3   کاتژمێر پێش ئێستا 6765 جار خوێنراوەتەوە

تره‌مپ بڕیارێكى له‌ناكاوى ڕاگه‌یاند

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی بڕیارەکەی بۆ دانپێدانان بەسەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا ئاشکراکردو ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی بەبێئەوەی کەس داوای لێبکات داویه‌تى، تەنانەت لایەنگرە سەرسەختەکانی ئیسرائیلیش بە"هەنگاوێکی زۆر دوور"یان زانیبوو.
 
ڕۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ لەکۆشکی سپی میوانداریی ئاهەنگی ساڵانەی حانوکای کرد. 
 
بۆنەی ساڵانەی حانوکا لەکۆشکی سپی، ڕێوڕەسمێکی فەرمیی ساڵانەیە کە لەلایەن سەرۆک‌و خانمی یەکەمی ئەمریکاوە میوانداری دەکرێ بۆ ڕێزلێنان‌و بەرزڕاگرتنی جەژنی حانوکای جووەکان کە بەجەژنی 8 ڕۆژەی رووناکییەکانی جووەکان ناسراوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ وتارێکی پێشکه‌شکردو باسی لەو ساتەوەختە کرد، کە بڕیارەکەی تێدا داو وتی:"من دانم بەسەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا نا، ئەوە شتێک بوو کە تەنانەت داواشیان لێنەکردم".

ترەمپ ئاماژەی بەشێڵدن ئادێڵسن، ملیاردێری کۆچکردوو و یەکێک لەگەورەترین پشتیوانانی دارایی خۆی‌و ئیسرائیل کردو وتی:"تەنانەت شێڵدن هەرگیز داوای بەرزاییەکانی جۆلانی لێنەکردم، چونکە دەیوت ئەوە هەنگاوێکی زۆر دوورە [ئەستەمە]."
 
ترەمپ ئاماژەی پێکرد، دوای ئەوەی لەچەندین سەرچاوەی جیاوازەوە لەبارەی گرنگیی ستراتیژیی جۆلان بیستبووی، لەوانە جەیسن گرینبلاد، نێردەی پێشووی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندی بەدەیڤد فریدمان، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لەئیسرائیل کرد.
 
ترەمپ وتی:"لەڕاستیدا لەدەیڤد فریدمانم پرسی، ئەو کاتە باڵیۆز بوو، پیاوێکی باشە...وتم، دەیڤد، پێنج خولەک یان کەمتر لەبارەی بەرزاییەکانی جۆلان قسەم بۆ بکە، دەزانن، من مێژووی هەزار ساڵە لەپێنج خولەکدا وەردەگرم."
 
دوای کەمتر لەدوو خولەک لەروونکردنەوەکەی فریدمان، ترەمپ رایگەیاندووە، لەگرنگیی سەربازیی ناوچەکە تێگەیشتووەو دەستبەجێ بڕیارەکەیداوە. 
 
ترەمپ وتی: "دوای نزیکەی دوو خولەک، وتم، تێگەیشتم. ئێوە بۆ چەندین هۆکاری دیکە زۆر پێویستتان پێیەتی، پێویستتانە. بۆ بەرگری پێویستتانە." 

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕووی مێژووییەوە، پێش تەکنەلۆژیای مۆدێرن، کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکان یەکلاییکەرەوە بووە.
 
ئیسرائیل لە جەنگی 6 رۆژەی ساڵی 1967دا بەرزاییەکانی جۆلانی لەسووریا کۆنترۆڵکردو لەساڵی 1981 بەیاسایەک خستییەسەر خاکی خۆی، بەڵام ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنرا. 
 
بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ لەئاداری 2019دا سیاسەتی لەمێژینەی ئەمریکای گۆڕی‌و کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی ئەندام لەکۆمکاری عەرەبی‌و بەشێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لێکەوتەوە، کە بەپێی بڕیاری 497ی ئەنجوومەنەکە، بەرزاییەکانی جۆلان بەخاکێکی داگیرکراوی سووریا دادەنرێ.
 
ترەمپ شانازیی بەوەوە کرد کە ئەو کارێکی کردووە سیاسەتڤانانی پێشخۆی بۆ دەیان ساڵ نەیانتوانیوە بیکەن‌و وتی:"ئەوان بۆ 70 ساڵ کاریان لەسەر دەکرد، هەموو ئەوەی باسیان دەکرد بەرزاییەکانی جۆلان بوو و کەس هەرگیز هیچ شتێکی نەکرد، بەڵام من کردم‌و ئێمە بەخێرایی کردمان."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەبایەخی ئابووریی ناوچەکە کردو رایگەیاند، "دواتر بەهایەکەیم بۆ دەرکەوت. بەهاکەی تریلیۆنان دۆلارە، ئەگەر بیری لێبکەیتەوە، دەکرێت بەهاکەی تریلیۆن دۆلار بێت".

  • ئێران تەنها 8 فڕۆکەی کاردەکات‌و پاره‌یه‌كى زۆریش قەرزداری بەغداو نەجەف‌و ئیستانبوڵه‌

  • 8.2 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تایبەت لەعێراق‌و هەرێم هەن.. هەر شەش کەس ئۆتۆمبێلێكى بەردەکەوێت

  • قه‌ندیل ناسنامه‌ى شه‌ش گه‌ریلاى ئاشكراكرد

  • تره‌مپ بڕیارێكى له‌ناكاوى ڕاگه‌یاند

  • دەنگی چەند تەقینەوەیەک لەنزیک بنکەی ئاسمانیی بەلەد دەبیسترێت

  • یه‌كێتیى وه‌ڵامێكى توندى ئارى هه‌رسین ده‌داته‌وه‌

  • بزانە عێراق کەی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێم دەنێرێت

  • سودانى‌و عه‌بادى ده‌چنه‌ كێبڕكێیه‌كى تونده‌وه‌

  • ئه‌مریكا هێڵێكى سوور بۆ ئیسرائیل له‌سوریا داده‌نێت

سەرەکی