خالید قادر
03/03/2026
163 جار خوێنراوەتەوە
بڵقەکە تەقی: نەخشەیەکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، لەبەردەم پێشهاتی چاوەڕواننەکراو و وەرچەرخانی گەورە و خێرادایە؛ ناوچەکە وەک مەنجەڵێکی بوخار دەکوڵێت و بەرەو تەقینەوە و گرژیی زیاتر دەچێت. ئەو بڵقەی کە ساڵانێکی زۆر بوو بە جەستەی ناوچەکەوە هەڵتۆقیبوو، دواجار تەقی؛ تەقینێک کە کاریگەرییەکانی خێرا دەبن و گۆڕانکارییەکانی لە دەرەوەی یاسا، رێسا و پێشبینییە سیاسییەکانەوەن.
ئەو هێرشە چڕ و فراوانەی ئێستا دەکرێتە سەر ئێران، لە مێژوودا وێنەی کەم بووە؛ هیچ وڵاتێک بەو شێوە توندە و بەو تەکنەلۆژیا زیرەک و پێشکەوتووە، هێرشی فراوانی نەکراوەتە سەر. ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت، لە یەک ساتدا زیاتر لە دووسەد فڕۆکەی ئیسرائیل و سەدان فڕۆکە و موشەکی وێرانکەری ئەمریکا، دامەزراوە سیاسی و دەوڵەتییەکان، تەنانەت سەر زەوی و بن زەوی ئێران هەڵدەتەکێنن، شتێکی تەواو جیاوازە.
ئەم هێرشانە، ئەگەر بەشێکی بەرەنجامی رێکنەکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران و رقێکی قووڵی پەنگخواردووی ئیسرائیل بێت، بەرامبەر جەمسەری ئێران و هەژموونی جەمسەری هیلالی شیعی لە ناوچەکەدا، کە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە بەرەو پەرەسەندن چوو، ئەوا بەشێکی تری سەرەتای دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکەدا، کە گۆڕانکاریی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، روودانەکەش تەنها گۆڕینی نەخشە نییە، بەڵکو دەستپێکی رێکخستنەوەی ئەو سیستەمە جیهانییەیە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی ساردەوە سەقامگیر ببوو، بەڵام ئێستا جیاواز لە هەموو کاتێک، خەریکە لە ناوەوە خۆی دەخواتەوە.
ئامادەکارییە جەنگییەکانی ئەوروپا، شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، کێشەکانی چین و تایوان، دۆخی کۆریای باشوور و باکوور، جەمسەرەکانی (چین، رووسیا، ئێران)، داڕمانی سیستەمی ئابووریی جیهانی، گۆڕانی شێوازی جەنگ بۆ تەکنەلۆژیای زیرەک و پەرەسەندنی موشەکی کیشوەربڕ و ئەتۆمی؛ گۆڕانکارییان لەم سەردەمەدا کردووەتە شتێکی حەتمی و هەر دەبێت روو بدات.
سەبارەت بە ئێستای ئێرانیش، کوژرانی عەلی خامنەیی و زیاتر لە ٥٠ فەرماندە و سەرکردەی باڵای ئێران، کە زۆربەیان لە یەکەم ساتی هێرشەکاندا کرانە ئامانج، تەنها دووبارەکردنەوەی سیناریۆی (شەڕی دوانزە رۆژە) نییە؛ بەڵکو سەرەتای داڕمانی ئەو سیستەمەیە کە چەندین دەیەیە ئەم ناوچەیەی لەسەر کەڵەکەبەرد راگرتووە.
ئەگەرچی ئێستا شەڕەکە گەیشتووەتە توندترین ئاست و ئاگر بەسەر بەشێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبارێت، بەڵام دواجار پێناچێت تەمەنی ئەم جەنگە درێژ بێت؛ گریمانە دەکرێت لە چەند هەفتەیەک یان کەمتردا بوەستێت، جا چ بە رووخانی رژێمی ئێران بێت، یان بە تەسلیمبوونێکی حەتمی. چونکە بە هیچ شێوەیەک وەستانەکەی بەواتای گەڕانەوە بۆ پێشوو نییە؛ ئەوەی روونە، کاریگەرییە ستراتیژییەکانی بە شێوەی تر بەردەوام دەبن، رێک وەک ئەوەی (گالانت) وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستێکدا وتی: هەفتەکانی داهاتوو وێنەی دەیەکانی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشن.
ئێستا دەبینین کە ئێران لە دواین هەوڵەکانیدا، نەک هەر ئیسرائیل، بەڵکو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، ئەردەن، عێراق، هەرێمی کوردستان و تەنانەت قوبرسیش کردووەتە ئامانج. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە جیهان چیتر ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦.
لەگەڵ هەموو ئەم مەترسییانەدا، بۆ گەلی کوردی بێدەوڵەت، ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە دەرفەت و کاتێکی مێژوویی؛ دەکرێت وەک دەرفەتی سەدە سەیر بکرێت. چونکە ئەو (کەڵەکەبەردینەی) ناوچەکەی راگرتبوو، ئێستا درزەکانی گەورە بوون و لەبەردەم داڕمان یان قۆناغ و دیزاینکردنەوەیەکی نوێدایە.
