1 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات
ڕێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی لە چەقبەستوویدایە؛ نیگەرانیی ناوخۆیی و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان
لە دروشمی ڕەخنەگرتن و دژایەتیکردنی دەسەڵاتەوە بۆ واژۆکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی؛ نەوەی نوێ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە و ڕووبەڕووی قەیرانی ناسنامە و ناڕەزایەتیی ناوخۆیی بووەتەوە، ئەوەش داهاتووی جوڵانەوەکەی خستووەتە پرسیارەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧دا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک هێزێکی سیاسیی نوێ لە ناو شەپۆلی ناڕەزایی لە سیستمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا. شاسوار عەبدولواحید، کە پێشتر بە دامەزرێنەری NRT ناسرا بوو، دوای کەمپەینی «نەخێر لە ئیستادا» لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، زیاتر چووە ناو گۆڕەپانی سیاسی و دواتر بوو بە ڕێبەری جوڵانەوەکە.
دروشمەکانی سەرەتایی نەوەی نوێ سادە و سەرنجڕاکێش بوون: دژایەتیی گەندەڵی، ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی، داوای شەفافیەت و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی. ئەم گوتارە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەشێکی دەنگدەران لە هێزە سیاسییە باوەکان ناڕازی بوون، زوو کاریگەریی خۆی نیشان دا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠١٨دا نەوەی نوێ هەشت کورسی بەدەستهێنا. شەش ساڵ دواتر، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا ژمارەی کورسییەکانی بۆ ١٥ بەرز بووەوە و بە نزیکەی ٢٩١ هەزار دەنگ بوو بە سێیەم هێزی گەورەی پەرلەمان، دوای پارتی بە ٣٩ و یەکێتی بە ٢٣ کورسی.

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کرابوو، بەم شێوەیە بوو: پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێنا. ئەمە نیشان دەدات نەوەی نوێ توانیویەتی بەشێکی گرنگ لە دەنگی ناڕەزایی بپارێزێت و فراوانتری بکات، بەڵام کێشەکە لە بەدەستهێنانی دەنگدا نییە؛ پرسیار لەوەدایە کە ئایا توانیویەتی ئەو دەنگە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی سیاسیی پێگەیشتوو؟
ڕەخنەکان و ناسنامەی سیاسیی جوڵانەوەکە
ناسنامەی سیاسی: یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان پەیوەندی بە ناسنامەی سیاسیی جوڵانەوەکەوە هەیە. نەوەی نوێ زۆر بەوە ناسراوە کە دژی چییە، بەڵام کەمتر ڕوونە کە بەرنامەی درێژخایەنی بۆ ئابووری، حوکمڕانی، کێشەی مووچە، نەوت، پەروەردە و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا چییە. دژایەتیی گەندەڵی دەتوانێت دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام بۆ دروستکردنی حزبێکی گرنگ بە تەنها بەس نییە.
پۆپۆلیزم: گوتاری نەوەی نوێ زۆرجار لەسەر دابەشکردنی گۆڕەپانی سیاسی بە «خەڵک» و «دەسەڵاتداران» دامەزراوە. ئەم شێوازە لە سەرەتادا توانای کۆکردنەوەی ناڕەزایی هەبوو، بەڵام کاتێک هێزێکی سیاسی خۆی دەچێتە ناو دانوستان و هاوپەیمانی، ئەو گوتارە بەر تاقیکردنەوە دەکەوێت.
تاکجەمسەری و دامەزراوەسازی: لە زۆر قۆناغدا شاسوار عەبدولواحید خۆی بووەتە ناونیشان، دەنگ و وێنەی نەوەی نوێ. ئەمە بۆ هێزێکی تازە دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت، بەڵام هەمان شت دەتوانێت ببێتە لاوازی ئەگەر دامەزراوە، دەستەی بڕیاردان و سەرکردەی جێگرەوە بەهێز نەکرێن. حزب تەنها بە ڕێبەر و فراکسیۆنی پەرلەمانی دروست نابێت؛ پێویستی بە سیستمی بڕیاردانی ناوخۆ، پەروەردەی سیاسی، توێژینەوە، کادرسازی و میکانیزمی جێگرەوەسازی هەیە.

