سیامەند خەلیل 28/03/2026 1001 جار خوێنراوەتەوە

کێ کەرتی تەندروستی رزگاردەکات؟

باس لە کەرتی تەندروستی، باسکردنە لە هێڵی سووری ژیانی هاوڵاتیان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە دامەزراوەی تەندروستی گشتییدا دەیبینین، تەنها کاریگەری قەیرانی دارایی نییە، بەڵکو گیانسپاردنی بەڕێوەبردنێکی زانستییە لەم سێکتەرەدا، کۆتایی هاتنی خەونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دادپەروەرییە بە هاوڵاتیان. ئایا بەڕاستی تەنها (نەبوونی بودجە) ئەم دۆخەی خوڵقاندووە؟ یان بێتوانایی و خەمساردی و پەکخستن؟

قەیرانی بەڕێوەبردن، تەورێک لە جەستەی ژێرخان:

ژێرخانی تەندروستی تەنها باڵەخانە و ئامێر نییە، بەڵکو سیستمێکی گشتگیرە، ساڵانێکە رەخنە دەگیرێت، گوایە سیستمی تەندروستی کۆنە و بەکەڵکی ئێستا نایەت، بەڵێ کێشەی زۆری تێدابوو بەڵام کاری دەکرد، ئێستا  خەریکە سیستمەکە لەکاردەکەوێت. 

کاتێک قەیرانی بەڕێوەبردن ژێرخانی تەندروستی هەڵدەوەشێنێت، بێگومان قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە رێگردەبێت لە قەرەبووکردنەوە و بنیادنانەوەی ژێرخانەکە. 

لە کەرتی تەندروستیدا، بەرژەوەندی تاک بەسەر بەرژەوەندی گشتی زاڵبووە، بەرژەوەندی کەرتی گشتی بەسەر بەرژەوەندی کەرتی حکومی زاڵبووە، بێگومان چاوەڕێی لێبڕاوی و چاکسازی لە کەسانێک ناکرێت کە سوود لەو دۆخە دەبینن.

هەڵاتنی هێزی کار:

لە ناو کەرتی تەندروستی حکومیدا، نەشیاوی ژینگەی کارکردن و نەبوونی دادپەروەری، کێشەی جددین کە لەپاڵ قەیرانی مووچەدا، فشاری دەرونی بۆ پزیشک و کارمەندان دروستدەکەن. پڕکردنەوەی پۆستە کارگێڕییەکان بە کەسانی بێ توانا بەڵام خاوەنبەرژەوەندی و نزیک لە کۆمپانیاکان ژینگەکە بەچەشنێک دەشێوێنێت کە هەمووان هەوڵبدەن لە کەرتی تایبەتدا ژیان و ئاییندەی خۆیان بدۆزنەوە،  دەرئەنجامەکەش دیارە:  ماندویەتی پزیشك و کارمەند، کەمی کات بۆ نەخۆش، نزمبوونەوەی کوالتی نەخۆشخانە حکومییەکانی لێکەوتووەتەوە.

وەهمی لێوەشاوەیی لە قەرەباڵغیدا:

هەندێک لە بەڕێوبەر و پزیشک و کارمەندان، قەرەباڵغی خنکێنەری ناو نەخۆشخانە حکومییەکان وەک (شانازی و لێوەشاوەیی) لێکدەدەنەوە، لە زانستی بەڕێوەبردنی تەندروستیدا، قەرەباڵغی نیشانەی (شکەستە) نەوەک بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو، چونکە بە واتای نەبوونی پلان و نەبوونی دابەشکاریی دروستی نەخۆش و ئەرکەکانە، سەرئەنجام خاوبوونەوەی خزمەتگوزارییەکانی لێدەکەوێتەوە. ئەم قەرەباڵغییە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو ژینگەیەکی لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاتر و زیاترکردنی ئازاری هاوڵاتیان.

باجی فەرامۆشی:

ئەگەر قەیرانی دارایی بوبێتە هۆی کەمی دەرمان و پێداویستی، ئەوە قەیرانی بەڕێوەبردنە کە وادەکات هاوڵاتی متمانەی بە کەرتی گشتی نەمێنێت، کە پارەشی پێ نییە بچێتە کەرتی تایبەت، ئەوا یان دەبێت کارگێڕییەکە چاکبکرێت یان دەبێت چاوەڕێی بین رۆژێک لە رۆژانە (کەرتی تەندروستی گشتی) ببێتە (کارەساتی تەندوستی گشتی).

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی