مەلا هەندرێن 15/08/2026 46 جار خوێنراوەتەوە

جوڵانەوەی نەتەوەیی و گەیشتن بە خاڵی سفر

جوڵانەوەی نەتەوەیی بریتیە لە چالاکی (سیاسی یان فکری یان چەکداری)، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی نەتەوەی ژێر دەست و داگیرکراو، دژ بە دوژمن و داگیرکەر، لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی نیشتیمان، پێی هەڵدەستن. جا گرنگ نییە ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵدەستن بەو جوڵانەوە نەتەوەییە، زۆر بن یان کەم. گرنگ ئەوەیە لەگەڵ هەبوونی کەمترین جوڵانەوەی نەتەوەیی، تروسکایی هیوایەکی گەورە دڵی نەتەوە رووناک دەکاتەوە و ترسێکی گەورەش، دڵی دوژمن و داگیرکەر دەتۆقێنێت.
ئەگەر سەیری کوردستانی باشوور و جوڵانەوەی نەتەوەیی بکەین و لانی کەم ماوەی سەد ساڵی رابردوو شەن و کەو بکەین، دەبینین لە هیچ کات و ساتێک و تەنانەت لە خراپترین رۆژگارەکانیش، هەرگیز بزوتنەوەی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان سفڕ نەبووە و لە هەموو کاتێک جوڵانەوەیەکی نەتەوەییمان هەر هەبووە، هەندێک کات ئەو جوڵانەوەیە، کۆڕ و کۆبوونەوە و گوتاری سیاسی و دەنگ هەڵبڕینی کەسایەتییە سیاسییەکانی نەتەوە بووە، دژ بە ستەم و زۆرداری دوژمن و داگیرکەران. هەندێک کاتیش جوڵانەوەی نەتەوەیی، خۆی لە دەربڕینی ئاراستەیەکی فکری و ئایدۆلۆژی ئازادی خوازانە و رەت کردنەوەی ژیانی ژێر دەستەیی نەتەوە و پەروەردەکردن و گۆش کردنی کوڕ و کچانی نەتەوە بە ئاراستەی هۆشیاری نەتەوەیی، خۆی نیشان داوە. هەندێک جاریش ئەو جوڵانەوەیە تەنها تەق و تۆقی تڤەنگی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە بووە لە شاخ. بەڵام ئەو هەبوونە بچووکە، هەردەم لە دڵی نەتەوە ئاگری شۆرشێکی مەزن و هیوایەکی بەهێزی بۆ دوارۆژ داگیرساندووە. لە هەمان کاتدا هەبوونی ئەو جوڵانەوە بچووکەی نەتەوە، ئەژنۆی دوژمنی لەرزاندووە و لێ نەگەراوە عەرەب بە ئاسوودەیی و بێ ترس لەسەر خاک و نیشتیمانی کوردان ئۆقرە بگرن. هەر بۆیە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو، ئەگەرچی باشووری کوردستان لەژێر پۆستاڵی سوپای دوژمن و داگیرکەران بووە و لە هەموو شوێنێک سوپای داگیرکەر بەدوای شۆرشگیڕان و پێشمەرگەوە بووە، لێ هەرگیز جوڵانەوەی نەتەوەیی نەگەیشتۆتە خاڵی سفڕ. بۆیە عەرەب ئەو کاتە (واتا پێش راپەرین، ئەگەرچی کوردستان لەژێر چنگی گەورەترین سوپای داگیرکەر و درندەترین رژێمی ناوچەکە بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە شاخ هەبوو، هیچ عەرەبێک بە پاڵپشتی ئەو سوپایە گەورەیەش، نەدەوێران مل بە شار و شاروچکە و گوند و هاوینە هەوارەکانەوە بنێن و بە کەیف و ویستی خۆیان قاچی ئارامی و دڵنەوایی لێ درێژ بکەن. هەمیشە هەبوونی پێشمەرگە مۆتەکەی ترسێکی گەوەرە بووە لەسەر دڵیان و لە سایەی سەدان هەزار سوپای خۆشیان، ئۆقرەیان نەگرتووە و کە شەویش داهاتووە، بە پڕە پڕ خۆیان گەیاندۆتەوە دۆزەخەکەی خۆیان).
کەچی ئێستا لە سایەی دەسەڵاتی کوردی، جوڵانەوەی نەتەوەیی دەمێک ساڵە گەیشتۆتە ژێر سفڕ و نە هیچ تروسکایی هیوایەکی نەتەوەیی لە دڵی خەڵک ماوە و نە هیچ ترسێکیش لە دڵی عەرەبی تەعریبچی ماوە. سەیرکەن چۆن بەهۆی سفڕ کردنەوەی جوڵانەوەی نەتەوەیی لەلایەن دەسەڵاتی کوردی، سەد لە سەد ئەمان و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ عەرەب لە تەواوی خاکی کوردستان فەراهەم کراوە و هیچ کوردێکیش لە ترسی سزای دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، ناوێرێت لە گوڵێک گرانتر بە عەرەب بڵێت. خۆ ئەگەر ئیمرۆش دە پێشمەرگە لە شاخ هەبێت، عەرەب لە کەرکوکیش ناتوانن بە ئارامی بخەون، کەچی ئێستا لە سایەی دەیان هەزار پێشمەرگەش، عەرەب لە سنوورەوە بۆ سنوور و لە تەواوی شوێن و شاخەکانی کوردستان و تەواوی هاوینە هەوار و گوند و لادێ و شارەکان، لە کورد بە ئەمانتر و دڵنیاتر دەژین. نەک هەر ئەمە بگرە لە زۆر شوێنیش خێزانە کوردەکان، لە قوڵایی جەرگەی کوردستان، لەبەر بەرەڵایی و بێ رەوشتی و دەستکراوەیی عەرەب، لە دڵەراوکێ و ترس دەژین و ناوێرن لەبەر عەرەبی پێ پەتی برۆنە هەموو هاوینە هەوارێکی نیشتیمانەکەی خۆیان. سەرەنجام ئەوە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری سفر بوونەوەی جوڵانەوەی نەتەوەییە لە باشووری کوردستان.
رەنگە هەندێک کەس بڵێن، کاکە سەردەمی شاخ و شۆرش بەسەرچووە و ئێستا ئێمە لە قۆناغی حوکمڕانیداین و ناکرێت بە ئەقلیەتی شاخ بەردەوام بین. دەکرێت ئەو قسە پووچانە لای هەندێک خەڵکی ناشارەزا و و بێ ئاگا لە فکر و فەلسەفەی نەتەوەیی گوێی لێ بگیرێت. بەڵام با سەیری سەرکردە و دەسەڵاتدارانی نەتەوەی تورک و عەرەب و فارس بکەین، کە سەدان ساڵە نەک خاوەنی شڕە دەسەڵاتێکی ناوەخۆیی بێ ناسنامە و بێ پارێزبەندی نێودەوڵەتی وەک ئێمەن، بگرە خاوەنی دەوڵەتی بەهێزی نەتەوەیی سەربەخۆن، کەچی هێشتا گڕی جوڵانەوەی نەتەوەیی و ویستی شەڕ و داگیرکاری خاک و نیشتیمانی کوردان، لە ناخ و دڵیاندا پەنگ دەخواتەوە و نەوەکانی خۆیانی پێ گۆش و ئامادەساز دەکەن

