شۆڕش ئەمین
13/08/2026
1758 جار خوێنراوەتەوە
شارەکان پێناسەی خۆیان ونکردووەو بونەتە گەراجێکی گەورەی ئۆتۆمبێل، ئائەمەیە فەنتازیای خۆشگوزەرانی
لە کۆمەڵگە تووشبووەکان بە بەپەتای بەکاربردنی بێسەروبەر، زۆرجار ڕێژەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل وەک نیشانەی تێری و دەوڵەمەندیی خەڵک پێشان دەدرێت. کاتێک سەرۆک وەزیران شانازی بە بوونی زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەکات لە هەرێمدا و دەیبەستنەوە بە باشیی باری دارایی خەڵکەوە، لە ڕاستیدا ئەوە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە، کە حکومەت تێی کەوتووە، ئەمە تەنها سەیرکردنی ڕووکەشانەی بازاڕە.
بێگومان لێرەدا من خەتا و هەڵەکە تەنها ناگێڕمەوە بۆ خودی سەرۆک وەزیران، بەڵکو دەیگێڕمەوە بۆ ئەو سوپایە لە ڕاوێژکار و شارەزایانە، کە بینای ئەنجومەنی وەزیرانیان تەنیوە. ئەمانە تەنها کات دەبژێرن بۆ ئەوەی سەری مانگ ملوێنەها دینار بکەنە باخەڵیانەوە، زۆربەی زۆریان یەک ئیزافە یان پێشنیاریان نییە، یەک هەڵە ڕاست ناکەنەوە و یەک ڕاپۆرتی زانستییان نییە لەسەر بوارەکەی خۆیان. ئەرکی ئەوانە ڕاستییەکان وەک خۆی بگەیەنن، نەک لێگەڕێن سەرۆک وەزیران زۆری ئۆتۆمبێل بکاتە شانازی بۆ حکومڕانی هەرێمی کوردستان.
هەر چەندە ئەم لێشاوە لە ئۆتۆمبێل تەنها هەرێمی نەگرتۆتەوە، بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبێل و ئامڕازەکانی دیکەی گواستنەوەی تۆمارکراو لە سەرتاسەری عێراقدا ٧.٥ملیۆنی تێپەڕاندووە تەنها لە ماوەی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٣٩ هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون و مۆڵەتی چەندین جۆری دیکەی وەک ماتۆڕسکیل نوێکراونەتەوە. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە ئێمە بەپێی ژمارەی دانیشتوان ١٢.٥٪ پشکمان بەردەکەوێت لەبوودجەی عێراق، بەڵام لەڕێژەی ئۆتۆمۆبێل زیاتر لە٣٣٪ بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی هاوردەکردنی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆری ئۆتۆمبێل بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم ڕێژە زۆرەش لەئۆتۆمبێل وەک مێرووی زیانبەخش بەردەدرێنە سەر جەستەی شەقامەکان و خەریکە بە تەواوی دایدەپۆشن.
لە ڕوانگەی زانستی پلاندانانی شارەوە، ئەم ژمارە زۆرە نیشانەیەکی مەترسیداری تەنگژەی خزمەتگوزارییە، نەک خۆشگوزەرانی.
کاتێک لە شارێکدا نە میترۆ، نە ترام، و نە تۆڕێکی مۆدێرنی پاسی گشتی هەبێت، هاوڵاتی بژاردەی تری لەبەردەمدا نییە. لێرەدا کڕینی ئۆتۆمبێل لە کاڵایەکی خۆشگوزەرانییەوە دەبێتە پێویستییەکی حەتمی بۆ هاتووچۆ و ژیانکردن لە شاردا. فەرمانبەرێک یان کرێکارێک ناچارە قەرز بکات یان پاشەکەوتی چەند ساڵەی تەرخان بکات بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک، تەنها بۆ ئەوەی بگاتە سەر کارەکەی یان منداڵەکانی پێ بگەیەنێتە خوێندنگاکەیان. ئەمە جۆرێکە لە باجی شاراوە، کە هاوڵاتی دەیدات بەهۆی پەککەوتنی کەرتی گشتییەوە.
تێچووی سووتەمەنی، چاککردنەوە، غەرامە و دڵنیایی، بەشێکی گەورە لە داهاتی خێزان دەبات، کە دەکرا لە کەرتی تەندروستی یان پەروەردەدا خەرج بکرایە.
