1     کاتژمێر پێش ئێستا 61 جار خوێنراوەتەوە

سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە. لەم دیدار و کۆبوونەوانەدا کە وەفدێکی باڵای حیزب ئامادەی بوون، بەپێی راگەیەندراوە رەسمییەکان "جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران کراوەتەوە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون".میدیای ئێرانیش ناوەڕۆکی جیاواز لەبارەی کۆبوونەوەکان ئاشکرا دەکات.

گرنگترین تەوەر و دیدارەکانی سەردانەکە

دیدار لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران: لە کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی "جەختی لەسەر بەهێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش کردەوە و ڕایگەیاند کە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەموواندایه‌ و هەوڵەکان بۆ هێوركردنه‌وەی گرژییەکان دەبن". لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان "سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندا و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش کردەوە".

کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

 پێش ئەو کۆبوونەوەیە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە. لەو دیدارەدا "جەخت لە پاراستنی ئارامیی سنوورەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگەوە کرایەوە، و موحسین ڕەزایی ئاماژەی بە مێژووی دۆستایەتیی نێوان هەردوولا کرد".

دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی

 لە یەکەم رۆژی دیدارەکاندا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوانەدا "تیشک خسترایە سەر فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاماژە بەوە درا کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەک و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی بەردەوام دەبن. قالیباف پێگەی یەکێتی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە گرنگ وەسف کرد".

دیدار لەگەڵ ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران

 هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری تایبەتی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی کۆبووەوە. لەم دیدارەدا "ولایەتی بە ڕێزەوە یادی مام جەلالی وەک ئەندازیاری پەیوەندییە مێژووییەکان کردەوە و ڕۆڵی بافڵ جەلال تاڵەبانیشی لە نزیککردنەوەی دیدگاكان و پاراستنی ئارامی بەرز نرخاند".

هەڵوێست و ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان

لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکاندا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە " کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆست و هاوبەشێکی سەرەکیی هەرێمی کوردستانی عێراقە و لایەنەکان پابەندن بە فراوانکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەش".

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند " ئەوان بە تەواوی پابەندن بە دڵنیابوون لەوەی کە ئاسایشی ئێران لە ئاراستەی سنوورەکانی هەرێمەوە پارێزراو بێت، و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێراندا هەوڵی دوورخستنەوەی گروپە دژبەرەکان دەدرێت".

هەروەها ئاماژە بەوە درا "تیمێکی ئابووری یاوەری سەردانەکە بوون بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێداویستییە هەنووکەییەکان. لای خۆیەوە سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکان ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، نەتەوەیی و کولتوورییان هەیە و پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی، پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی پارێزگاکان لە بوارەکانی ئابووری، زانستی و سیاسی فراوانتر بکرێن".

ناوەڕۆک و لێدوانە بڵاوکراوەکانی میدیای ئێران

میدیای فەرمی و دەوڵەتیی ئێران تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی هەستیار لە دیدارەکاندا؛ لەوانە لێدوانی موحسین ڕەزایی کە ڕایگەیاندبوو "بە هیچ شێوەیەک متمانەیان بە ئەمریکا نییە و دەبێت ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ بەدەستهێنانی متمانە بگرنەبەر، هاوکات جەختیشی لەسەر پێویستیی هۆشیاری بەرامبەر بە چالاکییەکانی رژێمی زایۆنیستی لە هەرێمی کوردستان کردەوە".

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە داوە "بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە بەرزبوونەوەی هاوکارییە ئەمنی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان کردووە و جەختی لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی گرووپەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردووەتەوە، هاوکات مەسعود پزیشکیانیش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە دووپات کردووەتەوە."

 

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

  • بەهۆی کاریگەری هێرشی حوسییەکان؛سعودیە کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری ئێران هەڵوەشاندەوە

  • نیگەرانییەکانی تاران و فشاری واشنتن؛ هاوکێشە نوێیەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی ناوچەییدا

سەرەکی