هەمووان بۆ رۆژئاوا دەڕوانن، نیگای جەماوەرەی باشور، لە سەردەمی راپەڕینەوە سەرچاوەی گرتووە، وە بەتاسەوە چاودێری کردار و گوفتاری (مەزڵومی رۆژئاوا) دەکات، بەڵکو چیرۆکێکی جیاواز لەوەی ئێرە، بنوسێتەوە.

(مەزڵووم)، تەنها ناوی یەکێک لە سەرکردەکان نییە، بۆ باشورییەکان هەواڵێکی سادە و ساکار نییە، هەرخۆی لە مانای وشەدا، خەمی چەندین ساڵەی میللەتی هەڵگرتووە، پەیامێکی ملیۆنەهای کوردە کە بووەتە هێمای وەستانەوەی ستەملێکراو لەبەرامبەر ستەمکاردا.

ئێستا ئیتر (مەزڵووم) دارووی توڕەیی میللەتێکە لە ناڕەزایەتییەکی گوزارشت لێ نەکراودا، گەروویەکی کوردانەیە بە گوێی دونیادا هاواردەکات و دەڵێت: منیش وەک گەلانی دونیا سەرکردەم هەیە و میللەتی خۆی بۆ پلە و پایە ناگۆڕێتەوە. دەنگێکی کوردەوارییە و لە شەقامەکانی واشنتۆن و لەندەن و پاریس، ئاوازی بەرخۆدان دەڵێتەوە، کوردی باشور بە خۆپیشاندان و کۆمەک و چەندین شێوەیە دەیەوێت بڵێت: پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی و جەماوەر پەیوەندییەکی تاک لایەنە نییە، ئەوەتا سەرکردەکانی کورد، وەک پەروانە لە نێو تۆپ و ئاگری دوژمندا بۆ نیشتمان دەسوتێن.

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی