1 کاتژمێر پێش ئێستا
66 جار خوێنراوەتەوە
كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی زەیدی و گرووپەكان؛ بەرەی مقاوەمە چۆن چەك دەكرێن؟
سەرچاوەیەكی حكومیی ئاشكرایكردووە، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ سەركردە ئەمنییەكان و سەركردەی گرووپە چەكدارەكان ئەنجام دەدات، كە ئامادەییان نیشانداوە بە تەسلیمكردنی چەكەكانیان، ئامانجی كۆبوونەوەكەش بۆ ئەوەیە خشتەیەكی كاتیی بۆ تێكەڵكردنی ئەو گرووپانە بە هێزە ئەمنییەكان دابنرێت، لەگەڵ تاوتوێكردنی ئەو گرەنتییانەی بۆ گرووپەكان دەكرێت.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان بۆ میدیای عیراقی، ئەو كۆبوونەوەیە، كە عەلی زەیدی سەرپەرشتی دەكات، هەریەك لە سەركردەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرییش تێیدا ئامادەن، لەگەڵ سەركردەی ئەو گرووپانەی ئامادەبوون چەكەكانیان تەسلیم بە حكومەت بكەن.
بەپێی ڕاپۆرتەكان، ئەم پرسە بە سێ قۆناغ چارەسەر دەكرێت، یەكەم قۆناغ جەردكردن و دیاریكردنی چەك و پێگەی ئەو گرووپانە، قۆناغی دووەم هەڵسەنگاندن و تەسلیم كردنی چەكەكان بە خشتەیەكی دیاریكراو، قۆناغی سێیەمیش تێكەڵكردنی ئەو گرووپانەیە بەشێوەی تاك لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و دەستەی حەشدی شەعبی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئەو گرەنتییانە باس دەكرێت، كە پێشكەش بە گرووپەكان دەكرێت لەبەرامبەر تەسلیم كردنی چەكەكانیان، یەكێك لە گرەنتییەكانیش بەردەوامیی مووچەی ئەندامەكانیانە لەگەڵ لێنەپرسینەوەیان لەدواتردا.
ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، ڕۆژی چوارشەممە بێبەریبوونی خۆی لە هێزەكانی سەرایا سەلام ڕاگەیاند و گرووپەكەی پەیوەست كرد بە دەوڵەتەوە، ئەم هەنگاوەش پێشوازی حكومەتی نوێی عێراقی بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بەدواداهات.
ڕەگی زۆربەی گرووپەكان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003، بەهۆی ئەو بۆشاییەی هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمەكەی سەدام دروستیكرد، هەژموونی ئەو گرووپانەش پاش هێرشی داعش لە ساڵی 2014 زۆر زیادیكرد.
بەشێك لەو گرووپانە لەسەر فەتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دروستبوون، بەڵام دواتر بەشێكیان پەیوەست بوون بە حەشدی شەعبی و بەشێكیشیان لەدەرەوەی حەشدی شەعبی و لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە مانەوە.

هەرچەندە موقتەدا سەدر یەكێك بوو لەو سەركردانەی بەزوویی سوپای مەهدی لە ساڵی 2003 دامەزراند، بەڵام دوای ڕوبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەمریكیەكان بۆ ماوەیەك هێزەكەی هەڵوەشاندەوە، پاشانیش لە ساڵی 2014 هێزی سەرایا سەلامی دروستكرد، ئێستا ئەو هێزەشی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئێستا ئەمریكا فشارەكانی لەسەر حكومەتی نوێی عێراق زیاتركردووە، تا گرووپەكان ناچار بكات چەكەكانیان تەسلیمی دەوڵەت بكەن و تێكەڵ بە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكان ببن.
بەڵام هێشتا بەشێك لە گرووپەكان ئامادە نین چەكەكانیان تەسلیم بكەن، گرووپی چەكداریی حزبوڵای عێراقی یەكێكە لەو گرووپانە، لەبری تەسلیمكردنی چەكەكانی بە دەوڵەت و خۆهەڵوەشاندنەوە، ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ كڕینەوەی چەكی پێشكەوتووی گرووپەكانی تر.
ئەو گرووپە ئامادەیی خۆیان پیشان دەدەن بۆ كڕینەوەی ئەو چەكە پێشكەوتووانەی كە دەزگاكانی دەوڵەت ڕەنگە شارەزایی تەواویان لە بەكارهێنانیاندا نەبێت، لەوانەش درۆن، مووشەكی كروز و چەكی دژە زرێپۆش.
حزبوڵای عێراقی باسی لەوەشكردووە، ئەوان ئەركی ئەو هێزانەی چەكەكانیان دادەنێن، لە ئەستۆ دەگرن و بەردەوام دەبن لە بەرگریكردن.
-
كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی زەیدی و گرووپەكان؛ بەرەی مقاوەمە چۆن چەك دەكرێن؟
|
-
هەڵاتنی زیاتر لە 20 هەزار ئەندام و كەسوكار؛ دەرفەتە زێڕینەكە بۆ داعش
|
-
لافاوی فوڕات؛ لە سوریا چی ڕوودەدات و كێ بەرپرسە لێی؟
|
-
پەیامێكی یەكلاكەرەوەی ئەمریكا؛ یان گەڕانەوە بۆ هێرشەكان یان ڕێككەوتن
|
-
دوای هێرشەکەی ئەمریکا؛ موجتەبا خامنەیی: هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەمریکا لە ناوچەکە نییە
|
-
ترهمپ داوا له ئێران و وڵاتانى ناوچهكه دهكات بچنه ناو ڕێككهوتننامهى ئیبراهیمى
|
-
سەردەمی كات كوشتن نەماوە؛ ناوەڕۆكی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان
|
-
ئەنجامەكە دڵخۆشكەر نییە؛ لە كۆی 210 كورسی كورد تەنها پێنج كورسی ئەنجومەنی گەلی سوریای بەدەستهێنا
|
-
هۆكاری دواكەوتنی ڕێككەوتنی ئەمریكا و ئێران؛ شوێن بزریی ڕابەر و ڕێوشوێنە توندەكانی دەوروبەریەتی
|
|
|
|