23   کاتژمێر پێش ئێستا 948 جار خوێنراوەتەوە

ئیرادە وردەكاریى ئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات

 

پاش ئەوەى ساڵح سەلمان، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، لە مانگی داهاتوەوە پارەدان بە پارە لە دامودەزگاکانی حکومەت قەدەغە دەکرێت، لە ئێستادا حكومەتى عێراق بەشێوەیەكى چڕو بەرنامە بۆ داڕێژراو؛ خەریكى جێبەجێكردنى هێڵە گشتییەكانى ئەو هەنگاوەیە كە لە هەمان كاتدا دەبێتە مایەى ئەوەى کە چاکسازی لە کەرتی بانکیی تایبەتدا جێبەجێ بکرێت.

 سەلمان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی  وتبو: حکومەتی عێراق کۆمپانیای ئێرنست ئەند یۆنگی ڕاسپاردوە بۆ بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیكەرى شەش بۆ حەوت بانکی حکومی لە وڵاتەکەدا کە بریتین لە: بانکی پیشەسازی، بانکی خانوبەرە، بانکی ڕافیدەین و بانکی ڕەشید. رونیشیکردەوە، بانکی بازرگانی عێراقى (TBI) گرێبەستێکی جیاوازی لەگەڵ کۆمپانیای K2i و KPMG واژۆکردوە بۆ هاوکاریکردن لە داڕشتنەوەی کارەکانی ناوخۆ و دەرەکی بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

گۆڕانكارییەكان چۆن دەبن؟

بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، بانکی ڕافیدەین کە گەورەترین دامەزراوەی حکومییە لەسەر ئاستی عێراق، دەگۆڕدرێت بۆ بانکی ڕافیدەینى یەکەم، پشکەکانی حکومەت بۆ کەمتر لە 24% کەمدەکرێتەوەو پشکەکانی دیکەش پێشکەش بە بانکە ئەهلییەکان و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەکرێت و پلانی داڕشتنەوەی نوێ تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت و دەبێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەند بکرێت.

چاكسازیى لە کەرتی بانکیی تایبەت دا

ئیرادە زانیویەتى، دوای واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان بانکی ناوەندی عێراق و كۆمپانیاى ئۆلیڤەر وایمان، کەرتی بانکیی تایبەت چاکسازی تێدادەکرێت، كە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە چاكسازییە  دو بۆ سێ ساڵى پێدەچێت و پێشنیار بۆ بانکە ئەهلییەکانیش دەكرێت کە یان لە کەرتەکە دەربچن، یان پابەندبن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە، یان لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەدا یەکبگرن.

سەبارەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئەوەى زانیارى بەردەستە لاى ئیرادە؛ ئەوەیە؛ عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک ڕێژەی بەشداریکردنی دارایی لە کەمتر لە سەدا 10 لە ساڵی 2018-2019 بۆ نزیکەی لەسەدا 40 لە ئێستادا زیادیکردوەو ژمارەی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن گەیشتۆتە 60-70هەزار، لەکاتێکدا ژمارەی هەژماری بانکی بۆ 22-23 ملیۆن زیادیکردوە.

 بەپێى زانیارى هەندێك پسپۆڕى بانكیى لە عێراق، لە مانگی تەمموزی 2025ەوە سەرجەم پارەدانەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچن، ئەمەش قەدەغەکردنی پارەدانە بە شێوەى كاش و دەستى لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکومەتەوە.

هەڵمەتەكانى حكومەت و بەرنامەى ریادە

لەلایەكى ترەوە، حکومەت هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێکردوە بۆ هاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و دورکەوتنەوە لە کەلتوری تەقلیدی لەسەر بنەمای پارەى كاش.

هاوكات، حکومەت بەرنامەی "ریادە" واتا "پێشەنگیى"ی پێشکەشکردوە، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی ناوەندی، كە تێیدا پارە و ڕاهێنان بۆ کارگە بچوک و مامناوەندەکان فەراهەم دەكات.

 بەپێى بەدواداچونەكانى ئیرادە، ئەم بەرنامەیە سەکۆیەکی تۆمارکردن دابین دەکات کە لە ڕێگەیەوە بەشداربوان دەتوانن دەستیان بە ڕاهێنان و دەرفەتی دارایی ئەگەریی و گریمانەیى بگات.

ئەوەى لێرەدا گرنگە ئەوەیە، عێراق بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی لە هەمو کەرتەکاندا، لەوانەش خزمەتگوزاریی یاسایی، دارایی، ژمێریاری، وردبینی، و پابەندبون، چونكە ئامانج لە چاکسازییەکانی حکومەت ئەوەیە كە بانکەکانی عێراق بخاتە ناو سیستمی دارایی جیهانییەوە، ئەوەش دوای دەیان ساڵ لە دابڕان بەهۆی سزاکان و سەروەت و سامانی بەستوى وڵات لەلایەن ئەمریكاوە.

بەپێى لێدوانى بەشێك لە بەرپرسانى دارایى حكومەتى بەغدا بۆ میدیا عێراقییەكان، لە مانگی تشرینی دوەمی 2022ەوە، سەرجەم حەواڵە بانکییەکان لە عێراق لە ڕێگەی پلاتفۆرمی بانکی ناوەندییەوە بە هاوکاری لەگەڵ یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، کە نوێنەرایەتی دوبارە چونە ناوەوەی عێراقە بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهانی، پرۆسێس کراوەو لە قۆناغى ئێستاشدا وڵاتەکە هاریكاریى و مامەڵە لەگەڵ نزیکەی 30 بانکی بیانی دەکات.

 دواجار، ئاڵەنگارییەكان لە کردنەوەی پەیوەندییە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا ماون و چاکسازیی گشتگیر لە بواری بانکیى دا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە بەرەو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و زیادبونی بەشداریی کەرتی تایبەت لە کەرتی دارایی عێراق دا دەکات.

 

  • هۆكارى هێرشنەكردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرادەبێت

  • گرێبەستەكانى هەرێم لە ئەمریكا؛ قەیرانى دارایى قوڵتر دەكاتەوە

  • ئیرادە وردەكاریى ئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات

  • حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات

  • ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"

  • عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات

  • ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو

  • نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت

  • ئیرادە ئامارى پێنچ ساڵى رابردوى خۆكوشتن لەهەرێم بڵاودەكاتەوە

سەرەکی