سیامەند خەلیل
23/05/2026
1207 جار خوێنراوەتەوە
نەخۆشی نموونەیی. پزیشکی نموونەیی
بۆ وەرگرتنی رای زیاتر سەردانی پزیشكی دووەمم کرد، کاتێک پێمگوت: پزیشکی یەکەم لەبەر قەرەباڵغی دەرفەتی نەبووە هەموو چارەسەرەکانم بۆ بکات. نیگەرانیم لە چاوەکانی پزیشکی دووەمدا بینی، خوا هەڵناگرێت بە دڵسۆزی رای زانستی خۆی پێشکەشکردم بەڵام چەند جارێک دوپاتی کردەوە کە ئەمیش سەرقاڵە و نەخۆشی زۆرە، جیاوازیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕاندنەوە کە وادەی سەردانی نەخۆشەکانی بەشێوەیەکی رێکخراو دابەشکردووە تا قەرەباڵغی لە کلینیکەکەی دروستنەبێت و کاتی باش بە نەخۆشەکانی بدات.
دیداری ئەم پزیشکە، سەرنجی راکێشام بۆ خاڵێکی گرنگ، چونکە هەوڵی دەدا، چۆڵی کلینیکەکەی و پێشوازیکردنم بەبێ چاوەڕوانییەکی ئەوتۆ، وەک لاوازی زانستی لێک نەدرێتەوە. هەڵسەنگاندنی تواناکانی پزیشك لەسەر چاوەڕوانی، کەلتورێکی خراپە و لە هەڵکشاندایە.
قەرەباڵغی بەردەم کلینیکەکان بووەتە پێوەری ناوبانگ و لێهاتوویی پزیشک و نەخۆشخانەکان، ئەگەرچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەمە دیاردەیەکی تازە نییە، بەڵام مەترسی گەورە لەوەدایە، پزیشک و کلینیک و نەخۆشخانەکان بکەونە ئەو هەڵە باوەوە. دەشێت پزیشکەکان بۆ کێبڕکێ و بەدەستهێنانی رەواجی زیاتر، نەخۆشەکان ناچار بە چاوەڕوانی زیاتربکەن، یان نەخۆشخانەکان وەک بەشێک لە بانگەشەی بازرگانی، قەرەباڵغی ناو نەخۆشخانە و شەقامەکانی دەوروبەری لێکبدەنەوە.
ساڵی 2012 بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی یوئێس ئەید، بەشداری نوسینەوەی مافەکانی نەخۆشمان کرد. ئەوەی مایەی تێبینی بوو، زۆرینەمان پزیشک و کارمەندی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بووین. هەر بڕگەیەک دەخرایە بەرباس، دەبوو سەرەتا دڵنیایی لە پاراستنی مافەکانی پزیشک و کارمەندانی وەزارەتمان بدرێت، ئەگەر دەرکەوت هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەوان دروست ناکات ئەوا بابەتەکە دەچووەپێشەوە. بەهەرحاڵ کۆمەڵێک مافی گرنگ وەک پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندییەکانی نەخۆش چەسپێنرا، بەڵام کەموکورتی گەورە لەوەدابوو، بەرپرسیاریەتی یاسایی نەدەخستە ئەستۆی ئەوانەی مافەکانی نەخۆش پێشێل دەکەن، دواتر وەزارەتی تەندروستی گشتاندنی پێکرد و بڕیاریدا لەسەر پارچە نایلۆنێک لە نەخۆشخانەکاندا هەڵبواسرێت..
لێرەدا پرسیارەکە تەنها یاسایی نییە بۆ لێپێچینەوە، بەڵکو بابەتێکی مرۆییە: ئایا نەخۆش لە سیستمی تەندروستیدا، مرۆڤێکە؟ یان تەنها (حاڵەت) ێکی پزیشکییە لەناو زینجیرەیەکی قەرەباڵغ لە حاڵەتە پزیشکییەکاندا؟
بێگومان ( مرۆڤ ) و ( نەخۆشی )یەکەی دوو شتی جیاوازن، بینینی زۆرترین حاڵەتە جیاوازەکانی نەخۆشیەکان و پلانی جۆراوجۆر بۆ چارەسەرکردنیان، کارێکی باشە، بەڵام مەرج نییە بینینی زۆرترین ژمارەی نەخۆش لەرۆژێکدا، کارێکی باش بێت. ناچارکردنی نەخۆش و کەسوکاری بە چاوەڕوانییەکی زۆر لە کلینیکە پزیشکییەکاندا، جۆرێکە لە پێشێلکردنی مافەکانی نەخۆش و هەژمارکردنییەتی لەسەر بنەمای نەخۆشییەکەی نەوەک لەسەر بنەما مرۆڤییەکەی.
ئەگەرچی هەندێکجار حاڵەتەکانی بێ رێزی بەرامبەر پزیشکان روودەدات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی ئێمە پێگەیەکی بەرزی بۆ پزیشک داناوە، پێویستە پزیشك و کلینک و نەخۆشخانەکان نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەلتورەی کە قەرەباڵغی و چاوەڕوانی تاقەتپڕوکێنی نەخۆش بە هێمای سەرکەوتن بزانن، ئەمە لە راستیدا رێزنەگرتنە لە ماف و نهێنییەکانی نەخۆش، هەروەها لە قەرەباڵغیدا، کاتی تەواو نادرێت بە نەخۆش و ئەگەری هەڵەی پزیشكی زیاتردەبێت.
پڕۆسەی چارەسەر، تەنها بە ( نەخۆشی نموونەیی ) بەدەست نایەت کە تەنها ئەو کەسە ئارامبێت و گوێڕایەڵی راسپاردە و جۆری چارەسەرەکان بکات، بەهەمان شێوە ( پزیشکی نموونەیی ) و ( نەخۆشخانەی نموونەیی )مان پێویستە، تا بەهۆیانەوە مرۆڤ باشترین بژاردە و دەرفەتەکانی چارەسەری لە کەشێکی تایبەتدا بۆ دەڕەخسێت، ئەمە کڕۆکی پیشەی بەرزی پزیشكی و بواری تەندروستییە، من لەو روانگەیەوە سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پزیشکی دووەم هەیە.
|