8 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
مەتەڵی دەسەڵات لە بەغداد؛ كێ یەكەمجار دەكشێتەوە مالیكی یان چوارچێوە؟
ناوەندی هەواڵ
جەمسەرێكی حزبی دەعوە كە جیابوەوە و رەسەنن، برەو بەوە دەدەن كە وەك رزگاركەر كۆتایی بەو ململانێیە بێنن كە لەسەر سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دروستبووە.
كەشی ئەو جەنگەی لەسەر سنورەكانی عێراق بەڕێوەدەچن، وایكردووە بە ئاماژەكانیاندا بچنەوە لەبارەی رووداوەكان و ئیدارەدانی حكومەتی نوێ.
دوای 110 رۆژ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێوەیەكی كتوپڕ دیمەنی سیاسی لە عێراق چوەوە خاڵی سەرەتا.
لەبری یەكلاكردنەوەی ناوی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، ململانێكە لەنێوان نوری مالیكی و محەمەد شیاع سودانی سەریهەڵداوەتەوە، كە هەردووكیان سەر بە یەك ماڵن كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە.
پێش نزیكەی دوو مانگ وا دەبینرا كە هێزە شیعیەكان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندبێت، كاتێك محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر كتوپڕ هاوپەیمانەكانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگاداركردەوە كە لەبەرامبەر نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سازش دەكات و لە كاندیدبوون دەكشێتەوە.
بەڵام سەركردەیەك لە رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت سودانی و چەند لایەنێك لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەمێكە بەدوای چارەیەكدا دەگەڕێن بۆ ئەو دۆخە سەختەی تێیكەوتوون.
هاوپەیمانی شیعەكان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە دەرگای ناوخۆ و دەرەوەیان داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لەوەی مالیكی یان هەر كاندیدێكی دیكە ببەنە پەرلەمان و متمانەی پێببەخشن.

مشتومڕی هێلكە لە مریشكە یاخود مریشك لە هێلكەیە
ئەم دۆخە سیاسیەی عێراقی تێكەوتووە، بەوتەی سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا، وەكو ئەو مشتومڕەیە كە دەڵێت ئاخۆ هێلكە لە مریشكە یاخود مریشك لە هێلكەیە و نابڕێتەوە، چونكە هەندێك لە هێزە سیاسیەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن دەبێت سەرەتا مالیكی بكشێتەوە، بەڵام مالیكی پێی وایە دەبێت چوارچێوە ئەو بڕیارە بدات و بیكشێنێتەوە، لەم نێوانەدا چوارچێوەی هەماهەنگی تیاماوە و بڕیارێكی روونی پێنادرێت.
زانیارییەكان لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوەدەكەن، لە كۆبوونەوەیەكدا لە كۆشكی حكومی كە بەر لە هەفتەیەك بەڕێوەچووە، نۆ سەركردە لەكۆی 12 سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كاندیدكردنی مالیكی بكشێننەوە و ئەمریكاش لەوە ئاگادار بكەنەوە، بەڵام بڕیارەكەیان بە فەرمی رانەگەیاند.
بەڵام سەركردەیەكی بەدر بەدووری دەزانێت ئەو بڕیارە درابێت، دەڵێت ئەگەر بڕیارێكی لەوشێوەیە دراوە بۆچی راناگەیەنرێت؟ جەخت دەكاتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستاش دەترسێت لە هەنگاوێكی لەوشێوەیە.
تائێستا روون نییە بۆچی چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێت كاندیدبوونی مالیكی بكشێنێتەوە و رایبگەیەنێت، بەڵام بەوتەی هەندێك سەرچاوە ئەو بڕیارە دەبێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەكە و توڕەبوونی مالیكی.
بەڵام سەرچاوەكانی دیكە باس لەوەدەكەن، باسكردنی كشاندنەوەی كاندیدكردنی مالیكی، تەنها بۆئەوەیە پەیامێكی سیاسی بدرێت بە واشنتۆن كە ئامانج لێی پیشاندانی خواستی بەغدادە بۆ خۆدوورخستنەوە لەو جەنگەی لە ناوچەكە بەڕێوەدەچێت.
دیمەنەكە هەڵوێستی هێزە كوردیەكانیشی قورستر كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرۆك كۆمار كردووە كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت رابسپێرێت، بەڵام كورد دەڵێت پێویستە سەرەتا شیعەكان لەسەر كاندیدەكەیان رێكبكەون.

