20 کاتژمێر پێش ئێستا
2366 جار خوێنراوەتەوە
عێراق؛ لە نێوان تاران و واشنتۆن دا لە تەقینەوە نزیکدەبێتەوە
پاش ئەوەى میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، واشنتۆن بڕیاریداوە پلانێکى بەشەکی بۆ چۆڵکردنی کارمەندە ناپێویستەکان لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر جێبەجێ بکات، ئەمە جگە لەوەی ڕێگەى بە خێزانە سەربازییەکان دا چەند بنکەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن، بەڵام وەک پێشبینییەک بۆ مەترسییە ئەمنییە پێشبینیکراوەکان شرۆڤە كرا.
ئەم ڕێوشوێنانە لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە پاشخانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەنگاوە دیپلۆماسی و سەربازییە هاوبەشەکانی ئێران پەرەیسەندوە، هاوكات، چەندە حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە دۆخی ئەمنی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام کاتەکەی لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئێران و هەڵکشانی قسەی فەرمی، شتێكى ترمان پێدەڵێن.
هۆشداريی ئەمریکا فراوانتر بو.. لە بەحرەین بۆ بەغدا
یەکەم نیشانەکانی کشانەوەی ئەمریکا بە بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستیپێکرد کە ڕێگە بە ستافی ناپێویست و ئەندامانی خێزانەکانیان دەدات باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوێت بەجێبهێڵن، دواتر میدیاكانى ئەمریكا ئاشکرایانکرد؛ ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێریش دەگرێتەوە، کە زۆربەی دیپلۆماتکاران ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ڕۆیشتنێکی نزیک ئامادە بکەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە قسەیان لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس کردوە، بڕیارەکە لەسەر بنەمای هەڕەشەیەکی دەستبەجێی دیاریکراو نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنە ئەمنییە گشتییەکانە کە ئاماژەن بۆ ئەگەری پەرەسەندن لە ناوچەکەدا، لەلایەكى ترەوە؛ سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕەزامەندیی بە ڕۆیشتنی خۆبەخشییانەی خێزانی کارمەندە سەربازییەكان جێگیرکراوەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، ئەمەش گوزارشت لە پانتایی فراوانی هۆشدارییەکە دەکات بۆ ئەوەی لایەنی سەربازی بگرێتەوە نەک تەنیا لایەنی دیپلۆماسی. ئەم هەنگاوانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی خۆپارێزیی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی ئاشکرا دەکەن؛ کە ئەگەری پەرەسەندنی پێشهاتەكانە.
هۆشدارییەكانى تاران
لە کاردانەوەى هەنگاوەکانی ئەمریکادا، تاران بە زنجیرەیەک بەیاننامەی هۆشداری بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە هەر هەڵکشاندنێک لە دژی وڵاتەكەى بە ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بەرەو ڕوی دەبێتەوە. مەسعود پزیشكیان سەرۆککۆماری ئێران ڕاستەوخۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی توانای بەرگری وڵاتەکەی دەدەن بۆ ئاسانکاری بۆ هێرشە بێ وەڵامەکانی ئیسرائیل، جەختیشی کردەوە کە بەرنامەی موشەکیی ئێران "هێڵێکی سورە" کە ناچێتە ژێر دانوستانەوە.
پزیشكیان لە لێدوانێكى دیکەی دا وتی: ئەمریکا هەوڵدەدات مافی ڕەوای بەرگریکردن لە ئێران لە زەوت بکات، پرسیاری ئەوەیشی کرد کە بۆچی ڕێگریی لە وڵاتەکەی دەکات لە پەرەپێدانی تواناکانی، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە هەڕەشەی بۆردومانکردن بەبێ ڕێگریى کردن.
هاوكات، عەمید عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری ئێران دوپاتیکردەوە، هەر جۆرە ڕوبەڕوبونەوەیەکی ئەگەریی لەگەڵ ئەمەریکا بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری ناوچەکە دەگرێتەوە، جەختی لەوە شکردەوە کە ئێران درێغی ناکات لە وەڵامدانەوەی ئەگەر شەڕی بەسەردا بسەپێنرێت.
لە بەرەی دیپلۆماسیدا، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی "هێزی سەرسەختی"ی ڕەتکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە لێدوانانە واقیعەکە ناگۆڕن و دیپلۆماسی تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ئێران هەوڵنادات خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، بەڵکو هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە و بە هۆکارێکی سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەکەى دەزانێت.
هەڵوێستی عێراق... دڵنیایی فەرمی، سەرەڕای هۆشدارییەكانى ئەمریکا
لەبەرامبەر هەنگاوەکانی ئەمریکا، هەڵوێستی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاشكرابو، بەوەى نیگەرانییەکانی کەمکردەوەو ئەوەى دوپاتکردەوە کە دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە سەقامگیرە و پێویست بە هیچ دودڵییەك ناكرێت لەوبارەیەوە،هاوكات، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەت بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕونیکردەوە، بڕیارەکەی واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی بونی دیپلۆماسی خۆی، تەنها پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، بەڵکو ژمارەیەک لە باڵیۆزخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی خۆیدا دەگرێتەوەو حکومەتی عێراق هیچ پێوەرێکی ئەمنیی تۆمارنەکردوە کە پاساو بۆ ئەم جۆرە ڕێوشوێنە بهێنێتەوە.
