4   کاتژمێر پێش ئێستا 128 جار خوێنراوەتەوە

هاوکارییەکان لە ٤٥٠ ملیۆنەوە بۆ سفر؛ جەبار یاوەر:تەنها هاوکاری پێشمەرگە کۆتایی نەهاتووە

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ئەمریکا تەنها هاوکاری پێشمەرگەی کەم نەکردووەتەوە، باس لە چەند هۆکارێکیش دەکات کە پێشتر ئەمریکا بەهۆیەوە هاوکاری پێشمەرگەی کردووە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش لەبارەی ئەگەری نوێکردنەوەی یاداشتی نێوان جەنگی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریی ئاشکرا دەکات.

سێ هۆکار بۆ هاوکاری پێشمەرگە

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە ئیرادە میدیای ڕاگەیاند، هاوکاری هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتییەوە بەتایبەتیش ئەمریکا، بۆ سێ هۆکار دەگەڕایەوە، یەکێکیان یاداشتی لێکتێگەیشتنە، چونکە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشتری بەرگریی ئەمریکا، کە ئێستا وەزارەتی جەنگە، دوو جار یاداشتی لێکتێگەشتن ئیمزا کراوە. یاداشتێکیان ساڵی ۲۰۱٦ و یاداشتێکیان ساڵی ۲۰۲۳. ئەو دوو یاداشته کۆمەڵێک خاڵی تیابوو بێگومان، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە پەیمانیان دا بە وەزارەتی پێشمەرگە کە بەردەوام دەبن لە شەڕ دژی داعش و هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی عێراق. لەبەر ئەوەی ئەو هاوکارییە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ شەڕ دژی داعش بوو، چونکە ئەو کاتە داعش ناوچەیەکی فراوانی هەم لە عێراق و هەم لە سوریا لە ژێر دەسەڵاتی بوو، ئیمارەتێکی دروست کردبوو. لەبەر ئەوە پێویست بوو کە پێشمەرگە بەشداربێ وەکو هێزێکی شەڕکەر، چ وەکو هاوکاری مەشق، چ وەکو هاوکاری ئاسمانی، چ وەکو هاوکاری راوێژکاری و چ وەکو هاوکاری چەک و تەقەمەنی و پێویستی پزیشکی لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بودجەی نەبوو و لە کێشەدابوو لەگەڵ عێراق، بەتایبەتی دوای ساڵی ۲۰۱٤، ئەوەبوو کە بودجەیەک دانرا بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە کە لەبەرەی شەڕدا بوون بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە.

وتیشی، هۆکاری دووەم کە تەئکیدی لەسەر دەکەینەوە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش دروست بوو، بێگومان پێویستی بەوە بوو کە پشتیوانی هەم هێزەکانی عێراق بکا بە شێوازێکی گشتی و هەم هێزەکانی پێشمەرگە بکا بۆ ئەوەی کە بتوانن شەری داعش بکەن و داعش لە ناو بەرن لە ناوچەکانی خۆی، چونکە گرووپی تیرۆریستی داعش یان رێکخراوی تیرۆریستی داعش رێکخراوێکی جیهانی بوو، هەڕەشە بوو لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە وتەی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، خاڵی سێهەم کە هۆکار بوو بۆ ئەو هاوکارییە ئەوەیە کە هەموو ساڵێک لە یاسایی بودجەی گشتی ئەمریکا و بەتایبەتی لە بەشی پێنتاگون، بەشێک یان برێک پارە دیاری دەکرا بۆ پشتیوانی کردنی زۆر وڵات و هێزی شەڕکەری دنیا، دوای دروستبوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، برێک دیاری کراو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بێگومان هەم ئەوانی لە باشوور و هەم ئەوانی رۆژئاواش، ئەمریکا نزیکەی ملیارێک دۆلاری تەرخان کردبوو بۆ پشتیوانی کردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چوارچێوەی ئەو ملیارەدا بەشێکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

