سیامەند خەلیل 18/02/2026 637 جار خوێنراوەتەوە

نیازی تاریک، بەڵام لە روناکی مۆبایلدا

چەندە جوانن ئەو دەنگ و رەنگانەی بێ مەرام و بێ پڕۆژەی شاراوە، لە ویژدانێکی زیندووەوە سەرچاوەیانگرتووە. زۆرن ئەو کەسانەی خۆبەخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاوە، رەخنەدەگرن، پێشنیاردەکەن و بەشێوازی جیاجیا، گوزارشت لە خەمەکانی کۆمەڵگەدەکەن، ئەوانە بەشێکن لە پەیامی پاک و بێ تاوان، ئاکتێکی خۆرسکی دوور لە پیلانگێڕین، بەشێکن لە تینویەتی ئینسان بۆ  دەربڕینی راستییەکان. 

لەوان زۆرتر، ئەو تەوژمی دەنگ و رەنگەیە کە شاشەی مۆبایلەکانمانی پڕکردووە لە  نیازپاکی ، چەندین پاڵەوان لە سۆشیالمیدیای ئێمەدا دەرکەوتوون کە لە ئەرزی واقعدا بوونیان نییە، تەنها مرۆڤگەلێکن لە دنیا راستەقینەکەدا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەوتوون، کاتێک بڵاوکراوەکانیان دەبینین چاکەخوازییان کردووەتە کاڵایەکی بانگەشە و بەدرێژایی رۆژانی ساڵ بە خوێنەر و بینەری دەبەخشنەوە.

لە نێوان دەنگی راستگۆی جوان و خۆنواندنی خەوشدار، بەرژەوەندی گشتی بووەتە بەرپەردەیەک لە ژێریدا، چەندین بەرژەوەندیی تایبەت حەشاردراوە. بەم شێوەیە، سەرەڕای کەناڵەکان، سۆشیالمیدیا و رووبەری شاشەی هەر ئامێرێک دەکەیتەوە، بە پەیامی ساختە، سواخدراوە.

کۆمەڵگەی کوردەواری، ئەگەرچی هەندێک شێواوە، بەڵام بە کەمێک تیژبینی دەتوانێت ئەو بڵاوکراوانە بناسێتەوە کە لە ناوەرۆکی (ڕەوشتی جوان و بیری جوان و رۆحی پاک)ەوە سەرچاوەدەگرن، ئەوەش کە بەڕاستی بەهادار نەبێت، ئەوا هەرچەندێک ماکیاج بکات، هێشتا لە توانایدا نییە سنوری چاوەکان تێپەڕێنێت و ببێتە مایەی باوەڕی کۆمەڵگە. 

بەشی زۆری ئەوانەی بە گرنگییەوە رۆژانە چالاکییە بەناو مەزنەکانیان بڵاودەکەنەوە، تەنها بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی و ناوبانگ و پلە و پۆست و کۆکردنەوەی دارودەستە کەوتوون. جوانییەکی ساختە پێشکەشدەکەن کە جگە لە شکڵ و شێوە، هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگەریی و کردەوەی راستەقینەیان لە پشتەوە نییە، ئەوانە بەشێکن لەو قەرەباڵغیەی رۆژ لە دوای رۆژ کۆمەڵگە نائومێد دەکەن، بەوکارەیان داهێنان و بیروڕای بونیادنەر لەناودەبەن، ئەوانە نیازی تاریکن، بەڵام لەناو روناکی مۆبایلدا بەدیاردەکەون.  

 وەک هیگڵ گوزارشتی لێدەکات بۆ ئەوەی شتێک جوان و بەهاداربێت، پێویستە بیرێکی عەقلانی لەخۆبگرێت و دەرکەوتنەکەی لەسەر دڵ و دەروون  ئاسانبێت و لە ناوەرۆکیدا نیازمەندیەکی پاکی هەبێت. لەم گۆشەنیگایەوە پێش باوەڕهێنان بەهەر بڵاوکراوەیەک، سێ پرسیاری لەبارەوە بکەین:

(چەندە راستی لەخۆدەگرێت؟  سوودی بڵاوکراوەکە بۆ خۆدەرخستن و بەرزکردنەوەی پێگەیە یان بەرژەوەندی گشتی؟ هەڵسوکەوتی ئێستا و رابردووی خاوەنەکەی لە دەرەوەی سۆشیالمیدیا چۆنە؟). هەر بڵاوکراوەیەک لەم سێ پرسیارەدا ئەنجامی قبوڵکراوی نەبێت، ئەوا هیچ نییە جگە لە خۆدەرخستن لە سەر حسابی شێواندنی ژینگەی کۆمەڵایەتی. 

ئەم تێگەیشتنە، توانایەکی جیاکردنەوەی باشمان دەداتێ بۆ ناسینەوەی دەنگی راستەقینە لەنێو ئەو قەرەباڵغیە هێجگار زۆرەی دروستبووە، توانامان دەداتێ لەنێو سەدان بڵاوکراوەی رۆژانەدا، خەمخۆرییە  راستەقینەکان بدۆزینەوە،  لەنێو هەزاران پەیامی فەیکی دڵسۆزیی و چاکەخوازییدا پەیامە راستگۆکان دەستنیشانبکەین، لەنێو هەموو ئەو چالاکییە زۆر و بۆرەدا، بەرژەوەندی گشتی بناسینەوە، نیشتمانپەروەر و خاوەن پەیامی ئینسانی لە بەرژەوەندی خوازان جیابکەینەوە.

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی