هەڤاڵ عارف عەباس 19/08/2026 1036 جار خوێنراوەتەوە

شرۆڤەیەک بۆ عێراقی دوای ٣٠ی سێپتەمبەر

شرۆڤەیەک بۆ عێراقی دوای ٣٠ی سێپتەمبەر

هەڤاڵ  عارف

پرسی گروپە چەکدارەکانی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و درێژخایەنترین ئاڵنگارییەکان، کە وەک گرێکوێرەیەک لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بەرۆکی سیستەمی حوکمڕانی ئەم وڵاتەی گرتوە٫
لە ئێستادا حكومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی زیدی
٣٠ی سێپتەمبەری وەک دوامۆڵەت بۆ چەکدانان و یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەم هێزانە دیاریکردوە، پرسیارەکە ئەوەیە دوای ئەم رێکەوتە دەوڵەت دەتوانێت سەرجەم هێزەکان لەژێر چەترە سیاسی و دامەزراوەییەکەی خۆیدا یەکبخات و کۆتایی بە هەژمونی گروپەکان بهێنێت؟

پێش چونە ناو ئەگەرەکانی قۆناغی دوای ٣٠ی سێپتەمبەر، پێویستە تێگەیشتنێکی وردمان بۆ پێکهاتە و سروشتی ئەم گروپانە هەبێت، لە ڕوی مێژوییەوە، زۆرینەی ئەم هێزانە لە بۆشایی ئەمنی دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام گەشەکردنی گەورە و بەدامەزراوەیبونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش و دەرچونی فەتوای  مەرجەعییەت لە ساڵی (٢٠١٤)،  لە ڕوی ژمارەییەوە، سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرچاویان لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن کە قەبارەیان بە زیاتر لە ١٦٠  هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، بەڵام چەندین گروپی دیکە و باڵی سەربازیی هەن لەژێر ناوی بەرەی موقاوەمەدا
بە تەواوی لە دەرەوەی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جوڵە دەکەن، نە دەوڵەت و نە دامەزراوە فەرمییەکانی حەشدی شەعبیش، هیچ جۆرە هەژمون و کۆنترۆڵێکیان بەسەریاندا نییە.

بۆیە لێرەدا دەبێت درک بەو هەقیقەتە بکرێت، کە دەستبردن بۆ ئەم دۆسیەیە پارویەکی هەروا ئاسان نییە، بێئاکامبونی هەوڵەکانی پێشوش بۆ سنوردارکردنی هەژمونی ئەم هێزانە، سەلمێنەری قورسایی ئەم ئاڵەنگارییەن، بەڵام ئەوەی ئێستا جیادەکاتەوە لە رابردو هەلومەرجەکەیە، بۆیه دەرکردنی ئەم بڕیارە لە ئێستادا زادەی تەوقیتێکی  جیاوازە لە زەمەنێکی جیاوازدا و لەزروفێکدایە، ناوچەکە بەهۆی لێکەوتەکانی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی پڕ لە شڵەژان و گرژییەوە، عێراقیش کەوتوەتە ناو چەقی ئەو لێکەوتانەوە، بەتایبەت لە ڕوی ئابورییەوە، گەیشتوەتە لێواری هەرەسهێنان و لە داڕمانێکی حەتمی نزیک بوەتەوە، بێگومان فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکاش پاڵنەرێکی سەرەکی بوە بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بە دەرکردنی ئەم بڕیارە ببێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، کە پرۆسەکە تێدەپەڕێت، چونکە واقیعی ئەم گروپانە ئاڵۆزترە لەوەی تەنیا بە بڕیارێکی سیاسی و ئیداری یەکلایی ببنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن، ئەوان لەڕوی ئاراستە و ئامانجەوە هێزێکی یەکدەست نین، هەر بەشێکیان خاوەن ئەجێندایەکی تایبەتن و بەقوڵی گرێدراوی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەرەوەن، هاوکات لە بەشێکی زۆر لە جومگە هەرە هەستیارەکانشدا، قورسایی و هەژمونی ئەم هێزانە سنوری دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقیان تێپەڕاندوەو بەهێزتر دەردەکەون لەحکومەت و دەسەڵاتە شەرعییەکانی دەوڵەت.

