1 کاتژمێر پێش ئێستا
174 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە
ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە هەولێر لە پێناو پاراستنی کونسوڵخانەکەی دەهێڵێتەوە.
کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق چووه قۆناغەکانی کۆتاییەوە بەجۆرێک چونە دەرەوەی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بەردەوامە، لە هەمان کاتیشدا بەغداد خۆی ئامادە دەکات بۆ تەواوکردنی دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاکەکەی تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ۲٠۲٦.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بە عەرەبیە حەدەسی ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە کشانەوە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هێزە عێراقییەکان لە کاتی جوڵەی هێزەکانی هاوپەیماناندا ئاسایشی تەواویان بۆ دابین دەکەن بەو مەرجەی هێزەکانی ئەمریکا پێش کۆتایی ئەم مانگە تەواوی چوونەدەرەوەیان لە هەرێم تەواو بکەن.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە تەواوبوونی کشانەوەی ئەمریکا بە واتای نەمانی سەرجەم ڕێکخستنە ئاسایشییەکانی ئەمریکا لە هەولێر نایەت، چونکە بڕیارە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بهێڵرێتەوە بە مەبەستی دابینکردنی پاراستن بۆ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەکۆتاییهێنانی بوونی سەربازییان دەکەن لە عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کەدەکاتە ٣٠ی ئەیلوولی ۲٠۲٦.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندووە، هێزەکانی هاوپەیمانان هەنگاوی جدی بەرەو کشاندنەوە دەنێن و هێزو کەلوپەلە سەربازیەکانیان بۆ شوێنەکانی دەرەوەی عێراق دەگوێزنەوە.

هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، بەغدا هەنگاو دەنێت بۆ دابینکردنی جێگرەوە و بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی خۆی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاراستنی ئاسمان و دامەزراوە هەستیارەکانی لە ڕوبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی مووشەک و درۆنەکان.
لەبارەی ئەم پرسەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز باسی لەوەکردووە، مەترسیەکانی کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەهاوکاتە لەگەڵ ئەو وادەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵات ئەمەش وەک ئاژانسەکە ئاماژەی بۆکردووە هەنگاوێکە بەغداد دەخاتە بەرامبەر ئاڵنگاریی ئەمنیی نوێوە.
ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەمریکاو هاوپەیمانان هەروا بەسانایی دەستبەرداری هەرێم نابن، بەردەوام دەبن لەپاراستنی پەرژەوەندیەکانی هەرێم لەبەرامبەر هەرجۆرە هێرشێکی دەرەکی، بەڵام لەماوەکانی رابردودا سەرەڕای بونی سەربازی ئەمریکا لەهەرێم هێرشی موشەکی و درۆنی بۆسەر ناوچەکانی هەرێم بونی هەبووە.

پێشتر بەرپرسێکی باڵای کورد بۆ"ئیرادە میدیا" قسەی کرد و ڕایگەیان، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان هیچ نیگەرانی و ترسێک دروست ناکات، ئەوەش بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە
١. پێگەی ستراتیژیی عێراق: ئەمریکا ناتوانێت بە یەکجاری عێراق بۆ هێزە ڕکابەرەکانی چۆڵ بکات، چونکە ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆی؛ نموونەی ئەوەش کاتێک لە ٢٠١١دا کشایەوە، دواتر بە هێزێکی زۆرترەوە گەڕایەوە.
٢. هەڵوێستی هەرێم: سیاسەتی هەرێم لە ئاڵۆزییە ناوچەیییەکاندا لەسەر بنەمای بێلایەنی و دەستوەرنەدان لە کاروباری دراوسێکان داڕێژراوە، ئەمەش دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی.
٣. مانەوە لەژێر ناوی تردا: پێشبینی دەکرێت بەشێک لە هێزە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لە کوردستان لەژێر ناوی جیاوازدا بمێننەوە، وەک: هێزی پاراستنی بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەکان، یاخود ناوەندی هەماهەنگی، ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی. ئەمەش بەخۆی دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی هەرێم و لانیکەم ئاسمانەکەی، چونکە کوردستان گرنگییەکی جیۆسیاسیی تایبەتی هەیە و بە ئاسانی پشتی بەرنادرێت.
بەپێی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە بەهاری ١٩٩١ دوای کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەرچوو، ئاسمانی هەرێم وەک ناوچەی دژەفڕین دیاری کرا، بەڵام جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم بڕیارەی تێپەڕاند.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک هەیە کە فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراقە و پەیوەست نییە بە ململانێی هیچ هێزێکی دەرەکییەوە.بەڵام دوای ڕۆشتنی هێزەکانی ئەمریکا، لە ئێستاوە پرسی جێگرتنەوەی ئەو بنکانە دەبێتە هۆی کێشمەکێشی نێوان هەولێر و بەغداد؛ چونکە بەپێی دەستوور شیکردنەوەی جیاواز بۆ شوێنگرتنەوەیان دەکرێت.
بۆ نموونە: هەرێم دەڵێت بەپێی ماددەی ١٢١ مافی خۆیەتی هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر بکات، عێراقیش هەر بەپێی دەستوور و بەپێی ماددەی ١١٠، بە مافی خۆی دەزانێت دەسەڵاتی فیدراڵی لەو شوێنانەدا جێگیر بکات.
-
یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟
|
-
ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە
|
-
کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە
|
-
بەهۆی کاریگەری هێرشی حوسییەکان؛سعودیە کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری ئێران هەڵوەشاندەوە
|
-
نیگەرانییەکانی تاران و فشاری واشنتن؛ هاوکێشە نوێیەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی ناوچەییدا
|
-
چوار ساڵ دوای گیانلەدەستدانی ژینا؛ لە شکستی یاسای حیجابی زۆرەملێ وە تا بەردەوامیی خەباتی ژنان
|
-
لە گەرووی هورمزەوە تا بازاڕە جیهانییەکان؛ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران لەسەر ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهانی
|
-
قەیرانی بەنزین لە هەرێم و عێراق؛ لەنێوان دروشمی سیاسی و کورتهێنانی ڕاستەقینەدا
|
-
مەرجەکانی کەجەکە و پەیامی ئیمراڵی؛ ئایا پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەگاتە ئەنجام؟
|
|
|
|