3   کاتژمێر پێش ئێستا 43 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات

ناوەندی هەواڵ

بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران دەكەن، بەبێ ئەوەی رژێمەكە بگۆڕێت، بەوتەی ئەو بەرپرسە هۆكارەكەی ئەوەیە ترسیان هەیە كاریگەرییەكانی جەنگەكە زیاتر ببێت.

ترس لە جەنگێكی بێكۆتایی 

لەناوخۆی ئیسرائیل ترس لە جەنگێكی بێكۆتایی لەگەڵ ئێران هەیە، لەكاتێكدا جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكا لەگەڵ ئێران نۆ رۆژی تێپەڕاند.

بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی، گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل ترسیان هەیە لەوەی پرۆسەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، درێژە بكێشێت و كاریگەریەكانی لەسەر ناوچەكە و ئابوری جیهان چەند هێندە ببێت.

هەڵسەنگاندنەكانی ناوخۆی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەكەن، هەڵمەتی بۆردومانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆسەر ئێران نزیكە لە بەجێهێنانی ئامانجەكانی، لەوانەش لەناوبردنی پاشماوەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، جگە لە لاوازكردنی سیستمی موشەكی و بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاكانی ئێران.

بەرپرسانی ئیسرائیل بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن

ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیسرائیل بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن بۆ دەرچوون لە جەنگ پێش ئەوەی كاریگەرییەكانی چەند هێندە ببێت، بەتایبەت دوای بەردەوامیی هێرشی مووشەكیی و درۆنیی ئێران بۆسەر وڵاتانی ناوچەكە و كەنداو، كە ئەوەش نرخی نەوت و غازی لە جیهان بەرزكردووەتەوە.

لەكاتێكدا پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لە گۆڕینی رژێم لە ئێران دەكرد، بەرپرسانی ئەمریكاش باسیان لەوەدەكرد كە ئامانجیان كۆتاییهێنانە بە بەرنامەی ئەتۆمیی و مووشەكیی ئێران، بەڵام ئێستا لێدوانی بەرپرسانی هەردوولا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە باس لە گۆڕینی رژێمەكە ناكەن.

 دان بەوەدادەنێت كە ئێران رادەست نابێت

بەوتەی یەكێك لە بەرپرسانی ئیسرائیل كە ئاگاداری پلانی سەربازیی ئیسرائیلە بۆسەر ئێران، ئامانجی یەكەمی ئیسرائیل كۆتایی هێنان نییە بە رژێمی ئێران، بەڵكو دەڵێت "بێگومان حەزدەكەین رژێمەكە بڕوخێت، بەڵام ئەوە سیناریۆی كۆتایی نییە، دوای لەناوبردنی ئامانجە سەربازییەكان، ئیسرائیل ئامانجەكانی خۆی بەدیهێناوە.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە دان بەوەدادەنێت كە ئێران رادەست نابێت، بەڵام دەشڵێت "ئێران ئاماژەی پەسەندكردنی ئاگربەستی بەپێی مەرجەكانی ئەمریكا ناردووە".

تاوتوێی راگەیاندنی سەركەوتنی تەواو دەكەن

ئەو قسانە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، تاوتوێی راگەیاندنی سەركەوتنی تەواو دەكەن، لەگەڵ بەردەوامیی داوای ترەمپ بۆ رادەستبوونی بێمەرجی ئێران.

هێشتا نازانرێت لەگەڵ كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری ئێران لە 28 ی شوباتی 2026 و هاتنە دەسەڵاتی موجتەبای كوڕی وەك رابەری باڵا، دەكرێت دانوستان لەسەر رادەستبوونی ئێران بكرێت، لەكاتێكدا رابەرە نوێیەكە نزیكە لە سوپای پاسداران و بە كەسێكی توندڕەو دەناسرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێران لەسەر زاری عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە، ئامادەیی بۆ درێژكردنەوەی جەنگ راگەیاندووە. بەرپرسانی سوپای پاسدارانیش دەڵێن شەش مانگ دەتوانن درێژە بە جەنگ بەمشێوەیەی ئێستا بدەن.

  • ئەگەر جەنگ بوەستێت كێ براوەیە و ئەگەرەكان چین؟

  • ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات

  • ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون

  • سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم

  • حوسییەكان لە جەنگی ئێران تێوەگلاون؟

  • فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ملیارەها دۆلار خەرج كراوە درۆنێك نییە بەرگریی لەخۆمان پێبكەین

  • روسیا سودمەندی یەكەمی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل

  • پژاک داوای دروستکردنی کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی هەمەجۆر دەکات

  • ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، هێزی زەمینی بەكاردهێنن لە ئێران؟

سەرەکی