سودانی بژاردەی فریاگوزاری
سەرەڕای كۆبوونەوەكەی كۆشكی حكومیین هیچ دەرچەیەك رانەگەیەندراوە، ئاماژەی زۆر بۆ ئەوەن كە دووبارە ناوی محەمەد شیاع سودانی وەكو جێگرەوەی چاوەڕوان كراو بهێنرێتە پێشەوە.
بەوتەی بەشدارانی كۆبوونەوەی هەفتەیەك لەمەوبەری چوارچێوەی هەماهەنگی، دواخستنی كشاندنەوەی مالیكی لە كاندیدی سەرۆكوەزیران، لە ترسی ئەوەیە شەقامی عێراقی كە بە دوودڵیی و نیگەرانییەوە بینەری جەنگی ئێرانن، بەو كشانەوەیە بوروژێن و ناڕەزایی بەرفراوانی لێبكەوێتەوە.
هەرچەندە قسەی نزیكەكانی سودانی بۆنی ئەوەیان لێدێت كە دووبارە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری ئێستای عێراق ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە سودانی دەڵێن هێشتا پرسەكە یەكلانەبووەتەوە و لە گفتوگۆدایە، بەڵام هەندێكیشیان رەتیانكردووەتەوە لەوبارەیەوە قسە بكەن.
بەڵام مالیكی كە بەشدار نەبوو لە كۆبوونەوەی كۆشكی حكومی لە بەغداد، باس لە پێویستیی هاوبەشیی تۆكمەی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەكات لەلایەن حكومەتی داهاتوەوە، ئەمەش بەوتەی چاودێران بۆ ئەوەیە خۆی بدزێتەوە لە باسكردنی دوورخستنەوەی.
نزیكەكانی سودانی پێیان وایە سودانی رزگاركەرە لەم قۆناغە سەختەدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، دەتوانێت دۆسیەی گروپە چەكدارەكان كۆنترۆڵ بكات، وەك چۆن لە كاتی جەنگی ئۆكتۆبەری 2023 كردی، لەگەڵ جەنگی 12 رۆژەی ساڵی رابردوو.
ئێستا دۆسیەی گروپە چەكدارەكان زیاتر لەبەرچاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرەی مقاوەمە رایگەیاند 70 هێرشیان لە عێراق بۆسەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەوكاتەوەی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا سەریهەڵداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان روبەڕووی نزیكەی 200 هێرشی موشەكیی و درۆنیی بووەتەوە.
ئەمە وایكرد مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا لە پەرلەمان و چوارچێوەی هەماهەنگی بكات سنورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێن، هۆشداریشیدا كە دان بەخۆداگرتن سنوری هەیە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایگەیاند كە حزبەكەی ناوی ئەو كەسانەی دەستیان لە هێرشەكاندا هەیە رادەستی بەغدادی كردوون، بەغدادیش رایگەیاندووە كە ژمارەیەكیانی دەستگیركردووە.

لەبەرامبەردا چاودێران بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بە شكست بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی گروپە چەكدارەكان دەزانن، هەرچەندە حكومەت هێرشەكانی بە تیرۆریستی ناوبردووە، بەڵام لەپەرلەمان هوتافی "مردن بۆ ئەمریكا" لەمیانی دانیشتنی رابردوودا وترایەوە كە بۆ باسكردنی دۆخی ئەمنیی سازكرابوو.
مالیكی لە سەردەمی پاشەكشەدا
نەیارانی مالیكی دەڵێن گروپە چەكدارەكان هاندەدات بۆ ئەوەی شكست بە هەر هەوڵێك بهێنن تا دووری بخەنەوە لەكاندیدبوون بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، بەڵام لایەنگرانی دەڵێن ئەو قسانە هەڵمەتێكی چەواشەیە و ئامانج لێی ناشرینكردنی وێنای حزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسایە، بەڵكو دەڵێن مالیكی هەڵوێستی زۆر ئاشكرایە لەو جەنگەی لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت.
نزیكەكانی پێیان وایە، مالیكی تاكەكەسە هەڵوێستێكی نەگۆڕی هەیە لە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا، بە ئاشكراش ئیدانەی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی كرد، بەڵام ئەوانی دیكە كشانەوە.
بەوتەی سەركردەیەكی رێكخراوی بەدر، ئیدارەی ئەمریكا هەوڵدەدات بەمزوانە بە پاساوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی كۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەوەش باڵانسی هێز لەناو عێراق دەگۆڕێت و لەبەرژەوەندی مالیكیە.

-
مەتەڵی دەسەڵات لە بەغداد؛ كێ یەكەمجار دەكشێتەوە مالیكی یان چوارچێوە؟
|
-
ئەگەر جەنگ بوەستێت كێ براوەیە و ئەگەرەكان چین؟
|
-
ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات
|
-
ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون
|
-
سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم
|
-
حوسییەكان لە جەنگی ئێران تێوەگلاون؟
|
-
فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ملیارەها دۆلار خەرج كراوە درۆنێك نییە بەرگریی لەخۆمان پێبكەین
|
-
روسیا سودمەندی یەكەمی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل
|
-
پژاک داوای دروستکردنی کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی هەمەجۆر دەکات
|
|
|
|