1     کاتژمێر پێش ئێستا 55 جار خوێنراوەتەوە

بە ناوی کوردایەتی و لە پشکی خەڵک؛ کێ باجە ترلیۆن دیناریەکەی کۆڕەک دەدات؟

دۆسیەی کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم) و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق چووە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزترەوە؛ بەغدا لە ڕێکاری سزادانی تەکنیکی و داراییەوە دەستی پێکرد، هاوکات پرسیارە جدییەکانیش بەرامبەر بێدەنگی و هەڵوێستی نوێنەرانی خەڵک لە بەغدا سەریان هەڵداوە.کاتێک کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەکەن و بەرگریی لە کۆمپانیایەک دەکەن، بەڵام لە ئاستی ئەو هەموو قەیرانەی هەرێمی کوردستان کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە بێدەنگن.

لە دوا پەرەسەندندا، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بنکەی سەرەکیی کۆڕەکی لە جادرییەی بەغدا و چەندین بنکەی فرۆشتنی داخست. بەپێی وتەی سەرۆکی دەستەکە، کێشەکە تەواو دارایی و تەکنیکییە؛ لێرەدا قسە لەسەر ژمارەی وا فەلەکی دەکرێت کە قورسە سفرەکانی بژمێردریت: ٢ ترلیۆن دینار ڕسوماتی دەستەی پەیوەندییەکان، ٢ ترلیۆن دیناری کەڵەکبووی باجی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ زیاتر لە ١ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی! دەستەکە تەنانەت هۆشداریی داوەتە بەکارهێنەران کە ژمارەکانیان بگۆڕن یان بە ئیمێڵییەوە ببەستنەوە بەهۆی ئەگەری وەستانی ڕاژەی کۆدی دڵنیایی.

لە بەرامبەردا، سیروان بارزانی خاوەنی کۆڕەک تیلیکۆم و بەرپرسانی کۆمپانیاکە هەر کاتێک قسە دەکەن، ئەم بڕیارانە بە "نایاسایی" و "شەڕێکی ئابووری و سیاسی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد" وەسف دەکەن. بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: بۆچی کاتێک فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەکەن، تەنها باس لە "زەرەرمەندبوونی بەکارهێنەران" دەکەن؟ بۆچی هەمان ئەو قسانەی سەرۆکی کۆڕەک ناکەن؟ ئەگەر ئەمە پەلاماردانی قەوارەی هەرێم بێت، بۆچی پەرلەمانتارەکان لە بەغدا نالێن دژی قەوارەی هەرێمە؟

شیکارییەکان ڕاستییەکی مەترسیدارتر ئاشکرا دەکەن

 لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٥)، یاداشتێکی پاکتاوکردن (تەسویە)ی قەرزەکان لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان واژوو کرا، بەڵام کۆڕەک یەک فلسی نەدایەوە و پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو! هەر بۆیە بەغدا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی فەرمانی ژمارە ٦٥ی ساڵی ٢٠٠٤ دەستی بەسەر موڵک و ماڵی کۆمپانیاکەدا گرتووە. تەنانەت بەلیغ ئەبو کەلەل، کە کەسایەتییەکی سەر بە ڕەوتی حیکمەیە و هاوپەیمانی مێژوویی خانەوادەی بارزانییە، ڕاشکاوانە وتی: کێشەکە هیچ ڕەهەندێکی سیاسی نییە و تەواو تەکنیکییە.

کەواتە بۆچی دەبێت کێشەی کۆمپانیایەک کە ئامادە نییە باج بدات، بکرێتە "کوردایەتی"؟ لە کاتێکدا مووچەخۆر و هاووڵاتیی بێکار و بێدرامەت بەدەست دونیایەک قەیرانەوە دەناڵێنێت و ئەگەر یەک ڕۆژ پارەی کارەبا نەدات کارەباکەی دەبڕن، دەسەڵات و میدیا بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە کۆمپانیایەک دەکەن کە ڕۆژانە بە هەزاران شێواز پارە لە گیرفانی خەڵک دەردەهێنێت. بۆچی دەبێت بۆ کۆڕەک بەخشینی باج "کوردایەتی" بێت، بەڵام بۆ هاووڵاتیی ڕەش و ڕووت سزادان؟

ئایا بۆچی ئەم قەیرانە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکانی تر نەبووەتەوە؟ بەراوردکارییەکان دەریانخستووە کە کێشەکانی کۆڕەک ڕێک لەو کاتەوە تەقینەوە کە بەشەبوجەی هەرێم کەم بووەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا لە ڕابردوودا خەرجی و باجەکانی کۆڕەک لەسەر بوجەی گشتی و لە پشکی خەڵک دەدران؟

ئێستا میدیای پارتی دەستکەوتێک لە دەرچوونی "فەرمانی وەلائی" لە دادگای ڕەسافە دروست دەکات و دەڵێت کۆڕەک و کوردایەتی بردیانەوە! بەڵام ئەمە تەنها ڕاگرتنێکی کاتییە و مانۆڕی یاساییە؛ کێشەکە نە بنبڕ بووە و نە بەم شێوازانە چارەسەر دەبێت. لەنێوان ٤ ترلیۆن دینارەکەی بەغدا و پاساوەکانی کۆڕەکدا، خەڵک هێشتا دەپرسێت: تا کەی دەبێت تاوان و باجەنەدانی کۆمپانیاکان بە ناوی کوردایەتییەوە لە پشکی خەڵک بدرێتەوە؟

 

  • لە چەواشەکارییەوە تا بێدەنگی؛ بۆچی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بکوژانی گوڵستان و هێرۆ ئاشکرا نەکرا؟

  • هۆشداریی دەم پارتی لە "کۆنووسی ساختە"؛ کێ دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی تێکبدات؟

  • بە ناوی کوردایەتی و لە پشکی خەڵک؛ کێ باجە ترلیۆن دیناریەکەی کۆڕەک دەدات؟

  • حکومەتی عێراق لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک پاشەکشە دەکات

  • هەژماری من کێشەی دابەشکردنی مووچەی چارەسەرکرد یان گەورەتری کرد؟

  • لە دوای هێرشەکەی ئیدلب؛ ململانێکانی ئیسرائیل و تورکیا توندتر دەبنەوە

  • سەرۆکی حکومەت هۆشداری لە کشانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا دەدات و داوای پاراستنی ژێرخانی هەرێم دەکات

  • ئاڵۆزبوونی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم؛ بەغدا هۆشداری دەدات و سیروان بارزانیش بڕیارەکان بە نایاسایی دەزانێت

  • ئەو بومەلەرزە سیاسییەی تورکیای هەژاندووە چییە؟

سەرەکی