هەر سەبارەت بە پێشهاتەكان، کەناڵی ئەلمەیادین وردەکاری زیاتری سەبارەت بە کاتی بڕیارەکەی ئەمریکا ئاشکرا کرد و پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری فەرمی چۆڵکردن لە ڕۆژی چوارشەممە (11ی حوزەیرانی 2025) گەیشتە باڵیۆزخانەکە، لەکاتێکدا پلانی فریاگوزاریی سێ هەفتە پێشتر ئامادەکرابو.
سەرباری هەوڵەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان، بەڵام ئەم کارەی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنێکی جیاوازە بۆ مەترسییەکان و کەلێنێک لە تێگەیشتن لە دۆخی ئەمنیی نێوان بەغدا و واشنتۆن ئاشکرا دەکات، چونكە ئەمریکا پێیوایە هەر هەڵکشانێکی ناوچەیی دەتوانێت بچێتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێكداهەڵپژانی نێوان کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە تاران و پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق كە لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە جێگیرکراون.
لە نێوان کشانەوەی تاکتیکی و دوبارە جێگیرکردنەوەدا
ئەو هەنگاوانەی ئێستا لەلایەن ئەمریکاوە دەگیرێنەبەر، ئاماژە بە کشانەوەی هەمەلایەنە لە عێراق ناکات، بەڵکو گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی ڕون دەکات لە ڕێساکانی جێگیرکردن و ئامادەیی؛ لە نێو کەشێکی گرژیی هەرێمییدا.
ڕێگەدان بە ڕۆشتنی کارمەندانی ناپێویست و کشانەوەی خێزانە سەربازییەکان لە چەند بنکەیەک، هەموی ڕێوشوێنی خۆپارێزیین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی مەترسییەکانە بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی بەبێ ئەوەی بە تەواوی دەستبەرداری ئامادەبونی دیپلۆماسی یان سەربازی بن لە عێراق.
لەبەرانبەردا تاران پێداگریی لەسەر دوپاتکردنەوەی هاوکێشەی ڕێگریی خۆی دەکات و هۆشداریی دەدات لەوەی هەر هەڵکشاندنێک روبدات؛ بە ڕێوشوێنی بەرفراوان ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
دۆخی عێراق لە زەمینەیەکی ناوەنددایە
لە حاڵێکدا کە حکومەت حەز دەکات لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سەقامگیریی ئەمنیی دڵنیا بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە عێراق وەک گۆڕەپانێک لە ئەگەرى پێشبینیكراو لە هەر جۆرە ڕوبەڕوبونەوەیەکی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران دەمێنێتەوە. بونی کوتلە چەکدارەکانی سەر بە ئێران عێراق دەخاتە دۆخێکی ناسکەوە کە ڕوبەڕوی هەر جۆرە هەڵکشانێکی کتوپڕ دەبێتەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە ئەم پێشهاتانە پرسیاری بەرفراوانتر دەوروژێنن: ئایا ئەوەی ڕودەدات پێگەگۆڕینی کاتییە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانێکی تێپەڕ، یان یەکەم هەنگاوە لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیی نوێدا کە واشنتۆن تێیدا بە قەبارە و سروشتی بونی خۆی لە عێراقدا بچێتەوە؟ ئایا عێراق بوارێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ مانۆڕکردن بۆ پاراستنی سەقامگیریی خۆی لەناو ئەم گرژییە ناوچەییە، یان هاوسەنگی نائارامی نێوان تاران و واشنتۆن بەسەریدا دەسەپێندرێتەوە؟. وەڵامەکان لەگەڵ پێشهاتەکان لە ڕۆژانی داهاتودا ڕون دەبنەوە، بەڵام ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە بڕیاری چۆڵکردنی بەشەکی، هەرچەندە بەڕواڵەت سنوردارە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئاستێکی بێ وێنەی وریایی ئەمریکایە و عێراق دەخاتە ناوەندی مەترسییە خێراکانی ناوچەکەوە.
-
ئیرادە زانیارى ورد لەسەر موشەكى خەیبەر شكێن بڵاودەكاتەوە
|
-
عێراق؛ لە نێوان تاران و واشنتۆن دا لە تەقینەوە نزیکدەبێتەوە
|
-
وەڵامی ئێران نەخشەی ململانێكانى داهاتو لە قاڵب دەدات
|
-
هۆكارى هێرشنەكردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرادەبێت
|
-
گرێبەستەكانى هەرێم لە ئەمریكا؛ قەیرانى دارایى قوڵتر دەكاتەوە
|
-
ئیرادە وردەكاریى ئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات
|
-
حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات
|
-
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"
|
-
عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات
|
|
|