21 کاتژمێر پێش ئێستا
9572 جار خوێنراوەتەوە
ئایا ئەمریكا حەشدى شەعبى هەڵدەوەشێنێتەوە؟
پوختە
لەکاتێکدا هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بونی هەر پەیامێکی ئەمریکی سەبارەت بە هەڵوەشانەوەى هێزەکانی حەشدى شەعبى رەتدەكەنەوە، بەڵام ئاشكرایە عێراق شایەتحاڵی پێشهاتە بێدەنگەکانە لەسەر ئەرزى واقیع، کە ئەو پێشهاتانەش بە ڕاگرتنی لەناکاوى موچەی ئەندامانى حەشد و ڕەتکردنەوەی هەندێک لە بانکەکان بۆ خەرجکردنی پارە بە بیانوی "گرفتی تەکنیکی" نوێنەرایەتی دەکرێت. هەربۆیە لە نێوان ئینکاری گشتی و کاریگەرییە شاراوەکاندا، پرسیاری جیددی سەرهەڵدەدەن؛ ئایا فشارەکانی ئەمریکا لە ئێستاوە لە ڕێگەی کەناڵی داراییەوە دەستیپێکردوە؟ و ئایا ئەم تەجمیدكردنەى حەشد كە بە ئاشكرا ڕانەگەیەندراوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پڕۆژەیەکی قۆناغ بە قۆناغى هەڵوەشاندنەوە؟.
فەتح ڕەتیدەکاتەوە: هیچ پەیامێک و دەستوەردانێكی ئەمریکی نییە
مەحمود ئەلحەیانی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا ناوخۆییەكانى عێراق رایگەیاند؛ بونى هەر پەیامێكى ئەمریكا بۆ حكومەتى عێراق سەبارەت بە هێزەكانى حەشدى شەعبی دورە لە راستییەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەت هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆدا ڕەتدەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییە فەرمییەکانەوە هەیە.
ئەلحەیانی ڕونیشیکردەوە، هێزەکانی حەشدى شەعبى دامەزراوەیەکی ئەمنیی و فەرمییە، هاوشێوەی پۆلیس و سوپا و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە و لەژێر فەرماندەیی ئەودا کاردەکەن.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح وتیشى: هیچ پاساوێک نییە بۆ هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، ئەمریکی یان هەر لایەنێكى دیکە، سەبارەت بە حەشدى شەعبى و دۆخى ناوخۆیى ئەو هێزانە، چونكە ئەگەر هەر پەیامێک لەم بارەیەوە وەربگیرێت، ئەوا بە ڕەتکردنەوەی حکومەت و لایەنە سیاسیییەكان پێشوازی لێدەکرێت.
موچە ڕاگیرا و بانکەکان هەڕەشەی پارە تەجمیدكردن دەکەن
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەتکردنەوانە، ڕۆژانی ڕابردو هەموان شایەتی پچڕانی خەرجکردنی موچەی ئەندامانی حەشدى شەعبى بوین بەتایبەت دواى ئەوەی کۆمپانیای "كى كارد" ڕەتیکردەوە مامەڵە لەگەڵ پارەدان بکات، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی پشتڕاستی کردەوە کە بەشێوەیەکی ئاسایی پارەکەی گواستۆتەوە، بەڵام دواتر دەستەى هێزەكانى شەعبى خۆیان رایانگەیاند كە ڕاگرتنی پارەكە بەهۆی هەندێك ئەپدەیتى تەکنیکییەوە بوە، بەڵام کاتی ڕوداوەکە و دوبارەبونەوەی لە چەند مانگی ڕابردودا، گومانی زیاتری لەبارەی پاڵنەرە ناتەکنیکییەکانەوە دروستکردوە.
چاودێرانى سیاسى باسیان لەوەکردوە کە "فشاری ڕانەگەیەندراو" لەسەر هەندێک لە بانکەکان لەرێگەى لایەنە دەرەکییەکانەوە دەکرێت، کە پێدەچێت ئەمریکی بن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە بە "بێ دیسپلین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا" وەسفکراون، كە هەر خودى ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو میلیشیایانەى حەشدى شەعبى کە لە سیستمی پابەندبونی ئەمریکادا نین.
خنکاندنی دارایی لەبری هەڵوەشاندنەوەی ئاشکرا
بە بڕوای میدیاكاران و چاودێرانی سیاسی و زۆرینەى سەركردەكانى ئەو گروپە چەكدارانە، ئەوەی ڕودەدات ڕەنگە هەوڵێک نەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حەشدى شەعبى، بەڵکو فۆرمێکی نوێی فشار بێت لە ڕێگەی کەرەستەی ناسەربازییەوە، پشت بە وشککردنی سەرچاوە داراییەکان دەبەستێت؛ تا دەبێتە مایەى دروستکردنی دۆخێکی سنوردارکردنی دارایی و وردە وردە ئەو میلیشیایانە ماندو دەكات.
ئەوان ئاماژە بەوەش دەکەن، كە ئەمریکا لە سەپاندنی بڕیاری ستراتیژیی دا لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە؛ ڕوبەڕوی ئاستەنگ بوەتەوە، واشنتۆن بۆ ئەو مەبەستە دەستیکردوە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە داراییەکانی وەک سیستەمی پابەندبونی بانکی، بۆ ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ بۆ بەغدا سەبارەت بە "تەحەمول نەکردنی ئەو دامەزراوانەی پەیوەستن بە کوتلە چەکدارەکانەوە".
موچە وەرگیرا و ئەمریكاش لە داهاتودا هەر هەنگاوى خۆى دەنێت
بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، دوێنى دەستەى حەشدى شەعبى لە بەیاننیامەیەك دا خەرجكردنى موچەى مانگى حوزەیرانى ئەندامەكانى راگەیاند و ئاشكرایكردوە كە موچەكە لە ڕێگەی شوێنە دیاریکراوەکانەوە دەگەیەنرێت بە ئەندامانى هێزەكانى.
هاوكات، بە راى چاودێرانى سیاسى، ئەمریكا لە قۆناغەكانى داهاتودا فشارەكانى زیاتر دەكات لەپێناو هەڵوەشانەوەى میلیشیاكانى حەشدى شەعبى، چونكە تا ئەو گروپ و هێزانە هەبن، پلانى رێككەوتنە ئیبراهیمییەكانى ئیسرائیل و ئەمریكا لەگەڵ عێراق جێبەجێ ناكرێت و حكومەتى واشنتۆن لە روى ستراتیژییەوە لە عێراق ئامانجەكانى بەتەواویى ناپێكێت.
-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'
|
-
سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو
|
-
بەغدا لە چاوەڕێی زریانێكى توڕەتردایە لە دژى ئێران
|
-
ئایا ئەمریكا حەشدى شەعبى هەڵدەوەشێنێتەوە؟
|
-
هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە، چاوەڕێی بانگەوازی نوێ لە ئیمراڵی و هەنگاوی نوێ لە پەکەکە دەکرێت
|
-
خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە
|
-
ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن
|
-
عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە
|
-
پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات
|
|
|