1     کاتژمێر پێش ئێستا 36 جار خوێنراوەتەوە

پێشبینی دەکرێت پێش زستان گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێبکات

پێشبینی دەکرێت پێش وەرزی زستان گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ باکوری کوردستان و تورکیا دەستپێبکات، بەمزوانەش دیدار و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستپێدەکات.

دەم پارتی پێشبینی دەکات گەڕانەوەی ئەندامان و گەریلاکانی پەکەکە پێش وەرزی زستان و لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە، دەستپێبکات، ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەیەک لە تورکیا دەستیپێکردووە و کورد ناوی پرۆسەکەی ناوە پرۆسەی چارەسەری و دەوڵەتیش بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ کردووە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" کە سێیەم گەورە پارتی پەرلەمانی تورکیایە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "پێویستە پەلە بکرێت لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێشبینیش دەکەین پێش زستان گەڕانەوەی ئەندامان و گەریلاکانی پەکەکە بۆ تورکیا دەستپێبکات".

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەشڵێت، پێویستە لیژنەی تایبەت پێکبهێنرێت، بە پێی یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە و لە ١٠ ی ئابی رابردوو پەرلەمانی تورکیا پەسەندیکرد.

تونجەر باکرهان باسی لەوەشکردووە، پێویستە ئامرازەکانی چەکدانان و گەڕانەوە بۆ تورکیا بە خێرایی دیاری بکرێت.

بە وتەی هاوسەرۆکی دەم پارتی، تا ئێستا خشتەیەکی کاتیی دیاری نەکراوە،هۆشداریشیدا لە شکستهێنانی پرۆسەکە ئەگەر ئامادەکارییە تەکنیکیەکان بگۆڕێت بۆ دواخستنی سیاسی، ئەمەش وادەکات بێمتمانەیی زیاتر ببێت و ئەمەش هەل دەداتە ئەوانەی خواستی تێکدانی پرۆسەکەیان هەیە.

ئەو یاسایەی پەرلەمانی تورکیا دەریکرد، دوای پەسەندکردنی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چەکداماڵینی پەکەکە لەخۆگرتووە کە راپۆرتێک دەداتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، لە ٢٤ ی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی کرد و چوار لیژنەی تری پێکهێنا، کە ئەوانیش تایبەتن بە هەماهەنگی یاسایی و چاودێری و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و چەکدانان و هەماهەنگی ستراتیژییە.

بە وتەی محەمەد ئۆچووم، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی یاسایی لە سەرۆکایەتی تورکیا، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئەندامی لیژنەی چەکداماڵین وهەماهەنگی ستراتیژییە.

دوای پێکهێنانی ئەم لیژنانە، ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی و سەرکردایەتی کەجەکە و کورد، داوا دەکەن رۆڵی زیاتر بدرێتە عەبدوڵا ئۆجەلان تا راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.

بە وتەی پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی پێویستە ئەم پرۆسەیە بە پلەبەندی بەرێوەبچێت، هەنگاوی بەرامبەر لەنێوان دەوڵەت و پەکەکە هەبێت وەک عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی پێداوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانکراوی پەکەکە، ٢٧ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە، ئێستا میدیای تورکیا و باکوری کوردستانیش باس لەوە دەکەن خانوویەک لە نزیک ئیمراڵی دروستکراوە و لە داهاتوودا ئۆجەلان لەو خانوەوە سەرپەرشتی پرۆسەی ئاشتی دەکات، هەر لەو شوێنەش سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسان دەبینێت لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان. پێشبینیش دەکرێت لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بڕیارێک لەبارەی کۆتاییهاتنی چەکدانانی پەکەکەوە دەربکات.

بەپێی ئەو یاسایەی بۆ چەکدانانی پەکەکە ئامادەکراوە، لەماوەی شەش مانگدا ئەندامان و گەریلاکانی پەکەکە دەگەڕێنەوە بۆ باکوری کوردستان وتورکیا، جگە لە ٣٠٠ بۆ ٨٠٠ لە سەرکردە و فەرماندەکانی پەکەکە، کە پێویستە بۆ گەڕانەوەیان یاسای تایبەت دەربکرێت یاخود سزاکانیان رابگیرێت.

سەبارەت بە گۆڕانکارییە دەستووریەکان کە ئاکپارتی و ئەردۆغان دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە دەستووری نوێ دیموکراتی بێت و کاری لەپێشینەی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە بێت.

بە وتەی باکرهان، رێوشوێنە دادوەرییەکان دژ بە ئۆپۆزسیۆن و سەرۆک شارەوانییەکان و ئەو کەسانەی رای جیاوازیان هەیە، متمانەی خەڵك بە پرۆسەی ئاشتی لاواز دەکات، چونکە پرۆسەکە تەنها پەیوەست نییە بە کورد یان پێکهاتەیەکەوە.

لە دواین پەیامیدا کە بۆ کۆنفرانسی لەندەنی نارد، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، جەختی لەسەر کۆتاییهاتنی ئەرکی مێژوویی پەکەکە و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردەوە.

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، شۆڕش گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە ڕێگەی بونیادنانەوە، ڕایگەیاند بەبێ ئاشتییەکی بەشکۆ و دیموکراسیی ڕاستەقینە، هیچ کۆمەڵگەیەک ڕەگ داناکوتێت.

ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا، بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ دەرگای قۆناغێکی نوێی کردووەتەوە و لە جیهانی ئێستادا ئەرکی مێژوویی پەکەکە کۆتایی هاتووە؛ لەبەر ئەوە پێویستە خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازێکی نوێی تێکۆشان کە تیایدا سیاسەتی دیموکراتیک جێگەی ستراتیژیی شەڕی گرتووەتەوە.

  • پێشبینی دەکرێت پێش زستان گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێبکات

  • بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی ١٤.١٤٪ و مافە داراییەکان؛ وەفدێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە

  • بناری گۆیژە دەکرێتە باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی؛ دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت هەڵوێست ڕادەگەیەنێت

  • یونسێف هۆشداری دەدات؛ زیاتر لە ٣٤٧ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ڕووبەڕووی لافاو و وشکەساڵی دەبنەوە

  • قەرەسوو: دەردی باشووری کوردستان عەقڵێتی ناوەندگەراییە؛ کشانەوەی ئەمریکا گۆڕینی شێوازی جەنگە

  • بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق؛ زیاتر لە ملیۆنێک گرێبەست هەمیشەیی دەکرێن و بەهای دۆلار دەستکاری دەکرێت

  • داعش نیازی دامەزراندنی "ئەمارەتی کوردستان"ی هەبوو؛ شانە نووستووەکانی لە هەرێم هەڵوەشێنرانەوە

  • ئەمریکا سزاکان توندتر دەکات و تاران دانوستان رەتدەکاتەوە

  • هەڵگەڕانەوەیەکی خێرا؛ سوپای یەمەن زوباب و بابولمەندەبی دەست بەسەردا گرتەوە

سەرەکی