ڕەحمان غەریب
04/10/2026
88 جار خوێنراوەتەوە
بۆ زەمانێکی جیا هاتوونەتە دونیاوە
نەوەیەكی بێ (سەركردەی یەكەم)، بێ دروشمی بڕوخێ و بژی، وەك گوڵی خۆڕسك بە نەخشەی نیشتیماندا بڵاودەبنەوە، جارێك بە ناوی وتەبێژی خۆپیشاندان یان رێكخەری داخوازییەكان و ئەدمینی گروپێكی ناڕازی دەردەكەون، لە بەردەم جۆرێك لە خەباتی مەدەنیین، تێیدا هۆشیاری باڵا دەكات، دەنگی داخوازییەكانیان بەرزدەبێتەوە، نەوەیەكن پڕن لە خەون و توڕەیی و ئومێد و گەڕان بۆ مانای ژیانیان لە ناو واقعێكی بێ بەزەیی.
ئەم گەنجانە، بە سروشتی پەیوەندییەكانییان ئاسۆین، بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ نایانجوڵێنێت. دەبینن سیاسەت نوێنەرایەتییان ناكات، خۆیان لە پەراوێزدا دەبینن، بۆ كەمترین ئاستی ژیانێكی دادپەروەرانە و یەكسان دەگەڕێن، وەك نەخۆشخانەیەك نەكرابێت بە سوپەرماركێت، قوتابخانەیەك منداڵان لە زستاندا هەڵنەلەرزن، نرخی شمەك كە چاوی لە گوزەرانی هەژاران بێت، ژینگەیەكی پاك، یان دەرفەتی كاری یەكسان بۆ نەوەی بێكار و پەراوێزخراو لە دەرچووی زانكۆكان.
نەوەیەك بە سروودەكانی ئەنتەرناسیۆنال و مەشخەڵان و ئەی رەقیب گەورە نەبوون، پێیان دەووتن نەوەی تیكتۆك و نوقمبووی جیهانی خۆیان. نامۆن بەسیاسەت، بەڵام لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا بۆ پشتگیری ڕۆژئاوا، گەورەترین توێژی ناو كەمپین و خۆپیشاندانەكانی كوردستان بوون، بە وەهمەکانی ئێمە لەکەدار نەبوون، لە نەوەی ئێمە جیاوازن.
ئێستا لە دەربڕینی هەڵوێستەكانیان فۆرمێكی داواخوازی هەنووكەیی وەرگرتووە، نەخلیسكاوە بۆ ناو حزبایەتی دروشمی سیاسی، شەقام دادەخەن، بەڵام سەرباری گوزەران و ناخۆشی قورسی ژیانیان بەرنامەی راپەڕینیان نییە، ژیانی خۆش تەنها لە ریكلامی باڵەخانەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەبینن، نایەكسانی و نادادی ژیانی قورس كردوون، بەڵام بانگەوازیان بۆ شۆڕش نەكردووە، شێوازی دەربڕینی رۆژانە و بێزاری و چاوەڕوانیان بۆ گۆڕانی هەلومەرجی ژیانیان، بەهایەكی گەورەی هەیە.
مانگی ئەیلوول، تۆڕی هاوپەیمانی19(سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات)، رایگەیاند كە لە نۆ مانگی رابردووی 2026, هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان، (335) چالاكی ناڕەزاییان رێكخستووە و زۆرینەیان گەنجان بوون، داوای دامەزراندن دەكەن یان بەشێكن لە چالاكی تر بۆ باشكردنی بارودۆخی خزمەتگوزرای لە ناوچەكانیان، هەر ئەو توێژەن بە شێوازی خۆیان لە رێی پۆستی سەربەخۆ بێزاری دەردەبڕن یان كۆمێنتی تەنزئامێز لەسەر وێنەی سەركردە سیاسییەكان دەنووسن و پەیامیان بۆ دەنێرن.
ئەمان داوای موعجزیەیان نەكردووە، دەبینن سیاسەت و بەڵێنی هەڵبژاردن بوونەتە كردار، لە بری دروستكردنی كارگەیەك بۆ ناوچە هەژارەكان، سایتێك لێرەو لادوكانێكی میدیایی لەوێ دادەمەزرێت، بۆ گروپێكی سیاسی بندیوار، رێكخراوێكی وابەستە پارە هەڵدەڕێژێت ئەمان هەر تەماشاكەرن.
بەپێی راپرسییەكی ناوەندی توێژینەوەی سبەی كە لە ساڵی 2025 ئەنجامیداوە، 72%ـی گەنجانی هەرێمی كوردستان بەدوای كاردا دەگەڕێن. بڕوایان بە بەڵێنە گەورەكان نەماوە، بەهۆی كەڵەكەكردنی بەڵێنە جێبەجێنەكراوەكانی هەڵبژاردن بە تایبەت بۆ رەخساندنی هەلی كار لەناو بێدەنگیی خۆیاندا بە گەشاوەیی دەسووتێن، وای بۆ دەچم عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەم سەرهەڵدانێكی نوێی ناڕەزایەتی بێت، كە لە ساحەی تەحریر بەغدا دەست پێدەكات و تا بەردەم قەڵای هەولێرو سەرای سلێمانیش ناوەستێت.
|