3 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
عێراق لێخۆشبوون بۆ رۆژنامەنوسان دەردەكات؛ حكومەتی هەرێمیش بێ بەڵگە رۆژنامەنوسانی كردووەتە كونجی زیندان
ناوەندی هەواڵ
لە یەكەم داواكارییان لە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی نوێ، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای كشاندنەوەی سەرجەم ئەو سكاڵا یاساییانەیان كردووە كە لەلایەن دامەزراوە حكومییەكانەوە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆماركراون.لە هەرێمی كوردستانیش سەرەڕای ناڕەزایی ناوخۆ و دەرەوە، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە رۆژنامەنوسێك ئازاد بكات كە دۆخی تەندروستی جێگیر نییە و نۆ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی ڕایگەیاند، وەك یەكەمین داواكاری پێشكەشیان بە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی نوێ كردووە، داوای كشاندنەوەی سەرجەم ئەو سكاڵا یاساییانەیان كردووە كە لەلایەن دامەزراوە حكومییەكانەوە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆماركراون.
ئەم هەنگاوە وەك بەشێك لە ستراتیژی حكومەتی نوێ بۆ چاكسازی لە دەسەڵاتی چوارەم و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارام بۆ كاری ڕۆژنامەگەری لە عێراقدا لێكدەدرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە هەرێمی كوردستان ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كە لە كۆتایی ساڵی 2019 ەوە دەستگیركراوە و لە 2021 ەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، بۆ نۆیەمین ڕۆژی لەسەریەك لەناو زیندانی چاكسازی گەورانی هەولێر بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن.
تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"
پرسی زیندانیانی بادینان كە پەیوەستە بە ژمارەیەك رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی ناوچەی بادینان كە لە ساڵی 2020 و دواتر بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" دەستگیر و سزادران، دۆسیەیەكی مشتومڕاوییە.
ئەم دۆسیەیە ناڕەزایی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كونسوڵخانەكانی بیانی بەدوای خۆیدا هێنا و چاودێرییان دەكرد، ئەم دۆسیەیە یەكێكە لە دیارترین ئەو پرسە یاسایی-سیاسییانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی شەرمەزار كردووە و ناتوانێت لەژێر باری دەرچێت.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدواهەمین وەڵامدانەوەیدا سەبارەت بە دەستگیركردن و ئەو تومەتانەی ئاڕاستەی شیروان شێروانی كراون، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، شێروان شێروانی تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوە.

حکومەتی هەرێم نە ئەو تۆمەتانەی سەلماندووە و نە رۆژنامەنوسەكەشی ئازادكردووە
بەڵام بۆ زانیاریی خوێنەران ماددەی 156 لە یاسای ژمارە 111 ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو كەسانەی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەرێگەی بەكارهێنانی چەكەوە، دەچنە ناو حزب یان گروپێكەوە بە هاوكاری بێگانە.
هاوكات كۆمیتەی بەرگری لەمافەكانی مرۆڤ لە نیویۆرك دەڵێن پێویستە دەسەڵاتدارانی كوردی عێراق هەر تۆمەتێك لەسەر ڕۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی ئاشكرا بكەن یان دەستبەجێ ئازادی بكەن. بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم نە ئەو تۆمەتانەی سەلماندووە و نە رۆژنامەنوسەكەشی ئازادكردووە، بەم داواكارییەی كۆمیتەی بەرگریی لە مافەكانی مرۆڤ لە نیویۆرك دەردەكەوێت زۆربەی وەڵامەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان قایلكەر نین بۆ رای گشتی ناوخۆو نێودەوڵەتیی.
"رێكخەری سەنتەری میترۆ هەواڵی تری لایە
رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ نوسیویەتی: بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵ لەسەر هەواڵی ناخۆشم پێگەیشتوزوە، شێروان شێروانی بارودۆخی مانگرتنەكەی پێی ناوەتە قۆناغێك كە ترسمان لەسەر ژیانی هەیە، رۆژنامەنووس و چالاكوان سەباح ئەتروشی ئەوە زیاتر لە سێ هەفتەیە لە سجنی ئاسایشی دهۆك دەستبەسەرە چونكە نیازی خۆپیشاندانی هەبووە لەسەر نرخی كارەبا. ئەمانە هەواڵ بەئازارن و ئەم كەیسەیشی هاتۆتە سەر هیوادارم زوو چارەنوسی بزانین.
دەشڵێت: جوتیار رەسوڵ پێشتر بەمەبەستی گەشتێكی خێزانی، مۆڵەتی لە دەزگاكەی وەرگرتووە، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بێسەروشێنە و كەسوكار و هاوكارەكانی هیچ لەبارەی چارەنووسی نازانن.
لقی رانیەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لە پەیجی رەسمی خۆی هیچ راگەینراوێكی فەرمی بڵاونەكردۆتەوە، هێزە ئەمنییەكان هیچ زانییارییەكیان لە بارەی ئەم كەیسەوە بڵاونەكردۆتەوە. رەحمان غەریب وا دەڵێت.
رەحمان غەریب دەپرسێت، "ئایا راستە 24 سەعات هاوڵاتییەك دیار نەبێت هیچ شوێنێكی رەسمی پێمان نەڵێت چی كردوە تا لانیكەم دایكی بزانێت لە سجنەكانتان نییە، یان لە سجنەكانتانەوە و بە خێزانەكەی بڵێن بەكام تۆمەت ؟
-
عێراق لێخۆشبوون بۆ رۆژنامەنوسان دەردەكات؛ حكومەتی هەرێمیش بێ بەڵگە رۆژنامەنوسانی كردووەتە كونجی زیندان
|
-
سێ قۆناغ؛ وردەكاری پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كە ئەمریكا ڕەتیكردەوە
|
-
با پێكەوە ئەم گرێیە بكەینەوە؛ هۆکاری پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟
|
-
حكومەت بە ترسەوە هەنگاو دەنێت؛ دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هۆشداری دەدات
|
-
بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران وەزیری بەرگریی ئەمریكا بانگهێشتی كۆنگرێس دەكرێت
|
-
ئەمریكا لەسەر ئاستی نێردە پشتیوانی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق ڕاگەیاند
|
-
دوای دوو ئیدارەیی و شكستی دامەزراوەکان؛ لە هەرێمی كوردستان چی ماوەتەوە؟
|
-
ترەمپ ناڕازییە لە پێشنیارەكەی ئێران؛ چەند رۆژێكی یەكلاكەرەوە بۆ دانوستان
|
-
عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت؛تاقیكردنەوەی ناوخۆ و دەرەوە
|
|
|
|