7 کاتژمێر پێش ئێستا
6580 جار خوێنراوەتەوە
هەولێرو بەغدا.. كێشەكان بەرەو چارەسەرى بنەڕەتى دەچن
پوختە
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دوای چەندین ساڵ لە ئاڵۆزیی و قەیران، لەئێستادا شاهیدی پێشکەوتنێکی نوێیە لەگەڵ ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەرفراوان بۆ تاوتوێکردنی موچە، نەوت، و داهاتە نانەوتییەکان.
لەمڕۆوە کۆبونەوەكان بون بە هەنگاوی کردەیی، دیارترینیان تەواوکردنی مەرجە پێویستەکان بو بۆ ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بۆ کۆمپانیای "سۆمۆ"، ڕێگە خۆشکردن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی "جەیهان"ەوە، لەگەڵ بەڵێنی پێدانی موچە بە فەرمانبەرانی کوردستان. بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنەکان، ئاستەنگەکان تا دیالۆگی زیاتر و ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەنقەرەدا ماونەتەوە.
بەیاننامەكەى وەزارەتى پلاندانانى عێراقى چی تێدابو؟
لە بەیاننامەیەكى وەزارەتی پلاندانانى عێراقی دا، کە كۆپییەكى دەست "ئیرادە" كەوتوە، هاتوە؛ محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران و وەزیری پلاندانان، بۆ تاوتوێکردنی موچە و نەوت و تەوتینى موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی؛ کۆبونەوەیەکی هاوبەشی بەرفراوانى لەگەڵ حکومەتی مەركەزى و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
بەپێی بەیاننامەکە، بەشداربوان ئاماژەیان بەوە کردوە كە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتوە، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە. هاوكات هەمو مەرج و پێداویستییە گرنگەكان جێبەجێکراون بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەڕێگەی كۆمپانیاى بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانى "سۆمۆ"، و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی ئەو پێداویستییانەی کە ماونەتەوەو پەیوەستن بە پرسەکانی دیکەوە.
ئەندامانى كۆبونەوەكەى نێوان هەرێم و بەغدا لە كێ پێكهاتبون؟
لە كۆبونەوەكەدا، لایەنى حكومەتى فیدراڵى پێكهاتبون لە وەزیرانی نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، تەندروستی، و داد، جگە لە بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، لەگەڵ هەردو بەڕێوەبەرانی گشتیی بەشە یاساییەکان لە وەزارەتی دارایی، ئەمیندارێتى گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، دیوانى چاودێریى دارایى، و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی لە هەردو وەزارەتى نەوت و دارایى.
هاوكات، لایەنى حکومەتی هەرێم پێكهاتبو لە هەریەک لە؛ وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک هات لە ڕێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت.
رێككەوتنەكە چۆن واژۆ كرا؟
ڕێککەوتنەکە دوای سەردانی مەیدانی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان لەلایەن 23 شاندی هەردولا واژۆکرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، نەوتی تەرخانکراو بۆ هەناردەکردن، دوای دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی هەرێم، دەگەیەنرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.
دەستپێکردنەوەی ڕاستەقینەی هەناردەکردنی نەوت بەندە بە چییەوە؟
لەلایەكى ترەوە، سەرەڕای پێشکەوتنی ڕون لەسەر مەلەفی نەوت، ئاستەنگەکان هەر ماون، دەستپێکردنەوەی ڕاستەقینەی هەناردەکردنی نەوت بەندە بە دانوستانەکانی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی تورکیا، جگە لەوەش پرسی داهاتی نانەوتی و یەکلاکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان هێشتا پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو مەرجانەی کە ماون.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، میدیاکان ڕۆژی سێشەممە ئاشکرایانکرد، سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانى حكومەتى فیدراڵیى بڕیاری خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی حوزەیران پەسەندکردوە. ئەو ڕەزامەندییە بە مەرجی ئەوە بو کە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ماوەی دو ڕۆژدا کارەکانی لەسەر داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاری سەر بە حکومەتی فیدراڵی تەواو بکات و ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکە ئامادە بکات، هەروەها داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کرد کە هەناردەکردنی نەوت خێراتر بکەن و بیگەیەننە كۆمپانیاى بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانى "سۆمۆ".
هەناردەى نەوت لە رێى جەیهانەوە سەرەتا بە چەند بەرمیل دەستپێدەكات؟
شارەزایان پێشبینی دەکەن هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی "جەیهان"ەوە بە بڕی سەرەتایی نزیکەی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێبکات، پێش ئەوەی وردە وردە بەرزبێتەوە بۆ 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش بە تەواوبونی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنی عێراقی و تورکیا بەدى دێت، کە وردە وردە ئەم بۆرییە گرنگە دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای کارکردن.
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە چەند هەفتەی ڕابردودا شایەتی چالاکییەکی چڕ بوە لە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە مشتومڕاوییەکان، دیارترینیان بودجەی فیدراڵی و میکانیزمی دابەشکردنی داهاتە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت بەردەوام جەختی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەمو پارێزگاکانی عێراقدا کردوە.
دادوەر جاسم ئەلعومیری، سەرۆکی پێشوی دادگای باڵای فیدراڵی، لە ڕۆژی 16ی حوزەیران، ئەوەى پشتڕاستکردەوە كە پێویستە چارەسەرێک بۆ قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "بەپێی یاسا" بدۆزرێتەوە.
ڕۆژی 28ی ئایار، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی حکومەتی هەرێمی كوردستانى ئاگاداركردەوە كە وەزارەتەكەى بە داواى لێبوردنەوە ناتوانێت موچەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرجبكات، چونكە هەرێم زیاد لە پشکی تەرخانکراوی خۆى بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، کە دەکاتە لەسەدا 12.67 بۆ سەرفكراوەو تێپەڕاندوە.
جێى ئاماژەیە، ساڵانێکە پرسی موچەی هەرێمی کوردستان لەنێو ناكۆكییەكى قوڵیى بێ ئەنجامدا لەگەڵ حكومەتى فیدراڵیى بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەم مشتومڕە ساڵانە بە پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی نوێ دەکرێتەوە، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکەکەیدا مەرج بەسەر هەرێمدا دەسەپێنرێت، دیارترینیان رادەستكردنى داهاتی نەوتە، بەڵام دو ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەی هەرێم هەناردەکردنی نەوتی لەڕێگەی بەندەری "جەیهان"ی تورکیاوە ڕاگرت، حکومەتی فیدراڵی موچەی فەرمانبەرانی کردە "سولفە" بۆ هەرێم.
-
فەرمانبەران و مامۆستایانى ناڕازیى چالاكییەكى نوێ ئەنجامدەدەن
|
-
موچەخۆران و لایەنەكانى دەرەوەى دەسەڵات خۆپیشاندان دەكەن
|
-
کشانەوەی ئەمریکا بۆ هەولێر.. پێشێلکردن یان ڕێککەوتن؟
|
-
هەولێرو بەغدا.. كێشەكان بەرەو چارەسەرى بنەڕەتى دەچن
|
-
ڕێبوار تەها لەبارەی کارەبای کەرکوک بەبەڵگە وهڵامی شاخەوان عەبدوڵا دهداتهوه
|
-
سوریاو ئیسرائیل لهپاریس بهئامادهبونى ئهمریكا كۆبونهوه
|
-
كۆماریىو دیموكراتهكانى ئهمریكا پهیامه جهرگبڕهكهیان گهیانده شهرع
|
-
542 كاندید لهههڵبژاردن دورخرانهوه
|
-
ههركیهكان چهكیان ههڵگرتهوه.. ئهگهرى شهڕێكى قورس ههیه
|
|
|