4 کاتژمێر پێش ئێستا
300 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا؛ گفتوگۆ یان شەڕ دەستپێدەکات؟
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سیاسی و ئەمنی دەبێتەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان بۆ دەوڵەت دیاریکراوە، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە لە ٣٠ ی ئەیلول.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان وەڵامی داواکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان نەداوەتەوە، ئەمەش دەیخاتە بەردەم قەیرانی متمانەوە، دوای ئەوەی لە مانگی تەموز سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوەوە و بەڵێنیدا لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان وەربگرێتەوە و بیگێڕێتەوە بۆ دەوڵەت.
وادەکەی زەیدی لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان ڕوبەڕوو بووەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ئەو گرووپانە پێشتر بەشداریی جەنگی هەرێمییان کردووە کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

لە ساڵی ٢٠٢٥ ەوە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ئامادەییان بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ڕاگەیاندووە، ئەمەش بۆ خۆ بەدوور گرتن لە پێکدادان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەم هەنگاوانە نەبوونەتە ڕێوشوێنی کرداریی.
دوای ئەوەی لە مانگی ئایاردا عەلی زەیدی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکاربوو، خۆی لەبەردەم ئەرکی سنووردارکردنی هەژموونی گرووپەکان و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بینییەوە، لە هەمانکاتیشدا پێویستی بەوە بوو باڵانسی هێز لەگەڵ ئەمریکا و ئێرانیش ڕابگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، بەراورد بەوانی پێشوو، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانییەکی بەرفراوانی ئەمریکای بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستی بەوەیە بە هۆشدارییەوە مامەڵە بکات لەگەڵ هەژموونی ئێران کە لە ناوخۆی عێراق کەڵەکەبووە، کە زیاتر لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکان و هێزە سیاسییە شیعەکانەوەیە.

ئەم هاوکێشەیە قورسیی جێبەجێکردنی بەڵێنە سیاسییەکان ئاشکرا دەکات، بۆیە هەر جوڵەیەکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پێکدادان، پاشەکشەو دواخستنی بەڵێنەکانیش دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی لەلایەن ئەمریکا و دەرخستنی بێتوانایی حکومەت لەبەرامبەر گرووپە چەکدارەکان.
ڕۆیتەرز باسی لەوەشکردووە، هێزە تایبەتەکانی عێراق لە ١٧ ی ئاب سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تایبەت بە بزووتنەوەی نوجەبایان دەستگیرکردووە و دواتر راپۆرتیان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران کردووە، لەکاتێکدا ئەو گرووپە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و تۆمەتبارە بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی درۆن.

بەڵام دەستگیرکردنەکە تەنها ٤٨ کاتژمێری خایاندووە و بە هەڕەشەی نوجەبا کە هێرش دەکەنەسەر حکومەت، سیاسییەکان دەستێوەردانیان کردووە و ئەو بەرپرسە باڵایەی نوجەبا ئازادکراوە.دوای هەفتەیەک هێزە ئەمنییەکانی عێراق چوار ئەندامی گرووپە چەکدارەکانیان دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی ناوخۆیی بووە، تۆمەتەکەشیان ئەوەبووە ئاسانکارییان بۆ هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کردووە.
دوای ئەو هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، سەرکردەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق، هۆشدارییان داوەتە زەیدی هەنگاوی توند بەرامبەر گرووپەکان ئارامیی ناوخۆیی تێکدەدات، ئەمەش قەبارەی ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکانی دەوروبەری پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەردەخات.
بە وتەی سیاسییەکان، گرووپەکان ناتوانن چەکەکانیان ڕادەست بکەن لەکاتێکدا بەشدارن لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، هاوکات پشتیوانی ئێرانیش دەکەن دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، جگە لەوەی گرووپەکان مەرجیان ئەوەیە بە کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا ئەوکات چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.

تا ئێستا پێنج گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران ڕەتیان کردووەتەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، لەو وادەیەی بۆ ڕادەستکردنی دیاریکراوە، کە دیارترین ئەو گرووپانەش حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبان.
بەستنەوەی چەک بە وادەی ٣٠ ی ئەیلول دوو شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، حکومەت وەک وادەیەک بۆ کۆتایی هاتنی بوونی هێزی بیانی و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت سەیری دەکات، بەشێکی زۆری گرووپە چەکدارەکانیش وەک وادەیەک بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان و ئەمریکا دەیبینن، کە دواتر دەست دەکەن بە گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی چەکەکانیان.
ئەو گرووپانەی لە چوارچێوەی "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق" کار دەکەن، پێکدێن لە ١٠ گرووپ و نزیکەی ٥٠ هەزار چەکداریان هەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، ئەو گرووپانە خاوەنی چەکی قورس و درۆن و دژە فڕۆکەن، جگە لەوەی توانای خۆیان پەرەپێداوە کە هێرشی ورد بە درۆن و مووشەکی سوک ئەنجام بدەن.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، دەیان هێرشیی درۆنیی و مووشەکییان بۆسەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە، جگە لەوەی ناوبەناو هێرشی درۆنیی و مووشەکییان کردووەتەسەر ئیسرائیل.
هەژموونی ئەو گرووپانە تەنها سەربازیی نییە، بەڵکو بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، ئەوان تێکەڵ بە کەرتی ئابووری بوون و خاوەنی سەدان کۆمپانیا و پرۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانین، ئەمەش هەنگاوەکانی حکومەت دژیان قورستر دەکات.

ئێستا ئەرکەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم چەند بژاردەیەکی دیاریکراودایە، جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە، کە ئەمەش ڕەنگە شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە، درێژکردنەوەی وادەکەش وەک پاشەکشەی حکومەت لە ئەرکەکەی لێکدەدرێتەوەو ئەوکات لەلایەن ئەمریکاوە متمانە لەدەستدەدات و بە حکومەتێکی کەموکورت ناودەبرێت.
تەنها هەرئەوەندەش نییە، کشانەوەی ئەمریکا بەلای بەشێک لە گرووپەکانەوە کۆتایی هاتنی هۆکاری ناکۆکییەکان نییە، ئەوان زیاتریش دەڕۆن و داوای گرەنتی فراوانتر دەکەن کە بە تەواوی هەژموونی سیاسی و ئابووری ئەمریکا لە عێراق نەمێنێت، واتە تەنها بە کۆتایی هاتنی هەژموونی سەربازیی ئەمریکا رازی نین.
-
لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە
|
-
بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکانەوە؛ عێراق پەنا بۆ ئازادکردنی زیندانییان دەبات
|
-
دەنگێکی تۆمارکراو گومان لەسەر هۆکاری خنکانی خوێندکارە کوردەکەی چین دروست دەکات
|
-
لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا؛ گفتوگۆ یان شەڕ دەستپێدەکات؟
|
-
پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی داڕشتنی یاسایەكی نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
|
-
حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر بنەما دەستوورییەکان بۆ بودجەی ٢٠٢٧ ڕێکدەكەون
|
-
له زبڵدانەکانەوە بۆ کارگەکان؛ ڕیسایکڵین چۆن ڕەوشی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟
|
-
کۆچی دوایی هێمای بەرهەڵستکاری؛ ٤٢ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی یەڵماز گونەی تێدەپەڕێت
|
-
مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە یاسای نەوت و غازدا: دەرفەت یان دووبارەبوونەوەی هەڵەکان؟
|
|
|
|