بۆچی ئەوان ئێستاش هەتا دەشمرن، هەرکات و هەردەم لە بیری پاراستنی شکۆی خاک و نیشتیمان و نەتەوەی خۆیانن و نەوەکانیشیان وا پەرەوەردە دەکەن کە وەک پڵنگ بەرووی هەر کەسێکدا هەڵبشاخێن کە پەنجە بۆ کەرامەتی نەتەوەییان درێژ دەکات. خۆ ئەوانیش سەدان ساڵە لە قۆناغی دەوڵەتمەداری و حوکمڕانی خۆیاندان، ئەرێ بۆچی پارە و پول و کورسی و دەسەڵات، سەرکردە و حزبەکانی ئەوانی نەگۆڕی و هیچ کەس نادۆزیەوە لە پێناو گیرفان و قازانجی کەسی و حزبی خۆی، دەست لۆ خیانەت و خاک فرۆشی و کردنەوەی دەرگا بەسەر بێگانەدا ببات؟! ئەرێ بۆچی لای ئەوان خەونی نەتەوە کۆتایی نایەت و گیانی جوڵانەوەی نەتەوەیی لای ئەوان هەرگیز ساردبوونەوە و پاشەکشە ناناسێت؟!. بەداخەوە ئەوەی لە ئەزموونی حوکمڕانی کورد بیندرا، لە دونیای سیاسەتدا عاجباتییە و لە هیچ نەتەویەک هاوشێوەی بەدی ناکرێت.
لەکۆتاییدا پڕ بە گەرووم، بەرووی هەموو سەرکردە و حزبە سیاسییەکاندا هاوار دەکەم و دەڵێم، تکایە وەرنەوە هۆش خۆتان، وا لە لێواری هەڵدێر و خەرەندێکی ترسناک وەستاون، خۆتان و نەتەوەکەشتان لە بەردەم لەناوچوونی یەکجاریدان. تکایە هێشتا کاتی ئەوە ماوە لە خەوی خەفلەت و نقوم بوون لە ناز و نیعمەتی پارە و دەسەڵات، رابچلەکێن و دەست لەناو دەست، یەکبوون و یەکگرتنی نەتەوەیی

هەموو وتارەکانی مەلا هەندرێن

هەموو وتارەکانی مەلا هەندرێن

سەرەکی