2025-06-11
914 جار خوێنراوەتەوە
حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات
لەکاتێکدا کە هۆشدارییەکانی قوڵبونەوەی قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت ، دەبینین بازاڕی خانوبەرە بەدەست ئیفلیجيی نزیکەوە بەتەواوی دەناڵێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کەمی کڕیار و وەستانی فرۆشتن و کڕین و دابەزینی متمانەی هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران بەهەمان شێوە، بازاڕەكەیان بە تەواوى هەرەسپێهێناوە.
بازاڕی خانوبەرەی هەرێم ئیتر نیشاندەری گەشەسەندنی شارەکان نییە؛ بەڵکو بۆتە ڕەنگدانەوەی چەقبەستویەکی درێژخایەنی سیاسی و قەیرانێکی دارایی کە پاشەکەوتی خەڵکی لەناوبردوە و ترس و چەقبەستویی بەسەر سەرمایەداردا هێناوە.
نوسینگەكان چۆڵ و گرێبەستەكان بێ ئیمزا ماونەتەوە
دیمەنێکی دوبارەبوەوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، چۆڵیی نوسینگەكانى خانوبەرە و زیادبونی ئۆفەری فرۆشتن و نەمانی ئۆفەرى کڕینە، خاوەن نوسینگەكان ئەو راستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە بازاڕەکە چۆتە قۆناغی "کۆمای ئابوری"، و چالاکییەکانی بازاڕ بە بەراورد بە ساڵانی پێشو زیاتر لە 80% دابەزیوە. هەندێکیان دەڵێن، ئەو خانوانەی پێشتر بە چەند ڕۆژێک دەفرۆشران، ئێستا بۆ چەند مانگێک دەخرێنە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن و بێ سودن، دەشڵێن؛ بازاڕی خانوبەرە ناجوڵێت تا کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێن.
ئابوریناسێك: متمانە پێش پارە لەدەستچوە
فەرمان حسێن پسپۆڕی ئابوری دەستنیشانکردنێكى وردى بۆ بارودۆخی بازاڕەکە هەیەو بە ماڵپەڕى "بەغداد ئەلیەوم"ى وتوە: داتەپینى دۆخى ئابوریى ئێستا لەدایكبوى ئەمڕۆ نییە، بەڵكو دەرئەنجامى كەڵەكەبونى ئابورییەكى تاڵە؛ کە ساڵانێک لەمەوبەر دەستیپێکردوە و لەگەڵ قەیرانی دارایی ئێستادا خراپتر بوە.
ئەو ئابوریناسە زیاتر رونیكردەوە، كە ئەمساڵ هەرێم دابەزینێکی بێ وێنەی بازرگانی خانوبەرەی بەخۆیەوە بینیوە و هۆکاری سەرەکیش نەبونی متمانەیە نەک تەنها نەختینەیی.
حسێن؛ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: فەرمانبەرێک لە کوردستان ئەمڕۆ بیر لە باشترکردنی دۆخی نیشتەجێبونەکەی یان فرۆشتنی خانوەکەی و کڕینی خانویەکی دیکە ناکاتەوە، چونکە سەرقاڵی دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانە، سەبارەت بە بازرگان و وەبەرهێنەران، ئەوان بە تەواوی لە بازاڕ دەرچون، چونکە متمانەیان بە دۆخە گشتییەکە نییە، هەروەها هیچ نیشاندەرێکی دڵنیاکەرەوە نییە لە ماوەیەکی نزیکدا.
سیاسەت لە دڵی قەیرانەکەدا.. و حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهاتوە
ئاشكرایە ناتوانرێت دابەزین و نەبونى مامەڵە لە بازاڕى خانوبەرەى هەرێم دا لەو قەیرانە سیاسییەی هەرێمەکەی گرتۆتەوە جیابكرێتەوە. لەلایەكى ترەوە، لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکیی نێوان هەردو حزبە سەرەكییەكە و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، دامودەزگاکانی هەرێم چونەتە حاڵەتی چەقبەستویی ئیداری و سیاسی، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابوری دروستکردوە و زۆرترین كاریگەریش بەر كەرتى خانوبەرە كەوتوە، ئەگەرچى لەناوخۆى كوردستان دا و لاى تاكى كورد پێكهێنانى حكومەت هیچ بەهایەكى نەماوە، چونكە ئەم پرسە زیاتر لە كاتى خۆى دواکەوت و هەڵبژاردنى پێشو تەنها پەرلەمانێكى ئیفلیج و شەرمنى بۆ بەرهەمهێناوین كە بارگرانى موچەى پەرلەمانتارەكانیشى خستۆتە سەر بودجەى گشتى هەرێم و دۆخى فەرمانبەران و مامۆستایانى هێندەى تر قورس كردوە.
هاوكات، دواخستنى پێكهێنانى ئەو حكومەتەى لاى هاوڵاتییان هیچ گرنگییەكى نەماوە، بۆتە هۆى دروستكردنى قەیران لە دواى قەیران؛ لە چەشنى دواخستنی بڕیارە ئابورییە گەورەکان و پەکخستنی بەشە خزمەتگوزارییەکان و ڕاگرتنی دەیان پڕۆژەی بیناسازی و وەبەرهێنان کە چاوەڕوان دەکرا بازاڕ هان بدات.
کەی بازاڕ دەبوژێتەوە؟
پێناچێت بازاڕی خانوبەرە لە کوردستان بەم زوانە ببوژێتەوە، تا کۆمەڵێک مەرجی بەیەکەوە گرێدراو جێبەجێ نەکرێن، لەوانە، یەکەمیان؛ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا؛ دوەمیان، دیدێکی ئابوری ڕون لە حکومەتێکی سەقامگیرەوە سەرچاوە بگرێت؛ و سێیەمیان؛ دوبارە بنیاتنانەوەی متمانەی گشتییە.
دواجار، بازاڕى خانوبەرە تەنها مامەڵەى ئەو خانوانە نییە کە دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن؛ بەڵكو ئاماژەیەکی قوڵی سەقامگیریی کۆمەڵگەیە كە هەرێم ئەمڕۆ لە ئاستی سیاسی و دارایی خۆیدا ئەم سەقامگیرییەی نییە.
-
هۆكارى هێرشنەكردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرادەبێت
|
-
گرێبەستەكانى هەرێم لە ئەمریكا؛ قەیرانى دارایى قوڵتر دەكاتەوە
|
-
ئیرادە وردەكاریى ئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات
|
-
حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات
|
-
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"
|
-
عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات
|
-
ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو
|
-
نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت
|
-
ئیرادە ئامارى پێنچ ساڵى رابردوى خۆكوشتن لەهەرێم بڵاودەكاتەوە
|
|
|