2   کاتژمێر پێش ئێستا 56 جار خوێنراوەتەوە

دادگای فیدراڵی و چارەنووسی کابینەی نۆ؛ بڕیارێک کە بونیادی حکومڕانی لە هەرێم دەلەرزێنێت

لە کاتێکدا زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە و هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەبوونه‌تە خاوەنی ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بڕیارە مانگی داهاتوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی یەکلاکەرەوە لەسەر شەرعییەتی یاسایی دەسەڵاتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

دانیشتنی ٢٠ی ئەیلول؛ هەڕەشە لەسەر گرێبەستە ستراتیژییەکان

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی ٢٠ــی ئەیلول دادگای فیدراڵی بە مەبەستی تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تایبەت بە بەسەرچوونی تەمەنی کابینەی نۆ کۆدەبێتەوە. ئەم دانیشتنە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر هەموو ئەو بڕیارانەی حکومەت لە دوای ١٠ــی تەمموزی ٢٠٢٣ەوە دەری کردوون.

ئەگەر دادگا بڕیاری کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کابینەکە بدات، سەرجەم ئەو گرێبەستە ستراتیژییانەی لە سێکتەری نەوت و غاز ئیمزاکراون یان گۆڕانکارییان تێدا کراوە، دەکەونە ژێر پرسیار و هەڵدەوەشێنرێنەوە. هەروەها حکومەت ناتوانێت هیچ بڕیارێک دەربکات کە پابەندیی دارایی و سیاسیی درێژخایەن بۆ کابینەکانی داهاتوو دروست بکات. ئامانجی کۆتایی سکاڵاکە ئەوەیە کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ناچار بکرێن تەنیا ئەو کارانە بکەن کە ناکرێت دوابخرێن (تصريف الأعمال)، تا ئەو کاتەی کابینەیەکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە شەرعییەت وەردەگرێت.

قەیرانی حوکمڕانی و لێقەوماویی ناوخۆیی

ئەم ئاڵۆزییە یاساییانە لە کاتێکدان کە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێیان وایە کابینەی نۆیەم نەیتوانیوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ لایەنە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا بونیاد بنێت. بە بڕوای شارەزایان، ئەم کابینەیە لەبری کۆکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان، بووەتە هۆی بەرتەوازەیی و لێکترازانی زیاتری نێو ماڵی کورد و تەنانەت ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەستوەردانی دەرەکی، کە ئەوەش سەرچاوەگرتوو لە فەرزکردنی دەسەڵاتێکی حزبی بەسەر جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانیدا.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ڕەخنەگران پێیان وایە لە ماوەی دەسەڵاتی کورددا و بەدیاریکراویش لە کابینەی نۆیەمی هەرێم، ناوەندە دیبلۆماسییە گرنگەکان نەبراونەتە ژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەیی و لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلی کورد بەگەڕ نەخراون، بەڵکو زیاتر لەژێر کاریگەریی حزبی و کەسیدا ماونەتەوە.

ڕیشەی مێژوویی قەیرانە یاساییەکان

قەیرانی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکان لایەنێکی مێژوویی نوێ نییە. لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دروستبوونی حکومەتی ٥٠ بە ٥٠ی پارتی و یەکێتی، پرۆسەی سیاسی ڕووبەڕووی چەندین شڵەژان بووەتەوە. هەرچەندە لە ساڵانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١٣ و ٢٠١٨دا هەڵبژاردن ئەنجام دراون، بەڵام ناکۆکیی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەردەوام دووبارە بوەتەوە.

پیشتر لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و سەرجەم کارەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش وایکرد کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بگرێتە ئەستۆ.

بەرەو ئایندەیەکی نادیار

سەرەڕای ئەوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، مەرسوومی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەرکرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، هەرێم جارێکی تر لەبەردەم هەڕەشەی بۆشایی یاساییدایە. ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ٢٠ی ئەیلولدا دژی کابینەی ئێستا بێت، دەسەڵاتەکانی حکومەت لەڕووی بەڕێوەبردنی دارایی و ئیدارییەوە بۆ ئاستی نزمترین دەسەڵاتی کارگێڕی دادەبەزێت و چەندین پڕۆژە و گرێبەستی گەورە ڕووبەڕووی پەککەوتن دەکاتەوە.

  • ئۆجەلان هۆشداری دەدات و پێشنیاری "حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک" بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

  • هەوڵی لابردنی سفرەکانی سەر دینار؛ نەشتەرگەرییەکی بەئازار بۆ ئابوورییەکی پەککەوتوو

  • دادگای فیدراڵی و چارەنووسی کابینەی نۆ؛ بڕیارێک کە بونیادی حکومڕانی لە هەرێم دەلەرزێنێت

  • ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین جه‌نگى ئابوورى دژ به‌ ئێران ده‌ستپێده‌كات؛ ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاگرتنى نه‌وت ده‌كات

  • لە چەواشەکارییەوە تا بێدەنگی؛ بۆچی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بکوژانی گوڵستان و هێرۆ ئاشکرا نەکرا؟

  • هۆشداریی دەم پارتی لە "کۆنووسی ساختە"؛ کێ دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی تێکبدات؟

  • بە ناوی کوردایەتی و لە پشکی خەڵک؛ کێ باجە ترلیۆن دیناریەکەی کۆڕەک دەدات؟

  • حکومەتی عێراق لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک پاشەکشە دەکات

  • هەژماری من کێشەی دابەشکردنی مووچەی چارەسەرکرد یان گەورەتری کرد؟

سەرەکی