4 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکانی بێ سنور: نیگەرانین لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر بەنداوی تیشرین
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە سوریا نیگەرانی خۆیان لە هێرشە سەربازییەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین دەربڕی.
ڕێکخراوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە "نیگەرانن لە پەرەسەندنە سەربازییەكانی باکوری سوریا، لە ناوچەکانی مونبج و بەنداوی تیشرین".
ڕێکخراوەکە دەڵێت، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکان ئەمبولانسەکانیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا کارمەندانی تەندروستی بەسەختی برینداربوون.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور، دەشڵیت"ئەم کارە دوژمنکارانە هەڕەشە لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی دەكات و ڕێگریكردنە لە فرریاكگوزارانی ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور داوای لە سەرجەم لایەنە کردووە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی تەندروستی و دامەزراوە پزیشکییەکان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.
دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕۆژانە بەڕێگەی درۆن و فرۆکەی جەنگی بەنداوی تشرین بۆردومان دەکات و هاوڵاتیانی مەدەنی ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج و شەهیدیان دەکات.
هاوکات لەگەل ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا لەسەر بەنداوی تشرین ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێدا داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییەکان کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و هێرشەکانی تورکیا دژی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە ژیانییەکان بوەستێنن".
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕاگەیەندراوەکەیدا هێرشەکانی تورکیای وەک پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیی و مرۆییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە ناساندووە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری داوە لەوەی"بەئامانجگرتنی بەنداوی تشرین سەختی بەدەستهێنانی ئاو و وزە بۆ هاوڵاتیان زیاتر دەکات و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بەنداوەکە مەترسی ڕووخانی بەنداوەکە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
|