×

ئارام ڕەفعەت 15/05/2024 115 جار خوێنراوەتەوە

زمانى کوردى بوون و نەبوونى کوردە

پێش فەتوحاتی عەڕەبەکان بۆ میسر، زمانی قیبتی دەوڵەمەندترین زمان و رێنووسی گەورەترین شارستانی دونیا بوو. 

ئێستا ئەو زمانە لەناوچووە و قیبتییەکانی میسر بەعەرەبی دەئاخفن. 

ئەوەی گەلی قیبتی بەنیوە مردوویی هێشیووەتەوە جیاوازی ئاینییە. دوای نەمانی زمانی دایک، ئەو میسریانەی بوونە موسوڵمان، راستەوخۆ بوونە عەڕەب و ئەوانەش بە مەسیحی مانەوە خۆیان بە قیبتی دەزانن، بەڵام زمانی ئاخاوتن و ناوماڵ عەڕەبییە و تەنانەت عیبادەتیش بە عەڕەبی دەکەن. 

 سەرەتا خەلیفەی ئەمەوی، عەبدولمەلیک بن مەروان، زمانی قیبتی لە دیوان و دەزگا ئیدارییەکاندا قەدەغە کرد و زمانی عەڕەبی سەپاند.

دواتریش خەلیفەی فاتیمی، ئەلحاکم بامرالله،  بەکارهێنانی زمانی قیبتی لە ماڵ و کۆڵان و هەموو شوێنێک حەرامکرد و سزای قورسی بۆ بەکارهێنانی تەنانەت وشەیەکی قیبتیش دانا.

ئێمەی کوردیش بە ئەزموونێکی هاوشێوەدا تێپەڕیوین و هەندێک دژوارتریش. 

تا سەدەیەکیش لەمەوبەر، پەندە خود نەفریەتییەکەی “فارسی شەکەرە، تورکی هونەرە و کوردیش ریخەکەرە” وێردی سەرزمانی خوێنەوارانی بوو.

بۆ زیندوومانەوەی زمانی کوردی ئێمە قەرزاری میرنشینەکان و چیاکان و دایکانی کوردین.

هەرچەندە، جگە لە میرنشینی ئەردەڵان، زمانی کوردی زمانی دیوانی هیچکام لە میرنشینەکان نەبوو، بەڵام سیستەمی میرنشینی لەلایەکەوە نەیهێشت، داگیرکەر راستەوخۆ حوکمی کوردستان بکات. جگە لەوە، سیستەمی میرنشینی پەراوێزێکی بۆ کوردبوون فەراهەم کردبوو. مەلای جەزیری و فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی و نالی و مەستورە زادەی ئەو پەراوێزەن.

بە نەمانی میرنشینەکان، گورزی گەورە بەر زمانی کوردی کەوت. نەمانی شەدادی و رەوادییەکان، بە تورککردنی ئازەربایجانی لێکەوتەوە.

هەروەک نەمانی بۆتان و سۆران و بابان بەتورککردنی کوردانی بەشە کوردستانییەکەی رۆژاڤای فورات لە باکور و هەروا کوردانی بەشێک لە شارەکانی گەرمەسێری لەباشور لێکەوتەوە.

دابڕاندنی لوڕ و بەختیاری و تا رادەیەکیش لەک لە کورد، دەرهاویشتەیەکی تری نەمانی میرنشینەکان بوو.

دوای میرنشین  قەرزاری چیاکانین. بەشوێن نەمانی میرنشینەکاندا، بەگشتی داگیرکەری تورکی و فارسی و دواتریش عەڕەبەکان نەیانتوانی حوکمڕانی ڕاستەوخۆی گوندەواری کوردستان بکەن و زمانی کوردی لە گوندەوارەکانی باکور و رۆژاڤا و وە گوندەوارەکانی ورمێ و ئیلام و کرماشان بەزیندوویی مایەوە.

دوای چیاکان، دایکانمان، پارێزەری زمان بوون. لە شار و شارۆچکەکانی باکور و رۆژاڤا و بەشێک لە رۆژهەڵات و باشور، باوکان لە بازاڕ و خوێندنگە و سەربازگە و فەرمانگە ناچار بە ئاخاوتن و فێربوونی زمانی داگیرکەر بوون. ئەوەی رێگربوو لەوەی زمانی داگیرکەر ببێتە زمانی ماڵەوەش دایکانبوون و ئەوان زمانی داگیرکەر فێرنەدەبوون. 

دامەزرانی هەریەک لە حکومەتی هەرێم و خۆسەری رۆژاڤا نەک هەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لەم دوو بەشە کەم کردەوە، بەڵکو رۆحیشی کردەوە بەر زمانی کوردی لە رۆژهەڵات و باکوریش.

ئێستا دەیان کەناڵ و تەلەفزیۆنی هەر لە شیروان و قۆچانی خوراسانەوە تا دەگاتە ئیلام و کرماشان و ماکۆ و شەڵماش و هەکاری و ئورفا و قامیشلۆ و کۆبانێ و خانەقین و شنگال میوانی ماڵە کوردەکانن و سەرەڕای نا نیشتیمانی و نا کوردستانیبوونی ئەو کەناڵانە، تا ڕادەیەکی زۆر پێشبڕکێ لەگەڵ میدیای داگیرکەردا دەکەن و ناهێڵن زمانی داگیرکەر تاکە زمانی ناو ماڵان بێت.

سەرەڕای ئەو پیشڕەویانە، هەڵەیەکی مەزنە پێمانوابێت زمانی کوردی لە مردن و لەناوچوون مەرەخەس بووە. تاکە دەزگایەک بتوانێ زمان بەزیندوویی بێڵێتەوە و بیکاتە زمانی نیشتیمانی دەوڵەتە. 

بێ بوونی دەوڵەت، زوو یان درەنگ، زمانی کوردیش وەک زمانی قیبتی چارەنووسی لەناوچوونە، ئەم دەیەش نەبێت، دەیەی داهاتوو، ئەم سەدەیەش نەبێت، سەدەی داهاتوو لەناو دەچێت. 

دواجاربوون و مانەوەی کورد پەیوەستە بە مان و نەمانی زمانەکەیەوە و ئەویش پەیوەستە بە بوون و نەبوونی دەوڵەتی کوردستانییەوە.

هەموو وتارەکانی ئارام ڕەفعەت

سەرەکی