ئەگەر هاوکێشەکەی ناوچەکەش روونتر بکەینەوە، دەبینین ئێستا چاوەکان لەسەر ناوخۆی ئێرانن؛ ئایا خەڵک دەتوانێت ئەم دەرفەتە بۆ رووخاندنی رژێم بقۆزێتەوە؟ هەرچەندە ئەم گریمانەیە بەهێزە، بەڵام بەهۆی سروشتی مەزهەبیی دەسەڵات و پەنابردنی بۆ رەشەکوژی، ئەستەمە بەبێ هاوکاریی دەرەکی بێتە دی. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، دەسەڵاتی تاران زوو یان درەنگ بەرگەی ئەم دۆخی ناهاوسەنگە ناگرێت و لە ناوخۆی دەسەڵاتی دوای خامنەییدا، لەبەردەم داڕمانی یەکجارەکیدایە.
عێراق بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت خۆی لەژێر هەژموونی شیعە و حەشدی شەعبی رزگار بکات. وڵاتێک لەبەردەم داڕمانی دارایی دایە؛ تەنها ماوەیەک ئەمریکا دۆلاری نەوتەکەی لێ ببڕێت، نرخی دینار لە بازاڕدا بێقیمەت دەبێت! لەولاشەوە بردنی رەغدەی کچی سەدام بۆ لای جۆلانی و خەونی بەشێک لە سوننەکان بۆ دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی هاوشێوەی داعش، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی پێشتری بەریتانیا کە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی سەردانی ناوچە سوننەنشینەکان نەکەن، ئاماژەن کە عێراق لەبەردەم ئایندەیەکی لەرزۆکدایە.
تورکیا وەک دوژمنی سەرەکیی کوردان، سەرباری ئەوەی بە رووکەش گۆڕانکارییەکان بە بەرژەوەندیی ئەو دەبینرێن، چونکە لە لایەک سووریای تەواو دەستەمۆی خۆی کردووە و زیاتر لە سەد بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە (گەورەترینیان لە بەعشیقەی نزیک موسڵە)، هێشتا خەون بە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ و کەرکوک دەبینێت و لەدوای هێرشەکەی سەر (رۆژئاوای کوردستان)یش بە ئاشکرا دەڵێن نۆرەی عێراق دێت! لەولاشەوە تورکیا بە خەونی سوڵتانی عوسمانییەوە، بە (ژیریی دەستکرد) ڤیدیۆی گرتنی (قودس) بەدەستی ئەردۆگان بڵاو دەکاتەوە! چاوێکیشی لەسەر ئازەربایجانی ئێرانە! بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەنجامی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی ئەودا نابێت، ئایندەی ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر کۆشکە هەزار و سەد ژوورییەکەی ئەردۆگاندا قوڵپ دەبێتەوە! چونکە ئەو باهۆزە ئەوەندە گەورەیە ئەو خەونە ئیمپریالیستییانەش لە قاڵب دەداتەوە.
سووریای نوێش، کە تەنها کۆمەڵێک گرووپی چەکداریی دەستەمۆکراوی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانە، وەک کارەکتەرێکی لاواز و بۆ قبووڵکردنی گۆڕانکارییەکان دانراوە.
بەڵام جێگەی داخە کە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە داینەمۆی پرسی کوردە لەم قۆناغەدا، لێکترازاو، بێ پلان و بێباکە. دەبێت دانی پێدا بنێین؛ کاتێک ژێرخانی هەرێم تەنها بە درۆنێک لە (کۆرمۆر) یان ئیمزای وەزیرێکی بەغدا پەک بکەوێت، ماناکەی ئەوەیە ئێمە هێشتا بۆ ئەم نەخشە نوێیە ئامادە نین.
ئەوەتا دەبینین هێشتا پەرلەمان پەکخراو، حکومەتی نوێ پێک نەهێنراو، و ململانێی حیزبی بۆ کورسییەکی بەغدا گەیشتووەتە ئاستێکی بنبەست، پۆستی (سوپاسالاری عێراق) لە پشکی کورد زەوت دەکرێت و دەدرێتە عەرەبێک و بێدەنگی لێ دەکرێت! هیچ پلانێکی نەتەوەیی بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان نییە، ئەمەش دۆخی کورد لەم قۆناغەدا دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە
.
لە راستییدا ئەمڕۆ کوردستان تەنها لەبەردەم هەڕەشەی درۆن و موشەکدا نییە، بەڵکو لەبەردەم تاقیکردنەوە و دەرفەتێکی مێژووییدایە، کە پێویستی بە یەکڕیزی و گوتارێکی کوردیی هاوبەش هەیە. چونکە سەرباری هەموو ئەو مەترسییانە، هێشتا دەرفەت هەیە کورد هەنگاوی پێویست بنێت؛ رێکخستنەوەی دامەزراوە یاسایی، دەوڵەتی و سەربازییەکان، تەنها کەمێک روحی نیشتمانییانە و کەمێک سازشی لایەنەکانی دەوێت، گرنگترین هەنگاویش لەم ساتەدا، یەکێتیی نەتەوەیی و باوەشکردنەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) و داڕشتنی نەخشەڕێگای کورد بۆ ئایندە.
تەقینی بڵقەکانی جەمسەرەکانی ناوچەکە، واقیعێکی کوردیی نوێ دەسەپێنێت کە تێیدا مەترسی و دەرفەت تێکەڵن، بۆیە کورد لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان دەبێت بە یەکڕیزی و پلانی نەتەوەیی ببێتە کارەکتەرێکی سەرەکی لەم نەخشە نوێیەی کە چەند دەیەی داهاتوو دیاری دەکات، یان دووبارە دەبێتەوە قوربانی گۆرانکارییەکان.
|