شارەزای بەناوبانگی پەرەپێدانی کۆڵۆمبی"ئینریکی پینالۆسا"دەڵێت:(ووڵاتی پێشکەوتوو ئەو وڵاتە نییە کە هەژارەکانیش تێیدا بە ئۆتۆمبێلی تایبەت هاتوچۆ دەکەن، بەڵکو ئەو وڵاتەیە کە دەوڵەمەندەکانیشی پاس و ترام و میترۆی گشتی بەکاردەهێنن).
کەواتە کاتێک شانازی بە زۆری ئۆتۆمبێلەوە دەکەین، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە نازانین کەوتووینەتە چ هەڵەیەکی زانستییەوە. دابینکردنی گواستنەوەی گشتی مافێکی بنەڕەتییە. کاتێک شانازی بەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلەوە دەکەین، دەمانەوێت شکست و کورتبینیی خۆمان لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریدا بشارینەوە.
حکومەت بارگرانییەکەی خستۆتە سەر شانی هاوڵاتی، کۆکردنەوەی باج و گومرگی ئۆتۆمبێلیش بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ حیزب و کۆمپانیاکانیان. حکومەت لە ڕێی ئەو ڕاوێژکارە بێدەنگانەوە ڕەنگە تەنها ڕووکەشی ژمارەکان ببینێت، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە داهاتووی کۆمپانیا و ئەجێندا حیزبییەکان لەسەروو ژیانی خەڵکەوە دانراوە.
"لویس مەمفۆرد" دەڵێت: (شارەکان دەبێت بۆ [منداڵان و مرۆڤەکان] دروست بکرێن، نەک بۆ ئۆتۆمبێل. زیادکردنی شەقام و ڕێگاوبان بۆ چارەسەری قەرەباڵغی هاتوچۆ، وەک ئەوە وایە پشتوێنی پانتۆڵەکەت شل بکەیتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی). زیادبوونی شەقامی نوێ لە کوردستان (وەک ۱۰۰ مەتری و ۱۲۰ مەتری...هتد.) تەنها کێشەکەی دواخستووە، چونکە لێشاوی ئۆتۆمبێلەکان بەردەوام لە زیادبووندایە. فەزای گشتی تێکچووە؛ شار لە شوێنی ژیانەوە بووەتە جەنگەڵێکی کۆنکرێتی و ئاسن و گەراجێکی گەورەی ئۆتۆمبێل.
ملیۆنەها ئۆتۆمبێل لە عێراق و کوردستاندا، واتە دەرپەڕاندنی ڕۆژانەی ملوێنەها تۆن گازی CO2 و چەندان گازی ژەهراوی دیکە. دەرەنجامی ئەمەش بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە، دروستبوونی دیاردەی "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای شارەکان" لە لایەک و لەلایەکی ترەوە خنکانی ناوەندی شارەکانە بە دوکەڵ.
ئەم لایەنە تراژیدیایەکی ڕۆژانەیە. بەیانیان لەبەر قەرەباڵغی و فشاری قەیرانی بێ مووچەیی و داهاتووەیەکی تاریک، بارێکی دەرونی وای خوڵقاندووە، کە شۆفێرەکان هەردەم ئامادەی شەڕ و پێکدادانن.کاتێک بەردەوام لە سەرەی قەرەباڵغی و کەپسبوونی ئۆتۆمبێلەکان و ترافیکێکی بێ کۆتاییدا دەوەستیت، کاتژمێرەکانی تەمەنت دەبنە دوکەڵ و پەشیمانی دەکێشیت.
شەقامەکان بوونەتە مەیدانی جەنگێک کە تێیدا مرۆڤ لە ترسی سبەینێی منداڵەکانیدا دەژی. نەخۆشخانە گشتییەکان پەکخراون و بۆ چارەسەر دەبێت ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەیت، لەوێشدا بۆ دابینکردنی پارەی دەرمان، ناچاریت، خانوەکەت یان هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بە قەرز و دەردەسەری کڕیوتە بیفرۆشیت! ئەو شانازییە پێشینەیەی کە دەوترێت "ملیۆنەها ئۆتۆمبێلمان هەیە،" تێکەڵەیەکە لە ناشارەزایی، ڕاوێژکاریی ترسنۆک و خۆدزینەوە لە ڕاستی. ئەوەی لە ئێستادا هەیە گەشەسەندن نییە، بەڵکو "پەرە سەندنی شێرپەنجەیی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلە" کە جەستەی ژینگە، ئابووری و تەندروستی داڕزاندووە. تا ئەوکاتەی داهاتی گشتی نەخرێتە خزمەت دروستکردنی تۆڕی میترۆ و ترام و گواستنەوەی مۆدێرن، شارەکان بەرەو خنکان دەچن. ئەو ژمارانەی کە دەسەڵات وەک فەنتازیایەکی خۆشگوزەرانی نمایشی دەکات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک نەفرەتێک و کابوسێکی گەورە لەسەر ژیانی ڕۆژانە و دەروونی هاوڵاتیان ڕەنگدەداتەوە.
