د.شێرکۆ کرمانج
13/10/2026
142 جار خوێنراوەتەوە
دەوڵەت و دامەزراوەکانی تاکە زامنی مانەوەی زمان و نەتەوەن
پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و کۆیاد لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوەن. لەم بابەتەدا گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی زمان دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوە. گرنگی زیاتر بە زمان دەدرێت چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەها و کۆڵەگەی نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە، هەر بۆیەشە لە هەموو کۆڵەگەکانی دیکەی نەتەوە، زمان، بەر هێرش و یاساغکردن کەوتووە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا.
گرنگی زمان بۆ نەتەوە
ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن، ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. تێڕوانینەکەی بێنیدیکت ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو دەناسێنێت بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لە ڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاریی نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاری بۆ دەکات. هەر لەو پەیوەندەدا، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووری تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن. عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و یێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە ئاخافتن بکات، مەگەر لە ڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت. کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت یان دەبێت لە ڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت. لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم نەک ڕەق.
پێگەی زمانی کوردی لە ئێستادا
لە جیھاندا نزیکە ٧٦٠٠ زمان ھەن، نیوەیان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە (Jones 2024). ئەم داتایە لەپاڵ ئەو تێگەیشتنە کە زمانەکان و نەتەوەکان لە پرۆسەیەکی مێژوویی-سیاسیی-کۆمەڵایەتیی لە دایکبوونەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە لە پرۆسەیەکی هاوشێوە لەناویش بچن، ڕێگە خۆشکەرن بۆ درک کردن بە مەترسییەکانی سەر زمان و نەتەوە. بە واتایەکی دیکە، زمان و نەتەوە ئەزەلی نین، چۆن پەیدابوون ئاواش ئەگەری لەناوچوونیان هەیە.
لەو پەیوەندەدا، ڕۆژانە هەواڵی ئەوە دەبیستین کە بەشێکی زۆر لە کوردی باکوور (لە تورکیا) بە کوردی قسە ناکەن یان هەر کوردی نازانن. لە ڕاپرسییەکی ڕاوێست (Rawest)، کە ناوەندێکی توێژینەوەیە لە ئامەد، دەرکەوتووە کە تەنیا ١٨٪ ی گەنجانی کورد (تەمەن ١٨-٣٠ ساڵ) لە باکوور دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێنەوە و بنووسن. لە توێژینەوەیەکی دیکەدا لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەندێک گەورەشاری تورکیا دەرکەوتووە کە نزیکەی ٦٠٪ ی کورد لە ماڵەکانی خۆیان بە کوردی نادوێن بەڵکوو تورکی بەکاردێنن. هاوکات، ئەوەشمان گوێ لێ دەبێت کە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات (لە ئێران) پڕ بووە لە وشەی فارسی و زمانەکەیان خەریکە خسڵەتەکانی خۆی لە دەست دەدات. ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ کوردی ڕۆژاڤا ڕاستتر نەبێت ئەوە دوور نییە لە ڕاستیی. کورد لە باشوور شانسی باشتر بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە زمانی کوردی هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١ دانی پێ نراوە و کەم تا زۆر تا ١٩٩١ لە عێراق خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەشێکی زۆری کوردستان بە کوردی بووە. هەر چۆنێک بێت، لە ١٩٩١ـەوەش لە باشوور بە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی نیمچە-سەربەخۆ و بە بوونی دامەزراوەی دەوڵەتئاسا، زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی لە باشوور گەشەی بەخۆیەوە بینیووە.
لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تونایەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لە ڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (وەک: زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆ) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت، کە دەوڵەت و دامەزراوەکانی لانی کەم ئەرکی بەچەقکردنی زمان بخەنە ئەستۆی خۆیان.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بابەتە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین.
ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت.
بەچەقکردنی زمانی نەتەوە
لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی فەرمی، بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ، دواجار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەشبێت بە زمانی زانست و مەعریفە و ئەدەب و هونەریش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و مەعریفی و فەلەسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا و سووریا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون تەنیا لەبەرئەوەی زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت، بۆ دروست ناکرێت.
لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانی کەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژ بە ڕۆژ، لە هەرێم خەریکە پێگەی زمانی عەرەبی گرنگتر و بەرزتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆبەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە زمانی عەرەبی شان لە شانی زمانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی، عەرەبی یان ئینگلیزییە.
زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی سادەی پێویست بێت.
بێجگە لەوە، وەک تیوری "بژاردەی عەقڵانی" (rational choice)، پێداگری لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیورە نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندوە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانای نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی تونای نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە و ئەگەری فرۆشتنی کتێبەکانیان زیاترە.
بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانی کەم یەکەیەکی سیاسی، فیدرالی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، یان ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێش پاشەکشەکردنی). بەچەقکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناوماننا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لە ڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرلییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکەی کە تێیدایە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پارستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ زمانی کوردی لە باشووریش نەڕەخساوە، لانی کەم تا ئێستا.
ئەنجام
لە سەد ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لە ئاکامدا، بەو ئەنجامە دەگەین کە بڵێین، ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بووبێت بۆ هەزار ساڵ، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانای خۆیان وەگەڕخستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ.
دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان دەهاڕن و لە ڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە میلیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناوبردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ و سەردەست، کولتووری زاڵ و سەردەست، زمانی زاڵ و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بە خۆشی بێت یان بە زۆر، لە ماشێن و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد دەوڵەتی نەبێت ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.
|