11   کاتژمێر پێش ئێستا 96 جار خوێنراوەتەوە

دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

لە دووەم ڕۆژی دیداری مێریدا ک لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا ئاستی ئامادەیی ئەمنی و داهاتووی سەقامگیریی وڵاتیان تاوتوێ کرد. لە کاتێکدا بەغدا هەوڵەکانی بۆ گرتنەبەری کۆنترۆڵی تەواوەتی دەستپێکردووە، هەرێمی کوردستان هۆشداری لە بەردەوامیی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەدات.

کشانەوەی هاوپەیمانان و کێشەی بۆشایی تەکنەلۆژی

پاش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلوولدا کە لە دوای ١٢ ساڵ لە هاوکاری ئەمنی هات، قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دانی بەوەدا نا کە کشانەوەکە بۆشاییەکی تەکنەلۆژی لە بوارەکانی چاودێری و ڕووماڵکردنی گرووپە تیرۆریستییەکاندا دروستکردووە. بۆ ئەم مەبەستە عێراق کار لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە دەکات و پێشنیاری دروستکردنی صندوقێکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی دارایی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و سوریا.

چەکدارانی دەستبەسەرکراو و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی

عێراق لە ئێستادا ئەرکی دادگاییکردن و حەواندنەوەی نزیکەی ٥ هەزار چەکداری داعشی گواستراوەی لە سوریاوە لەئەستۆ گرتووە، کە ئەمەش بارگرانییەکی دارایی و لۆجستی گەورەی لەسەر گرتووخانەکان دروستکردووە. لە بەرامبەردا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا کە ڕێکخراوی داعش لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە پێش ساڵی ٢٠١٤ بەهێزترە و ژینگەی عێراق بۆ گەڕانەوەی توندڕەوی لەبارە ئەگەر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش نەکرێن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو لە هەڕەشەی تیرۆریش گەورەتر بووەتەوە.

یەکلاکردنەوەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت و دۆسیەی شنگال

دەربارەی پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئاشکرای کرد کە داواکاری گرووپە چەکدارەکانی شنگال بۆ هێشتنەوەی پێگە سەربازییەکەیان رەتکراوەتەوە. تا ئێستا ١٥٠٠ چەکداری شنگال تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان کراون و پرۆسەی تێکەڵکردنی ٥٠٠ ژن لە پۆلیسی کۆمەڵایەتی و ١٥٠٠ چەکداری تر بەردەوامە. هەروەها مۆڵەتی ١٠ ڕۆژ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا دیاریکراوە بۆ دەستنیشانکردنی قایمقامی نوێی قەزاكە. لە بەرامبەردا وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال جدی نەبووە و دۆسیەکەی کورتکردووەتەوە لە پرسی هەندێک گرووپی دیاریکراودا.

  • پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات

  • دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

  • دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە

  • لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاتژمێر حکومەت پێکهێنین و دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم کورددایە

  • قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

  • شەڕی قاچاخچێتی نەوت و گەرووی هورمز: هەڕەشە توندەکانی ئێران و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

سەرەکی