4   کاتژمێر پێش ئێستا 184 جار خوێنراوەتەوە

لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

لە دانیشتنێکی دادگاییکردنی هەستیاردا کە چەندین وەرچەرخانی نوێی تێدا ئاشکرا کرا، وتەی تۆمەتباران و دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی ڕووداوە ئەمنییەکانی سلێمانی خرانەڕوو.

 لەم دانیشتنەدا، چەندین زانیاریی ورد لەسەر تۆمەتەکانی هەوڵی تیرۆر، کودەتا و وردەکاریی ڕووداوەکەی سیتی تاوەرز و لالەزار باسیان لێوە کرا، کە سەرنجی ڕای گشتی و چاودێرە سیاسییەکانی بەلای خۆیدا ڕکێش کردووە.

رۆژی پێنجشەممە ١٧ ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لە دادگای سلێمانی، ڕێبوار حامید حاجی غالی لەبەردەم دادوەردا وتەی خۆی خستەڕوو و ئاشکرای کرد کە لە شوقەکەی سیتی تاوەرزدا قەناسەیەک هەبووە و ناوبراو مەبەستی بووە تەقە بکات، بەڵام خۆی دەستکاریی دووربینی قەنەسەکەی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بگرێت، هەرچەندە جەختیشی کردەوە کە لاهور شێخ جەنگی داوای لێنەکردووە بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بکات، بەڵکو ناوبراو تەنها داوای لێکردووە بچێتە ناو شوقەکەوە بۆ ئەوەی بزانێت چی ڕوودەدات و هەستی بە وجودی پلانێکی کودەتا کردووە. پۆڵاد شێخ جەنگیش لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەرچی هەوڵی کودەتا لەلایەن کەسانی ترەوە هەبووە، بەڵام کۆکردنەوەی چەک لەلایەن ئەوانەوە تەنها بۆ رێگریکردن لەو کودەتایە بووە و هیچ مەبەستێکی تری نەبووە.

لای خۆیەوە، دانا تەقیەدین، وتەبێژی دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەڵگەکانی بەردەم دادوەر لە دژی لاهور شێخ جەنگی لاوازن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لاهور شێخ جەنگی جەختیدکردووەتەوە کە هێزەکانیان تەنها بۆ پاراستنی ماڵی مام جەلال و هێرۆخان ناردووە، چونکە زانیارییان هەبووە لەسەر بوونی مەترسی و کودەتایەکی ناوخۆیی لەناو فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتیدا و بابه‌ته‌كه‌ش به‌ قوباد تاڵەبانی وتراوە.

 دانا تەقیەدین ئەوەشی خستەڕوو که‌ لاهور شێخ جەنگی وتویەتی ئەگەر بیەوێت سوڵح بکات و سازش بکات، ئێستا لە دەرەوەی دادگا دەبوو، بەڵام بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی دادگا لەو دۆخەدا ماوەتەوە، هاوکات رەخنەی لە نەبوونی رۆژنامەنووسان لە دانیشتنی پێنجەمدا گرت.

جێی ئاماژەیە، سەرجەمی ئەم ئاڵۆزییانە دەگەڕێنەوە بۆ بەرەبەیانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، کاتێک لە ئەنجامی بەریەککەوتن و شەڕێکی قورسی چەکداری لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی وەک دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایش لەگەڵ هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی (ناسراو بە هێزی دووپشک/لالەزار) ڕوویدا، تێیدا لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ دوو برا، خوشکێک و ژمارەیەک لە پاسەوان و کەسە نزیکەکانی دەستگیر کران.

ئەم پێکدادان و دەستگیرکردنەش وەک درێژبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی پاش ٨ی تەمموزی ٢٠٢١ ئەژمار دەکرێت. لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـشدا بۆ یەکەمجار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی نەدا و دۆسیەکەی بۆ وردبینیی زیاتر ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد، و تا ئێستاش پرۆسەی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دۆسیە هەستیارە بەردەوامیی هەیە.

 

 

  • لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

  • یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

سەرەکی