کوشتنی ناسنامە و سیمای شارەکان.
تەلارسازە گەورەکانی جیهان، کۆکن لەسەر ئەوەی کە شارەکان بۆ مرۆڤ دروستکراون نەک بۆ ئۆتۆمبێل. کاتێک تەواوی حەوشە و شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەین بە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، گیانی کۆمەڵایەتی و جوانیی شارەکە دەکوژین.
گۆڕینی زەوییەکان بۆ کۆنکرێت و ئەسفەلت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل، ژینگە تێکدەدات و ڕوبەری سەوزایی کەمدەکاتەوە.
شەقامەکان دەبنە شوێنی تێپەڕبوونی خێرای ئامێرە ئاسنینەکان لەبری ئەوەی ببنە شوێنی پیاسە و گفتوگۆ و یاریکردنی منداڵان، بەمەش ژیانی کۆمەڵایەتی دەکوژین.
کاتێک لە هەر لایەک دەڕوانیت تەنها ڕیزی ئۆتۆمبێل دەبینیت، ناسنامە و تەلارسازیی ڕەسەنی شارەکە ون دەبێت و سیمای شار دەشێوێت.
"ئیڤان ئیلیچ "فەیلەسوف و کۆمەڵناسی بەناوبانگ، باس لەوە دەکات کە ئۆتۆمبێل لە ڕاستیدا کاتمان بۆ ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو کۆیلەمان دەکات. ئەو حیسابی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئەو کاتەی مرۆڤ بۆ پەیداکردنی پارەی کڕین، بەنزین، چاککردنەوە، و بیمەی ئۆتۆمبێلەکەی تەرخانی دەکات کۆبکەینەوە، دەبینین خێرایی ڕاستەقینەی ئۆتۆمبێلەکە لە خێرایی ڕۆیشتنی سەرپێی پیاوێک زیاتر نییە!
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا "جەین جاکۆبس" لە پێشەنگەکانی "ڤیژن زیڕۆ" (Vision Zero) کە بزووتنەوەیەکی جیهانییە بۆ گەیاندنی ڕێژەی مردنی سەر شەقامەکان بۆ سفر" و نووسەری بواری شارسازی، ڕەخنەی توند لەوە دەگرێ کە چۆن شارەکان لە بری ئەوەی بۆ مرۆڤ دروست بکرێن، بۆ ئۆتۆمبێل دیزاین کراون، ئەمەش شەقامەکانی کردووەتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ پیادە و منداڵان.
ئەم بۆچوونە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەیە کە داکۆکی لە گواستنەوەی گشتی وپاسکیل سواری و شاری پیادە دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە وابەستەیی ڕەها بە ئۆتۆمبێل، زیانی گەورەی دارایی و ژینگەیی و دەروونی لە مرۆڤایەتی داوە و ساڵانە ملیۆنان کەس دەبنە قوربانیی پێکدادانەکان.
لەماوەیەکی کورتدا جارێکی کە حکومەت هەڵەیەکی کەی خستە سەر هەڵەکانی دیکەی، کە بڕیاریدا بە دابەزاندنی نرخی بەنزین و سوتەمەنی، بەپێچەوانەوە نرخی بەنزین و سوتەمەنی فڕاند، ئەمەش بەشێکی بۆسەرۆکی حکومەت دەگەڕێتەوەو زۆریشی بۆ ئەو ڕێژە زۆرە لە ڕاوێشکارو شارەزایانە دەگەڕێنەوە کەحیزب تەسکییەی کردوون تەنها بۆ مووچە وەرگرتن، کە هیچ بەرچاو ڕوونییەکیان بۆ حکومەت نییەو بگرە هیچ لەکارەکەی خۆشیان نازانن.
ئەگەر کێشەی گواستنەوەی هێڵی گشتی چارەسەر بکرایە ئێستا حکومەت نەدەکەوتە بەردەم ئەم قەیرانەگەورەیەی کە پێی چارەسەر ناکرێ، ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەگەر حکومەت بەڕاستی دەیەوێ کێشەکە چارەسەر بکات تەنهاو تەنها بە بووژاندنەوەی هێڵی گشتیی دەکرێت، نەک بەهاوردەکردنی ملیۆنەها ئۆتۆمبێل و پینەوپەڕۆکردنی قەیرانەکان.
|