لە ٤٥٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ سفر دۆلار

" لە یاداشتنامەکەی ساڵی ۲۰۱٦ دا، ئەمریکا ٤٥۰ ملیۆن دولاری تەرخان کردبوو بۆ هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە. دوای ئەوەش وردە وردە ئەم پارەیە کەم بوویەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی شەڕەکان، لە ٤٥۰ ملیۆن دولارەوە وردە وردە بەرەو ۳۰۰ ملیۆن و ۲٥۰ ملیۆن و ١٥٠ ملیۆن و لە دوایەمین جاردا لە ساڵی ۲۰۲٥ و ٢٠٢٦ لە سنوری ٥٥ بۆ ٦۰ ملیۆن دولار بوو. بەڵام لە یاسایی بودجەی ساڵی ۲۰۲۷ و بەتایبەتی لەو بودجەیەی کە تەرخان کراوە بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، هیچ بڕە پارەیەک دیاری نەکراوە بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دیارە بە هەمان شێوە ئەو پارانەش بۆ هاوکاری عێراقیش زۆر کەم کراوەتەوە، ئەوانی بۆ هاوکاری رۆژئاوا و سوریاش زۆر زۆر کەم کراوەتەوە، تەنانەت ئەمریکا هاوکاریەکانی بۆ زۆر وڵاتی دنیا کەم کردووەتەوە، نەک تەنیا بۆ هێزە سەربازیەکانیان، بەڵکو تەنانەت هاوکاریەکانی دەزگاکانی خێرخوازی نێودەوڵەتیشی کەم کردووەتەوە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانێکی گەورە لە  بودجەی گشتی ئەمریکا هەیە، کە بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئەمریکا نزیکەی ٥۰ تریلیۆن دولار قەرزی لەسەرە". جەبار یاوەر وای وت.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، دیارە ئێستاش بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەیە لەنێوانی عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕی داعش، ئەركی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی نۆدا لە عێراق کۆتایی دێت، یانی ئیتر هیچ رۆڵێکیان نامێنێ لە عێراق و تەنها ڕاوێژکاری سەربازییان دەمێنێت لە باڵیۆزخانە و لە کونسوڵگەرییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، تا ئێستاش هیچ باس لە یاداشتنامەی نوێ نەکراوە بۆ ئیمزا کردن لە نێوانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.

هاوکارییەکان پەیوەندییان بە یەکخستنەوەوە نییە

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئیرادە میدیا وتی "ئەو هاوپەیمانییە کۆتایی هاتووە، تا وەکو رێککەوتنی نوێ نەکرێت هیچ هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە نییە و پەیوەندی بە یەکخستنەوەشەوە نییە، راستە ئەو هاوکارییەی پێشتر هەبووە بۆ شەڕی داعش بووە، بۆیە ئێستا پێویست بە ڕێککەوتنی نوێ هەیە و تا ئەوەش نەکرێت هیچ هاوکارییەکی ماددی نادرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو ڕێککەوتنەی کە هەشبوو مانگی نۆ کۆتاییەتی".

کۆتایی هاتنی رێککەوتنەکە و کشانەوەی ئەمریکا

هێزەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان بە نزیکەی ۱۸۰ هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت، لە ساڵی دارایی ٢٠٢٦دا بڕی ٦١ ملیۆن دۆلاریان وەک هاوکاری بۆ کڕینی چەک، مەشق و ڕاهێنان و مووچە لە پێنتاگۆن وەرگرتووە. بڕیاری کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکە لە ۳۰ی ئەیلوول، ڕێک هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق.

دوای ڕۆشتنی هێزەکانی ئەمریکا، لە ئێستاوە پرسی جێگرتنەوەی ئەو بنکانە دەبێتە هۆی کێشمەکێشی نێوان هەولێر و بەغداد؛ چونکە بەپێی دەستوور شیکردنەوەی جیاواز بۆ شوێنگرتنەوەیان دەکرێت. بۆ نموونە: هەرێم دەڵێت بەپێی ماددەی ١٢١ مافی خۆیەتی هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر بکات، عێراقیش هەر بەپێی دەستوور و بەپێی ماددەی ١١٠، بە مافی خۆی دەزانێت دەسەڵاتی فیدراڵی لەو شوێنانەدا جێگیر بکات.

وەزیری پێشمەرگە یەکخستنەوەی هێزەکانی ڕاگەیاند

رۆژی ١١ ی ئەیلولی ٢٠٢٦ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن ڕادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە، پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.

وتیشی، دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و ڕێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە، لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر)  ڕێکخرانەوە.

شۆڕش ئیسماعیل وتیشی، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین  کە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

"ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان." وەزیری پێشمەرگە وای وت.

 

 

  • مەرجەکانی کەجەکە و پەیامی ئیمراڵی؛ ئایا پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەگاتە ئەنجام؟

  • پێنج کێشە بەرۆکی گرتووە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران جێگرەوەی هەیە؟

  • هاوکارییەکان لە ٤٥٠ ملیۆنەوە بۆ سفر؛ جەبار یاوەر:تەنها هاوکاری پێشمەرگە کۆتایی نەهاتووە

  • هێرش بۆ سەر زڕگوێزەڵە و تەقینەوەکانی هەڵەبجە؛ پەیامی تۆقاندن لەبەردەم مانگرتنی گشتی ڕۆژهەڵاتدا

  • حوسییەکان بە سەرپەرشتی ئێران و چاوپۆشی ئەمریکا چۆن گەیشتنە دەروازەی بابولمەندەب؟

  • کەجەکە: کورد لە سوریا بێخاوەن نییە

  • هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چوارشەممە مانگرتنی گشتییه‌ بۆ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی

  • سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە

  • مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم

سەرەکی