ئەگەر واقیعی گروپە چەکدارەکانی دیکەی وڵاتانی ناوچەکەش بکەینە پێوەرێک بۆ خوێندنەوەی چارەنوسی ئەم گروپانە لە عێراقدا، لە لوبنان، حزبوڵڵا سەرباری قورسیی فشارەکان، بڕیارەکانی حکومەت و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، ئامادە نەبو دەستبەرداری چەک و هەژمونەکەی ببێت، لە یەمەن زیاد لەدەیەیەکە قەوارەی دەوڵەت بەتەواوی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە قوت دراوە و بونەتە ئەمری واقیع، لە سوریاش، لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ و پەککەوتنی سیستەمی دەوڵەت وایکرد دەیان گروپی چەکدار دەربکەون، کە سەرەتا جوگرافیا و بڕیاری سیاسییان دابەش کرد و دواجاریش هەر ئەم گروپانە جڵەوی دەوڵەتیان گرتە دەست، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوکێشە و نمونانە، ئەم گروپانەی عێراق، کە خاوەنی ژمارەیەکی بێشومار لە چەکدار و ئیمکانیەتێکی سەربازی و دارایی زەبەلاحن  هاوکات سنوورێکی جوگرافیی کراوەشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئایا ڕێی تێدەچێت بەئاسانی بچنە ژێر باری خۆهەڵوەشاندنەوە؟

لێرەدا شرۆڤەی دۆخەکە بەسەر دو وەڵامی پێچەوانەدا دابەش دەبێت،  لەلایەک پاشخانی ئەم گروپانە لە گوێنەدان بە بانگەوازەکانی پێشوی حکومەت بۆ چەکدانان، شانبەشانی ئەزمونی ئەو هێزە چەکدارانەی دیکەی ناوچەکە کە سەرەڕای فشارەکان ئامادە نەبون دەستبەرداری چەکەکانیان ببن، پێمان دەڵێت ملکەچبون بۆ ئەم بڕیارە کارێکی قورسە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو قەیرانە قوڵەی ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتوە، پێشهات و خوێندنەوەیەکی تەواو پێچەوانە دەهێنێتە ئاراوە، هەر بۆیە یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەم هێزانە دۆخێکی هێندە تەمومژاوییە تەنانەت تاکو ئێستا بەرچاوی خودی ناوماڵی شیعەش ڕوون نییە کە چی دەبێت و دۆخی ئەم گرووپانە بە چ لایەکدا دەکەوێت، هەر بەمەش نەوەستاوە، هەستیاری پرسەکە ئەو ماڵەشی بەسەر دو بەرەدا دابەش کردوە.
هەرچەند کلیلی ئاراستەکردنی ئەم گروپانە بەتەواوی لە دەستی ناوماڵی شیعەدا نییە، چونکە گروپەکان  هەمویان سەر بە ناوخۆی عێراق نین و بڕیاری بەشێکیان ڕاستەوخۆ لە دەستی وڵاتانی دەرەوەدایە، بەڵام لە ڕوی مەزهەبی، زۆرینەی سیاسی و باڵادەستییەوە، ماڵی شیعە ڕۆڵی سەرەکیی لەم پرسەدا هەیە، سەرەئەنجام کۆی ئەم ئاڵۆزییانە، ناڕونی و دابەشبونی ماڵی شیعە لەلایەک و وابەستەیی بڕیاری گروپەکان بە جەمسەرە جیاوازەکانەوە، وایکردوە چارەنووسی بڕیارەکە و ئایندەی دۆخەکە زیاتر لە نێوان دو ئەگەردا بخولێتەوە.

یەکەم، لە تێگەیشتنیان بۆ خراپی دۆخی ناوچەکە و عێراق و لەژێر باری ڕێککەوتنی ناوخۆیی و دەرەکیشدا، ئەم گروپانە بە شێوەیەک لە شێوەکان بێنە ژێرباری بڕیارەکەی حکومەت، بەڵام بێگومان، ئەمەش روبدات تەنیا مانۆڕێکی تەکتیکی دەبێت بە ئامانجی خۆپاراستن لەو پێشهاتە نەخوازراوانەی، کە ڕەنگە ڕوبەڕویان ببێتەوە.

دووەمیش، ملنەدانە بە بڕیارەکە و حیسابنەکردنە بۆ دۆخی عێراق،  ئەمە مەترسیدارترین ئەگەرەو وڵاتەکە دەخاتە سەر لێواری داڕوخانێکی حەتمی، لە هەردو ئەگەرەکەشدا، واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم گروپانە بەتەنیا بەم بڕیارە چارەسەر نابن و هەڵناوەشێنەوە، چونکە ئەوان واقیعێکی جیاوازی ٢٢ ساڵەیان هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراقەوەو بەقوڵی شۆڕبونەتەوە بۆ ناو سەرجەم جومگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆیە لەباشترین حاڵەتدا پێدەچێت هەندێک لەم گروپانە بێنە ژێربار، بەڵام هەندێکیان، کە خۆیان لەژێر باڵی موقاوەمەدا ڕێکخستوەتەوە مل نەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا دۆخەکە دەخاتە سەر گریمانەی کاردانەوە و هەڵوێستەکانی ئەمریکا و نیەتەکانی لەو کاتەدا.

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

سەرەکی