2 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
پێنج کێشە بەرۆکی گرتووە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران جێگرەوەی هەیە؟
ئێران لە ئێستادا بە هەستیارترین و ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تێدەپەڕێنێت. قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازبوونی متمانە بە دەسەڵات و فشارە دەرەکییەکان و ململانێی ناوخۆی دامەزراوەکانی حکومەت، هەموویان بە یەکەوە داهاتووی سیستەمی سیاسیی ئێرانیان کردووەتە بابەتێکی کراوە و نادیار. لەم نێوەندەدا، پرسی «جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی» تەنها پرسی گۆڕینی حکومەت نییە، بەڵکو پرسی شێوەی دەوڵەت، دابەشکردنی دەسەڵات و پەیوەندی نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانیشە.
ئێران لە ئێستادا گیرۆدەی پێنج کێشە و قەیرانی قوڵ بووەتەوە:
قەیرانی ئابووری و بژێوی و ژیانی خەڵک
هەڵاوسانی ئابووری و بێکاری و دابەزینی دراوی ناوخۆیی و گەندەڵی و کەمبوونەوەی توانای کڕین، ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی دانیشتووانی وڵاتەکەیان خستووەتە ژێر فشارێکی گەورەوە. ئەم کێشەیە تەنها ئابووری نییە، چونکە بەردەوامبوونی خراپی بژێوی دەتوانێت بگۆڕێت بە ناڕەزایەتیی سیاسی ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارە ئێران لەناوخۆیدا بەتەواوی توشی داڕزان ببێت.

قەیرانی متمانەی سیاسیی
بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو، نیشانیان دا کە بەشێکی بەرچاو لە گەنجان و ژنان و چینی ناوەڕاست خۆیان لە ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەتدا نابیننەوە و بوونێکی تەواو جیاوازن. ئەم دابڕانە کۆمەڵایەتییە، یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشە درێژخایەنەکان بۆ مانەوەی هەر سیستەمێک.
قەیرانی نەتەوەیی و پەراوێزخستنی ناوچەکان
نەتەوە و گەلان و گروپە ئەتنییەکانی وەک کورد و بەلوچ عەرەب و تورک، لە بەشی باکوری ئەو وڵاتە و کۆی پێکهاتەکانی تر ساڵانێکە لەسەر مافی زمان، ناسنامە، بەشداریکردن لە دەسەڵات و دادپەروەری ئابووری داواکارییان هەیە و هەست بە جۆرێک لە پەراوێزخستن دەکرێت. ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی لاواز بێت، ئەم پرسانە دەتوانن ببنە یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی.

قەیرانەکان لە هەرەمی دەسەڵاتدا
سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان و پیاوانی ئایینی و دامەزراوە سیاسییەکان، هەموویان بەشێکن لە هاوکێشەی دەسەڵات، لە هەر قۆناغێکی گواستنەوەدا، ئەگەری ئەوە هەیە سوپای پاسداران هەژموونی زیاتر بەدەستبهێنێت و سیستەم بەرەو شێوەیەکی سەربازی-ئەمنیتر بچێت و هێندەی تر قەیرانەکان قوڵتر بکاتەوە و چارەسەری ئەمنی و سەربازی و هێز ببێتە تاکە چارەسەر لای دەسەڵاتدارانی ئێران.
قەیرانی پەیوەندییە دەرەکییەکان
سزاکانی سەر ئێران و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و گرژی لەگەڵ ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ناوچە و تێوەگلان لە ململانێ ناوچەییەکان، هەموویان بارگرانییەکی زیاتر لەسەر ئابووری و سیاسەتی ناوخۆی ئێران دروست کردووە. هەر بۆیە کێشەی هەرە گەورەی ئێران لە ئێستا و تەنانەت بە درێژایی مێژووی ئەو ڕژێمە لە ساڵی ١٩٧٩وە بریتییە لە قەیرانی پەیوەندی دەرەکی و دبلۆماسی و هەژموونی ئەم ڕژێمە و لاوازی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی وایکردوە بەردەوام ئەم ڕژێمە لە ناوچەکە و جیهانیشدا تەنیا بمێنێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم قەیرانانەدا، ئۆپۆزسیۆنیش یەکگرتوو نییە
ڕەزا پەهلەوی یەکێک لە ناسراوترین کارەکتەرەکانی ئێرانە لە مەنفا، بەڵام نەیتوانیوە هەموو هێزە دژبەرەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. پەرتەوازەیی و نەبوونی بەرنامەی هاوبەش لە نێو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران خاڵی لاوازی ئەم پرۆسەیەیە و ئایندەی ئەو وڵاتە تاڕادەیەکی زۆر لێکدەکات. موجاهیدینی خەلقیش سەرەڕای ڕێکخستن و پەیوەندییە دەرەکییەکانی، لە ناوخۆدا کێشەی پێگەی جەماوەری هەیە.
حیزبەکانی کوردستان و هێزەکانی بەلوچستان و ئەهوازیش بە تەنیا ناتوانن دەسەڵات لە تاران بگرنە دەست، بەڵام لە هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدا ناتوانرێت ڕۆڵیان پشتگوێ بخرێت. پرسی فیدراڵیزم، مافی نەتەوەکان و دابەشکردنی دەسەڵات دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی داهاتوو.

داهاتووی نادیاری ئێران و سیناریۆکانی بەردەم دەسەڵات
داهاتووی ئێران دەتوانێت لە نێوان سێ سیناریۆدا خۆی ببینێتەوە، مانەوەی سیستەم بە هەژموونی زیاترەوەی هێزە ئەمنییەکان، گۆڕانکاریی ڕاگوزەری بە فشاری جەماوەری، یان لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی و دروستبوونی بۆشایی سیاسی. گەورەترین کێشەی جێگرەوە هێشتا نەبوونی یەکدەنگی و دیدگای هاوبەشە؛ بۆیە پرسی داهاتووی ئێران زیاتر لەوەی پەیوەست بێت بە «ڕووخانی» سیستەمەوە، پەیوەستە بەوەی کێ دەتوانێت دوای گۆڕانکاری، سەقامگیری و دیموکراسی و مافی پێکهاتە جیاوازەکان لە یەک چوارچێوەدا کۆبکاتەوە.
-
مەرجەکانی کەجەکە و پەیامی ئیمراڵی؛ ئایا پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەگاتە ئەنجام؟
|
-
پێنج کێشە بەرۆکی گرتووە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران جێگرەوەی هەیە؟
|
-
هاوکارییەکان لە ٤٥٠ ملیۆنەوە بۆ سفر؛ جەبار یاوەر:تەنها هاوکاری پێشمەرگە کۆتایی نەهاتووە
|
-
هێرش بۆ سەر زڕگوێزەڵە و تەقینەوەکانی هەڵەبجە؛ پەیامی تۆقاندن لەبەردەم مانگرتنی گشتی ڕۆژهەڵاتدا
|
-
حوسییەکان بە سەرپەرشتی ئێران و چاوپۆشی ئەمریکا چۆن گەیشتنە دەروازەی بابولمەندەب؟
|
-
کەجەکە: کورد لە سوریا بێخاوەن نییە
|
-
هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چوارشەممە مانگرتنی گشتییه بۆ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی
|
-
سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە
|
-
مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم
|
|
|
|