د.ئەحمەد فاتیح 31/10/2026 281 جار خوێنراوەتەوە

دیوەشاراوەکەی بڕیارێکی دەستووری کە پەرلەمانی هەرێمی پاراست

دكتۆر ئه‌حمه‌د فاتح محه‌مه‌د


بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی لە دژی ڕێڕەوی یاسایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو، تەنیا ڕێکارێکی دادوەریی ڕووت نەبوو کە بە دەق و شکڵییاتی یاساییەوە بەسترابێتەوە، بەڵکو لە ناواخندا وەرگێڕانی پراکتیکیی سازانێکی سیاسیی پێشوەختە بوو کە لە ژوورە داخراوەکانی نێوان بەغدا، هەولێر و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا داڕێژرابوو. لە کاتێکدا دەقی بڕیارەکە تەنیا پشتی بە نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری و تایبەتمەندیی بابەتی بەست، بەڵام پێشهاتە سیاسییەکان ئەوەیان دەسەلماند دادگا ئاماده‌گیی هه‌بوو به‌ر بە تەقینەوەی ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی دەستووریی ئاڵۆز بگرێت، کە ئەگەری هەبوو هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.


سەرەتای ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی چەند لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، بۆ دووبارەکردنەوەی ته‌كتیكی گواستنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان بۆ هۆڵەکانی دادوەریی دەستووری لە به‌غدادی  پایتەخت. ئەم هێزانە لە چەند وێستگەیەکی پێشوودا ڕاهاتبوون دادگای فیدراڵی وەک کارتی گوشار دژی هەژموونی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەکاربهێنن بەڵام ئەمجارەیان کاتەکە گونجاو نەبوو و بەر ئیرادەیەکی یەکلاکەرەوەی بەغدا کەوت بۆ داخستنی ئەم دەروازەیە.

ناوەندە دادوەری و سیاسییە باڵاکانی عێراق گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی بەدەمەوەچوونی تانە ڕێکارییەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانی 20ی تشرینی یەکەم، دادگای باڵا دەخاتە نێو گێژاوی ململانێ حیزبیەکان و بێلایەنیی دەستووریی دادگاکە له‌كه‌دار ده‌كات.
ئەم هەڵوێستە هاوتەریب بوو لەگەڵ قۆناغی هێوربوونەوەی دادوەری کە حکومەتی فیدراڵی و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەولێر لەسەری ڕێککەوتبوون. لێ پاش چەندین ساڵی پڕ لە گرژی و بڕیاری شۆک ئامێز کە کەرتی نەوت و گازی گرتەوە، پەرلەمانی پێشووی هەڵوەشاندەوە و شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردنی گۆڕی، دەسەڵاتدارانی بەغدا گەیشتنە ئەو بڕوایەی تێکدانی دەرئەنجامی هەڵبژاردنێک کە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچووە، جارێکی تر ململانێی دارایی و نەوتی دەورووژێنێتەوە و ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە مووچە و بودجەی هەرێم تێکدەدات.


لە لایەکی ترەوە بڕیارەکە بووە هێڵی ده‌ربازبوون بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لە هەولێر، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیان بە گفتوگۆی داخراو و ئاڵۆز کردبوو بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان و حکومەت. هەر بڕیارێک بۆ هەڵپەساردنی کاری پەرلەمانی نوێ یان پووچەڵکردنەوەی پێکهاتەکەی، هەرێمی دەخستە ناو بۆشاییەکی یاسادانانی کراوە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی دابەشبوونی کارگێڕی و جوگرافیی نێوان هەولێر و سلێمانیی زیاتر دەکرد.


هاوکات پەیامە نێودەوڵەتییەکانیش ڕۆڵی کاریگەریان لە ئاڕاستەکردنی ناڕاستەوخۆی ئەم بڕیارەدا هەبوو، واشنتۆن و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) چه‌ند مانگێكی دوور و درێژ‌ ماندووبوون تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و چەقبەستوویی دامەزراوەیی شکێنرا. نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بەڕوونی هۆشدارییان دابووە سەرکردەکانی بەغدا لەوەی کە پێویستە دەستکەوتی سندووقەکانی دەنگدان بپارێزرێت و ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دادوەری نەدرێت کە شەرعییەت لە پرۆسەی هەڵبژاردن بستێنێتەوە.


لێرەدا ژووری دادوەری لە دادگای فیدراڵی دەرچەیەکی دەستووریی دۆزییەوە، دادگا خۆی لە دەستبردن بۆ ناوەڕۆکی سکاڵاکە لاداو و حوکمەکەی لە چوارچێوەی ماددەی 93ی دەستووردا سنووردار کرد، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە ڕەهاکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم کە لە ماددەکانی 117 و 121ی دەستووردا چەسپێنراون. ئەم داڕشتنە یاساییە قەڵغانێکی دەستووریی بۆ پەرلەمانی کوردستان دابین کرد و بنەمایەکی جێگیری داهێنا کە بەپێی ئەوە، دادگای فیدراڵی نابێتە ئامرازێک بۆ پەکخستنی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، هەر کاتێک لایەنە ناڕازییەکان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا شکستیان هێنا.

 

سەرەکی