1     کاتژمێر پێش ئێستا 47 جار خوێنراوەتەوە

لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی "رووناکی" و سیستمی "ئی پسوولە"وە سەدان ملیار دیناری وەک قەرزی کۆنی کارەبا لە هاووڵاتییان کۆکردووەتەوە، دروستبوونی قەیرانی نوێی کارەبا و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، پرسیارێکی جدیی لەلای ڕایگشتی و چاودێران دروستکردووە: ئەو پارە زۆرەی لە خەڵک وەردەگیرێت بۆ کوێ دەچێت و بۆچی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان نادرێت؟

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە هەڵمەتی لێخۆشبوونی ٥٠٪ی قەرزی کۆنی کارەبادا، زیاتر لە ٧٥٠ هەزار هاوبەش بەشدارییان کردووە و داهاتی کۆکراوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٨٠ تا ٤٠٠ ملیار دینار. بەڵام سەرەڕای کۆکردنەوەی ئەم بڕە پارە بەرفراوانە، بەرپرسانی حکومەت ڕایدەگەیەنن کە "هیچ بڕە پارەیەکی کارەبا بۆ خەزێنەی حکومەت ناگەڕێتەوە". ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەڵگەنامە و نوسراوە فەرمییەکان، حکومەت بڕی ٩ ملیار و ٤٤ ملیۆن دۆلار قەرزی کۆمپانیای ماس و ١٧٨ ملیۆن دۆلار قەرزی کۆمپانیای قەیوان-ی لەسەر کەڵەکە بووە.

هاوکات، دواکەوتنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکی لە تۆڕی گشتیدا. لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بڕی ٥٥٠ مێگاوات کارەبایان لە تۆڕی نیشتمانی کەمکردەوە، ئەمەش وایکرد لە زۆربەی ناوچەکان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ چەندین کاتژمێر دابەزێت. ئەگەرچی بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی ئەوەیان وەک هەنگاوێک بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەت ناوبرد، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە ڕەگی کێشەکە بۆ جێبەجێنەکردنی پابەندبوونی دارایی حکومەت بەرامبەر بەو کۆمپانیایانە دەگەڕێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو بابەتەی گومان و ناڕەزایەتییەکانی قووڵتر کردووەتەوە، فرۆشتنی کارەبایە بە بەغدا. هەردوو کۆمپانیای ماس و قەیوان بەپێی گرێبەستێکی ساڵانە بڕی ١٠٠٠ تا ١٥٠٠ مێگاوات کارەبا دەفرۆشنە حکومەتی عێراق بۆ پارێزگاکانی موسڵ، کەرکووک و سەلاحەدین، کە بەهاکەی بە دەوروبەری ٧٠ ملیۆن دۆلار مەزندە دەکرێت. بەرپرسانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتی ئەم فرۆشتنە ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی کۆمپانیاکانەوە و پارە بۆ خەزێنەی هەرێم ناگەڕێتەوە، لە کاتێکدا چاودێران جەخت دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێم خۆشی بەشدارە لە پرۆسەی تازەکردنەوەی گرێبەستەکە و دەستکەوتی دارایی لێی دەبێت.

ئەم هاوکێشە داراییە ناڕوونە—که تێیدا لە لایەکەوە ڕاستەوخۆ بە سەدان ملیار دینار لە گیرفانی هاووڵاتییان دەردەهێنرێت و لە لایەکی دیکەشەوە ملیارەها دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان کۆدەبێتەوە—ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی دروستکردووە. هاووڵاتییان و چاودێرانی سیاسی داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان شەن و کەوی روونی داهاتەکانی کارەبا بکان و ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سوتەمەنی و بودجەی پێویست بۆ کۆمپانیاکان دابین ناکرێت تاوەکو خەڵک لە بڕانی بەردەوامی کارەبا ڕزگار بێت؟

  • لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە

  • بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکانەوە؛ عێراق پەنا بۆ ئازادکردنی زیندانییان دەبات

  • دەنگێکی تۆمارکراو گومان لەسەر هۆکاری خنکانی خوێندکارە کوردەکەی چین دروست دەکات

  • لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا؛ گفتوگۆ یان شەڕ دەستپێدەکات؟

  • پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی داڕشتنی یاسایەكی نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

  • حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر بنەما دەستوورییەکان بۆ بودجەی ٢٠٢٧ ڕێکدەكەون

  • له زبڵدانەکانەوە بۆ کارگەکان؛ ڕیسایکڵین چۆن ڕەوشی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟

  • کۆچی دوایی هێمای بەرهەڵستکاری؛ ٤٢ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی یەڵماز گونەی تێدەپەڕێت

  • مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە یاسای نەوت و غازدا: دەرفەت یان دووبارەبوونەوەی هەڵەکان؟

سەرەکی