2025-06-10
570 جار خوێنراوەتەوە
ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو
پاش ئەوەى وەزارەتى دارایى عێراق و حكومەتى ناوەند سەبارەت بە ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان؛ بەردەوام بیانوى ئەوەیان دەهێنایەوە كە ئابوريى عێراق لاوازەو وەزارەتى ناوبراو ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بكات، دەزگاى ئیرادە لە راپۆرتێكى بنكۆڵكاریى دا و بەداتا و زانیارى وردەوە سەرجەم خاڵە ئەرێنییەكانى بەرەوپێشچونى ئابوريى عێراق لە ساڵى 2024دا بەجۆرێك دەخاتەڕو كە هەمو پاساوەكانى حكومەتى ناوەند بخاتە ژێر پرسیارەوەو وەك ئیرادە دەپرسین وڵاتێك داتاكانى كەرتى ئابورییەكەى ئەم زانیارییانەى خوارەوەمان پێ بڵێت ئیتر بە چ شرۆڤەیەك دەوترێت ئابوريى عێراق لاوازەو تواناى پارەداركردنى وەزارەتى دارايى نییەو حكومەت ناتوانێت موچە دابینبكات؟.
ئیرادە لەم راپۆرتەدا بە وردى پانۆراماى روداوە ئابورییەكانى عێراق لە ساڵى 2024دا دەخاتەڕو.
ساڵی 2024 شاهیدی چەندین پێشهاتی ئابوری دیار بو لە عێراق، لەوانە کەرتی نەوت و فراوانبونی هاوردەکردنی وزە لە وڵاتانی دراوسێوە، ئەمە جگە لە هەڵاوسانەکانی پەیوەست بە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و ڕێوشوێنى سزادانە بەردەوامەکان بەرامبەر بە بانکەکانی بەشدار لە زیادکردنی دراو.
ئەمساڵ هەوڵی چڕو پڕی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی بو بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بازاڕ، رۆڵێكى بەرچاویان بینیوە لە پێكەوتنى كەرتى ئابورى لە عێراق دا.
ساڵی 2024 بۆ عێراق دادەنرێت بە ساڵى پێشکەوتنی ئابوری بەرچاو لە پەیوەندی وڵاتەكە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە لە 16ی ئایاردا پێشبینی کردبو ئابوری عێراق لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 1.4% و لە ساڵی 2025دا 5.3% گەشە بکات، پێشبینییەكانى تا ناوەڕاستى ئەمساڵ وەك خۆى دەرچو، پسپۆڕانى ئابوریى لەو رێكخراوە ئاماژەیان بەوەشدابو کە کورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ 7.6% لە ساڵی 2024دا بەڕێژەیەكى فراوانتربو، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا 1.3% بو.
لای خۆیەوە، مەزهەر ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی، لە 18ی ئایاردا ئاشکرایکرد، کۆی ئەو قەرزانەی کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە ساڵی 2003ەوە پێشکەشی عێراق کردوە، کەمتر لە 8 ملیار دۆلار بوە، ئەوەش پشتڕاستدەکاتەوە کە عێراق لە ساڵی 2024دا بە تەواوی قەرزەکانی داوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە لە 22ی تەمموزى ساڵى 2024دا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتوە کە یەدەگی زێڕی عێراق دو هەزار و 644 تۆن زیادیکردوە و کۆی گشتی یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتۆتە 148 هەزار و 305 تۆن.
لە بەرەی هەڵسەنگاندنی قەرزدا، ئاژانسى "فیچ"ى نێودەوڵەتى لە 28ی تشرینى دوەمى ساڵى پاردا ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندنی عێراقی لە دۆخ وپلەى B- بە ئاسۆیەکی جێگیرەوە دوپاتکردۆتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییە لە نێوان ئاستەنگە ئابورییەکان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ باشترکردنی سەقامگیری دارایی.
ئاژانسەكە پێشبینیشی کرد کە کورتهێنانی بودجەی عێراق لە ساڵی 2024 بۆ 8%ی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزبێتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا کورتهێنانی 2% بو.
سەبارەت بە بودجەی گشتی، ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی لە 4ی حوزەیرانی 2024، بودجەی ساڵی پەسەند کرد، بودجەكەش بڕی 211 ترلیۆن دینار بو، کە بەرامبەرە بە زیاتر لە 155 ملیار دۆلار، ئەمەش گەورەترین بودجەیە لە مێژوی وڵاتدا.
خەرجییەکانی کارکردن 74%ی کۆی بودجەی گشتیی پێکهێناوە کە 95% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش تیشکدەخاتە سەر بەردەوامی باڵادەستی نەوت لە هەیکەلی ئابوری عێراقدا.
نەوت: گرێبەست و ڕێککەوتنی ستراتیژی بەرچاو لە ساڵی 2024
کەرتی نەوتی عێراق لەساڵی 2024 شاهیدی زنجیرەیەک گرێبەست و ڕێککەوتنی ستراتیژی بو بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و بەرزکردنەوەی بەرهەمی نیشتیمانی، ئەمە جگە لەوەی بەشداری لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لە نێو گروپی ئۆپێک پڵەس دا کرد.
گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی غاز
ڕۆژی 14ی نیسان وەزارەتی نەوت گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای یۆكەرزیم ڕیسۆرسی ئۆکرانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی عەكاز لە ئەنبار واژۆکرد. ئامانجی گرێبەستەکە لە ماوەی دو ساڵی یەکەمدا 100 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی ڕۆژانە بەرهەمبهێنرێت، لەگەڵ پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە ماوەی چوار ساڵدا.
لە 31ی تشرینی یەکەمدا، بە مەبەستى پەرەپێدانی کێڵگەی غازی مەنسورییە، کە 300 پێ سێجا لە غازی رۆژانە، وەزارەت گرێبەستێکی لەگەڵ هاوپەیمانێتى نێوان هەردو کۆمپانیای "جیرا"ى چینى و "پێترۆ"ى عێراقی واژۆکرد.
خولی مۆڵەتدان و پڕۆژەی نوێ
ڕۆژی 12ی ئایار، وەزارەتی نەوت 29 پڕۆژەی نەوت و غازی لە خولی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتپێدانی تەواوکەر دەستپێکرد، بە ئامانجی بەرهەمهێنان لە نێوان 800 بۆ 850 مەتر سێجا غاز و 750 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا.
لە 14ی ئاب گرێبەستی گەشەپێدان بۆ 13 بلۆکی گەڕان و کێڵگەی نەوت و گاز واژۆ کرا.
یاداشتی لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانی كێڵگەكان
لە 25ی ئایاردا وەزارەت واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان کۆمپانیای سیمێنس و شلێمینگەری ڕاگەیاند بۆ وەبەرهێنان لە غازی پەیوەندیدار بە سوتێنەر، لەگەڵ پلانی پێشکەشکردنی پێشنیاری تەکنیکی و دارایی بۆ پەرەپێدانی مەیدانی.
ڕۆژی 1ی ئاب، وەزارەت یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی باکور لە کەرکوک.
دەستكەوتى بەكاربردن و ژێرخانى ئابوریى
لە 9ی ئەیلولدا، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، نەوتهەڵگری نوێی "سومەر"ی کردەوە، کە توانای گواستنەوەی تا 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
بانکی ناوەندی: بڕیار و یاداشتەکان
لە ماوەی ساڵی 2024دا بانکی ناوەندی عێراق کۆمەڵێک بڕیار و یاداشتی دەرکرد بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی وڵات. لە رۆژى 2ی نیسان، بانکی ناوەندی بڕیارێکی دەرکرد کە هەشت بانکی بازرگانی ناوخۆیی لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەغەکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە.
ڕۆژی 31ی ئاب، بانکەکە واژۆکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ كۆمپانیاى ئۆلیڤەر وایمان ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی پێداچونەوەی گشتگیر بە دۆخی بانکەکانی عێراق، ئەوەش بە گرنگیدان بەو بانکانەی مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی تیایاندا قەدەغەکراون، ئەم ڕێوشوێنە ئامانجی بەرزکردنەوەی شەفافیەت و باشترکردنی ئەدای کەرتی بانکیی بو.
لە 3ی کانونی یەکەمدا، بانکەکە یاداشتێکی هاوکاری لەگەڵ قوتابخانەی فرانکفۆرت واژۆکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی (GIZ)، بێگومان ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی دارایی گشتی و بازاڕە داراییەکان لە عێراق دا بو، کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی ئەڵمانیاوە پارەی بۆ دابینکراوە، هەڵبەت ئامانج لە یاداشتەکە باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بەرزکردنەوەی کارایی بازاڕە داراییەکانە لە عێراق.
کارەبا: پەیوەندی نێودەوڵەتی و کڕینی غاز
لە ماوەی ساڵى 2024دا وەزارەتی کارەبا بەردەوام بو لە هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی وزە لە ڕێگەی گرێبەستی جۆراوجۆرەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان.
لە 28ی ئازاردا وەزارەت گرێبەستێکی پێنج ساڵەی دابینکردنی غازی لە ئێرانەوە واژۆ کرد، بە وتەی زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران ئەنجام دراوە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز بۆ عێراق دابین بکات.
لە رۆژى 30ی ئازاردا وەزیری کارەبا هێڵی پەیوەندی کارەبای نێوان عێراق و ئوردنی کردەوە کە بۆ ماوەی سێ قۆناغ درێژدەبێتەوە. بڕیارە لە قۆناغی سێیەمیدا تواناکەی بگاتە 500 مێگاوات بە ڤۆڵتیەی (400 کیلۆڤۆڵت) ئەمەش دوای چالاککردنی پەیوەندی سێ قۆڵی نێوان عێراق و ئوردن و میسر هات كە دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی پێویستی وزەی بەشێکی گەورەی پارێزگای ئەنبار.
-
گرێبەستەكانى هەرێم لە ئەمریكا؛ قەیرانى دارایى قوڵتر دەكاتەوە
|
-
ئیرادە وردەكاریى بەئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات
|
-
حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات
|
-
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"
|
-
عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات
|
-
ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو
|
-
نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت
|
-
ئیرادە ئامارى پێنچ ساڵى رابردوى خۆكوشتن لەهەرێم بڵاودەكاتەوە
|
-
ئیرادە رەگوڕیشەى گرفتەكانى نەوت و غاز لە هەرێم بڵاودەكاتەوە
|
|
|