تاقیکردنەوەی ٢٠٢٦ و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی
ئەم نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنەی نێوان شاسوار عەبدولواحید و یەکێتی لە کاتێکدا هات کە پێشتر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، ناوبراو بۆ ماوەیەک لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرابوو؛ پرسێک کە لەوکاتدا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و دوای ئازادبوونی، پرسیارەکان لەبارەی گۆڕانی لەپڕی ئاراستەی سیاسیی جوڵانەوەکە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێتی لە جاران زیاتر گەرمتر بوونەوە.
گەورەترین تاقیکردنەوەی نەوەی نوێ لە ساڵی ٢٠٢٦ هات. دوای گفتوگۆکانی شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی لە شوباتی ٢٠٢٦، هەردوو لایەن لە ٢ی تەمموزی ٢٠٢٦ ڕێککەوتنێکی سیاسییان واژۆ کرد بۆ هەماهەنگی لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق و باسکردن لە چاکسازی و هاوسەنگیی دەسەڵات.

لێرەدا نەوەی نوێ لە پرسیارێکی بنەڕەتیدا دەکەوێت: چۆن هێزێک کە ساڵانێک بە ڕەخنە لە سیستمی دەسەڵات گەشەی کرد، ئێستا هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی هەمان سیستەم دەکات؟ بۆ لایەنگرانی ڕێککەوتنەکە، ئەمە پراگماتیزمی سیاسی و هەوڵێکە بۆ زیادکردنی کاریگەری. بۆ ڕەخنەگران، مەترسییەکە ئەوەیە نەوەی نوێ بە هێواشی ئەو جیاوازییە لەدەست بدات کە لە بنەڕەتدا دەنگدەری بۆ کۆکردەوە. داخستنی کەناڵی ئین ئار تی سەبارەت بە مووچە و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکەش ئەم پرسیارە قووڵتر دەکات.

پێشهاتە تازەکان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دوای ئەوەی عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون پێکەوە و بە بێ بەشداری هیچ لایەنێکی تر حکومەت پێکهێنن، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، «وەک نەوەی نوێ بەهیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێم ناکەین و بە ئۆپۆزسیۆنیی دەمێنینەوە».
دواتریش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەمیانی کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا، ڕایگەیاند: «باسمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد کە بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەكان چڕتر کراونەتەوە و هیوامان خواست لایەنەكان لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە ڕێككەوتنی کۆتایی و حکومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێكبهێنن». هەروەها مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند «لەم رۆژانەدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی هەواڵی خۆش دەبیستن».

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢ی تەمموزی ٢٠٢٦، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)یان واژۆکرد، کە مەبەست لێی شکاندنی بەربەستی (٥٠+١)ـی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. هاوکات، چەند میدیایەک ئاماژەیان بەوە دا کە دووشەممەی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە پشکی یەکێتی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە پشکی پارتی کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکەش ئەرێنی بووە.
هەواڵی نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی، لەکاتێکدا یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێککەوتنیان هەیە، ناڕەزایەتیی ناوخۆیی نەوەی نوێی لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی زۆر لە چالاکانی نەوەی نوێ نیگەرانن لەوەی ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانییەوە ئەنجامدراوە، هیچ حسابێکی بۆ نەوەی نوێ نەکردووە و یەکێتی بۆ فشارخستنە سەر پارتی، نەوەی نوێی بەکارهێناوە. لەدوای ئەم هەڵوێستەی نەوەی نوێشەوە، تاکو ئێستا چارەنوسی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی نادیارە.
-
گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات
|
-
سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی
|
-
قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە
|
-
چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا
|
-
یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟
|
-
ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە
|
-
کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە
|
-
بەهۆی کاریگەری هێرشی حوسییەکان؛سعودیە کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری ئێران هەڵوەشاندەوە
|
-
نیگەرانییەکانی تاران و فشاری واشنتن؛ هاوکێشە نوێیەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی ناوچەییدا
|
|
|
|