سنوورەکانی وەرگرتنی دیاری لەلایەن میدیاکارانەوە جا هەر شتێک بێت، لەوانە، خواردن، مۆبایل، دەعوەتی شەوانە، گەشتکردن، زەوی، شوقە و واستەکردن لە سەرچاوەی رۆژنامەوانی (ئەو کەسانەی زانیارییان لێوەردەگرین)، تا کوێ لە ڕووی پیشەییەوە رێگەپێدراوە.
نزیکەی (400) رێبەری ئیتیکی ڕۆژنامەوانی لە سەرتاسەری جیهاندا هەن، هەندێک کورت و هەندێکیشیان درێژن (تۆڕی ئیتیکی رۆژنامەوانی) . بەشێکی زۆر لەوانە باس لە هەستیاریی وەرگرتن یان پەسەندکردنی هەر شتێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ وەک (بەرتیل، دیاری، تکتی بەلاش، واستە، هتد...) دەکەن لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە. زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندن رێنمایی توندیان هەیە بۆ پەیامنێرەکانیان لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر شتێک لەو کەسانەی زانیارییان لێ وەردەگرن.
ڕاگەیاندنەکان لەو بارەیەوە زۆر هەستیارن و زۆرینەیەکی زۆر لەسەر ئەوە کۆکن کە زیاتر لە وەرگرتنی شتێکی رەمزی مایەی قبوڵکردن نییە، ئەوە نەک بگاتە مۆبایل، سەفەر، دەعوەتی چەور، سەرمێزی شەوانە و دامەزاراندن و پەیوەندی ژێر بەژێری دوور لە چاوی دەزگاکانیان. پەیامنێران چاوی ژووری هەواڵن و دەزگاکانی راگەیاندن ئەوەندە ساویلکە نین هەر لە بەر قبوڵکردنی مۆبایلێک یان دەعوەتێک سومعەی دەزگاکانیان بخەنە مەترسییەوە.
(بی بی سی) دەڵێت: "کەسەکان (ئەوانەی بۆ دەزگاکە کاردەکەن) نابێت دەستکەوت یان سوودی کەسی، یان سوود بۆ خێزان و کەسانی نزیکیان، لەو ڕێکخراو یان کەسانە قبووڵ بکەن کە ڕەنگە بەناوی بی بی سییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. سوودە کەسییە پەسەندنەکراوەکان بریتیین لە کەلوپەل، داشکاندن، خزمەتگوزاری، پارەی نەقد، قەرز، بەخشیش یان کاتبەسەربردن، لەوانە بلیت، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئاسایی میوانداریی بازرگانی."
ئۆریگان جێرنەڵیزم پرۆجێکت بە کارمەندەکانی دەڵێت؛ "تۆ هەرگیز بەرتیل وەرناگریت، ئەمەش واتە وەرگرتنی پارەی نەقد بە هەر بڕێک بێت، گەشت، یاخود دیاریی گرانبەها (بەنرخ) لەبەرامبەر ئەنجامدانی کارەکانماندا. پێوەری دیاری وەرگرتن لای دەستەی داھاتە ناوخۆییەکان (IRS) کە بڕەکەی (25) دۆلارە، بەرزترین سنوورە بۆ ئەوەی کە بە "دیاریی گرانبەها" هەژمار بکرێت."
هەر دەربارەی وەرگرتنی دیاری و شتی وا، ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس سورە لەسەر ئەوەی: "مەبەستەکە هەرچییەک بێت، ئێمە ناتوانین ئەو جۆرە شتانە قبوڵ بکەین؛ تەنها بەدەرکردن (ئیستسنا) بۆ هەندێک وردەواڵەی بێبایەخ ، وەک کڵاو یان کوپێک هەیە کە بەهایەکی کەم و ڕەمزییان هەیە و نرخەکەیان بە نزیکەیی (25) دۆلار یان کەمترە. بە پێچەوانەوە، پێویستە دیارییەکان بەڕێزەوە ڕەتبکرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە، یان ئەگەر ئەوە ئەستەم بوو، پێویستە (دیارییەکان) بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ببەخشرێن."
کەواتە، ئەگەر (25) دۆلار وەک هێڵی سوور دابنێین بۆ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی یان بە گشتی کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن، ئەوا بە بەراوردکردنی داهاتی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی و عێراقی هێڵی سوور دەگاتە نزیکەی (10)هەزاری دیناری عێراقی کە دەکرێت دوا هێڵی پەسەندکردن دەبێت، کە لە راستییدا، پارەی قاوەیەک و ئاوێکە.
پرنسیپەکە ئەوەیە پێویستە ڕۆژنامەنووسەکە بێسنوور، رێزی سەرچاوەکان بگرێت، (جا هەر کەسێک بن، بۆ نمونە، قوربانیی توندوتیژی، نوێنەری کۆمپانیا یان سیاسەتمەداران)، بەڵام پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لە سوودوەرگرتن یان خراپبەکارهێنانی پیشەکە.
هەرچەندە پێدەچێت زۆر هەبن، بیانەوێت پیشەکە بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان وێنا بکەن، بەڵام ئەو خەیاڵپڵاوییە، هیچ لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە کە ڕۆژنامەوانی پیشەیەکی دێرینە، خراپی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان، لە پایەی بڵندی پیشەکە کەم ناکاتەوە.
متمانە لە لێژییە و ڕێکخستنی ئەو بابەتە هەنگاوێکی پیشەیی و ژیرانەیە تا دەزگاکانی راگەیاندن پەیوەندی نێوان خۆیان و ئەو لایەنانە ڕێکبخەن کە زانیارییان لێ وەردەگرن. کەم نین ئەوانەی لەباتی خزمەتکردنی گەل، پیشەکەیان وەک پەیژە بەکارهێنا بۆ بوون بە پلە تایبەت، گەڕاندنەوەی ڕێز بۆ پیشەکە ئیشی هەموانە.
بۆ دەبێت ئەوەندە حەزت لە قەڵغانی ڕێزلێنانی کۆمپانیا و لێپرسراوان بێت و بەشانازییەوە بڵاویان بکەیتەوە؛ ڕۆژنامەنووس، لە رووی ئەخلاقی و پیشەییەوە، لەبەرامبەر گەلدا لێپرسراوە، نەک لێپرسراوان.
ڕوونە، هەموو هەڵەیەک هەلێکە بۆ گەشەسەندن و باشتر پراکتیزەکردنی پیشەکە، بۆیە گرنگە راگەیاندنەکان ئەو بۆشیاییە ئیتیکییە لە کاری رۆژانەدا بەجێنەهێڵن.