×

د. میران محمد 04/07/2024 262 جار خوێنراوەتەوە

شەڕی قەڵەمڕەوی

لەئێستادا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دواخراوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی رۆژئاوا لەمپەری بۆ دروستبووە، سنوری پارێزگای سلێمانی لەپای هەڵوێستی نەتەوایەتی دوچاری کۆت و بەندی فڕۆکەوانی بووەتەوە، ئەگەری لەشکرکێشی بۆ قوڵایی خاکی هەرێم لەلایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی بەکراوەیی ماوەتەوە. هەموو ئەمانە هەڕەشەن بۆ تێکچوونی ئارامی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.  

لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەربەخۆ، هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت لە بەدەستهێنانی زەمانەتی دامودەزگا شەرعیەکانی، وە عیراق سوودمەند دەبێت لە مافی بەرگری لە سەروەری خاک و پاراستنی سنوورەکانی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەم دووانە پێویستن بۆ پارێزگاریی لە ئاشتی و هێمنی ناوچەکە، کەواتە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە چاکسازی و خزمەتگوزارییەوە نییە، بەڵکو مەودایەکی ئیقلیمی هەیە، هەر لەبەرئەمەیە نێردەی وڵاتان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە لەوادەی خۆیدا و هۆشداری دەدەن بۆ دوانەخستنی زیاتری.  

بەئاشکرا سوپای وڵاتان سەرقاڵی تۆپباران و ئۆپراسیۆنن، پێویستە رێگری بکرێت لە راکێشانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناو جەنگێکی ناوچەیی، کە بێگومان لەبەرژەوەندی خەڵکدا نییە.

بۆ ئەو مەبەستە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەهەموو توانایەکەوە هەوڵدەدات کێشەی هەموو پارچەکانی کوردستان بە گفتوگۆ و دانوسان چارەسەربکرێت، بەردەوام هەوڵدەدات رێگریی بکرێت لە بەرپابوونی جەنگی هەرێمایەتی کە ماڵوێرانی و مەرگ و برسێتی زیاتر بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە دەهێنێت، بەتایبەت کە لە سەردەمێکداین دەستێوەردانی تەکنەلۆجیا هێندە بەهێزە، خوانەکردە هەر ئاگرێک بەرپاببێت، خامۆشبوونەوەی زۆر زەحمەتە.

کەواتە پێداگریی یەکێتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەروانگەی پێویستی قۆناغەکەیە بۆ رێکخستنەوەی زووبەزووی دامەزراوەکانی هەرێم تاوەکو لە چوارچێوەی هێڵە نەتەوایەتییەکانی کورد و هێڵە نیشتمانییەکانی عیراقدا، بەیاسا پارێزگاریی لە سەروەری خاک و ئاشتی لەناوچەکەدا بکرێت. 

لەم بابەتەدا هەر لایەنێک وەکو یەکێتی بیربکاتەوە ئەوا پێویستە وەک مەسەلەیەکی ستراتیجی لە هەوڵ و هەڵوێستەکانی یەکێتی بڕوانێت و نزیکی لە هێڵە نەتەوایەتی و گشتییەکەی یەکێتی هەڵبژێرێت، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە لە سنوری سلێمانیدا رەخنەگر و چالاکن، ململانێی هەڵبژاردن و بانگەشە ( کە مافی خۆیانە) تێکەڵ نەکەن لەگەڵ بابەتێکی هەستیاری لەم شێوەیەدا. 

بەمانایەکی تر، لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ و هەندێک دەسەڵات لەناوخۆی خۆماندا نەبینە بەشێک لە شەڕی قەڵەمڕەوی هەرێمایەتی، کە دواجار بەزیان بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەوێتەوە، واتە لە گەرمەی کێبڕکێی هەلبژاردندا پێویستمان بە خەمێکی هاوبەشە لەو ئاگرەی کە دواجار بەرۆکی هەموومان دەگرێتەوە.

هەموو وتارەکانی د. میران محمد

سەرەکی