4 کاتژمێر پێش ئێستا
627 جار خوێنراوەتەوە
وردەکاری جوڵەکانی پشت پەردە و رێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ تورکمان و عەرەب سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پارێزگاری كەركوك
ناوەندی هەواڵ
رۆژی پێنجشەممە 16-4-2026 چاوەكان لەسەر پارێزگای كەركوكن، تا ئەو كۆبوونەوە نائاساییەی ئەنجومەنی پارێزگا بەنیازە ئەنجامی بدات، بەڕێوەبچێت، جوڵەیەكی سیاسی خێرا هەیە كە دەیەوێت گۆڕانكاری لە هەرەمی ئیدارەی خۆجێیی بكات و پرسی پارێزگاریش یەكلا بكاتەوە، بەڵام پێناچێت كۆبوونەوەكە فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتیش تێیدا بەشداربن، هەرچەندە باس لەوەدەكرێت بەپێی رێككەوتنێك پۆستەكە دەدرێتە توركمان.
بەپێی زانیارییەكانی ئیرادە میدیا، دەستلەكاركێشانەوەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك كە دوو ساڵە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لە هۆتێل رەشیدی بەغداد كراوە.

پارتی دەیەوێت وا نیشانی بدات كە ئەو ئاڵوگۆڕە لە زیانی كوردە
هەرچەندە پارتی دەیەوێت وا نیشانی بدات كە ئەو ئاڵوگۆڕە لە زیانی كوردە و یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار ئەو پۆستە رادەست دەكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكان هەریەك لە پارتی و یەكێتیش بەشدارن لەو رێككەوتنەی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لە كەركوك ئەنجامدراون، توركیا و هێزە سوننەكان و پارتیش فشار دەكەن ئەو پۆستە بۆ توركمانەكان بێت، لەكاتێكدا بڕیاربوو بەپێی رێككەوتنەكە پۆستەكە بۆ عەرەب بێت، لەناو توركمانەكانیش كاندیدی بەهێز محەمەد سەمعان سەرۆكی بەرەی توركمانییە، كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت.

پێش كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگا كە بەپێی خشتەكەی كاتژمێر 12یە، فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆدەبنەوە، یەكێتیش پێشتر گفتوگۆی لەگەڵ محەمەد سەمعان و بەرەی توركمانی كردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان پێدەچێت ئەگەر رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەو پۆستە دانیشتنەكە كاتژمێر 2 ئەنجام بدرێت، یاخود بكرێتە رۆژێكی تر.
ئەحمەد رەمزی كۆپرلو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی توركمانی دەڵێت، لەنێوان تەقەدوم و توركمان و یەكێتی كۆبوونەوە كراوە، تا ئەو رێككەوتنە سیاسیەی لەنێوان پێكهاتەكان كراوە جێبەجێ بكرێت.

گفتوگۆكانی پشت پەردە
سەرچاوە سیاسیەكان روونیان كردووەتەوە، هەوڵی چڕ لە ئارادایە كە لایەنەكان بەتایبەتیش توركمان و یەكێتی بگەنە رێككەوتن و كەركوك لە چەقبەستوویی سیاسی دووربخرێتەوە.
لەوكاتەوەی رێبوار تەها وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردراوە، پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كردووە و بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانیش لە دانانی وەك پارێزگاری كەركوك ناڕازی بوون.

یەكێتی و عەرەب و توركمانەكان لەسەر چی ڕێككەوتوون؟
بەپێی زانیارییەكان، لە دوایین كۆبوونەوەدا یەكێتی لەگەڵ عەرەب و توركمان لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لە پۆستی پارێزگار، ئەم پۆستانەی پێبدرێ: قایمقامی ناوەند، قایمقامی داقووق، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و جێگری پارێزگار.
ئەگەر هەیە بەرەی توركمانی لەژێر فشاردا كاندیدەكەیان بگۆڕن
هەرچەندە یەكێتی لەگەڵ بەرەی توركمانی و لایەنە عەرەبییەكان رێككەوتووە لەسەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە توركمان، لەسەرەتاوە بەرەی توركمانی ناوی محەمەد سەمعانی وەك كاندید هێناوە، بەڵام بەوپێیەی محەمەد سەمعان لای لایەنەكان و لایەنگرانی یەكێتی زۆر پەسەند نییە، بۆیە یەكێتی سبەی كۆدەبنەوە سەبارەت بەو پرسە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەندامەكانیان ئامادەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگا نابن.
بەو پێیەی كە ئەندامانی یەكێتی بەشداری ناكەن نیسابی كۆبونەوەكە تەواو ناكرێت و بەو هۆیەشەوە ئەستەمە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار بەسەركەوتوویی سبەی ڕۆژی پێنج شەممە بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئیرادەمیدیا دراون، ئەندامانی یەكێتی سبەی پێنج شەممە كاتژمێر11 لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆدەبنەوە، داواكاری سەرەكییان هەر ئەوە دەبێت كە كاندیدەكەی بەرەی توركمانی بگۆڕن، لەكاتێكدا كارنامەی كۆبونەوەی ئەنجومەن كاتژمێر12دیاریكراوە.
یەكێتی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەفراكسیۆنی یەكێتی لەهەوڵی گۆڕینی كاندیدی توركمانن، بۆیە پێناچێت هەر سبەی فریابكەون و بگەڕێنەوە، لەم یەك دوو رۆژەدا گوشار دەكەن بەرەی توركمانی كاندیدی دیكە بهێنێتە پێشەوە.

کێی تر هەوڵی گۆڕینی کاندیدی تورکمان دەدات؟
هەر بەپێی زانیارییەكان، توركمانەكانی نزیك لە ئەرشەد ساڵحی و توركمانی شیعەش لەگەڵ ئەوەدا نین محەمەد سەمعان ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت.
هاوكات لەناو بەرەی توركمانی بۆچوونێك هەیە كە سەرۆكی بەرەی توركمانی سەرقاڵی كاری حزبی بێت و كەسێكی دیكە ئەو پۆستە وەربگرێت.
نوسینگەی پارێزگاری كەركوك: رێبوار تەها نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش نەكردووە
نوسینگەی پارێزگاری كەركوك، ڕایگەیاندووە: تا ئێستا ڕێبوار تەها بە فەرمی پارێزگارە و هیچ نووسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی پارێزگا نەكردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە ڕێبوار تەها بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەركە یاسایی و كارگێڕییەكانی، بەڵام هاوكات پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك كە لەلایەن سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكە دەربچێت.
لە كۆتایدا، نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری كەركوك دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان كە سەقامگیریی شارەكە و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانەوەن و كارەكانی پارێزگار تا كاتی ڕادەستكردنی بەرپرسیارێتییەكە بەردەوام دەبێت.

نوسراوی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
لە نووسراوەكەی محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هاتووە: پاڵپشت بە مادەی 11/چوارەم و مادەی 38/ یەكەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ساڵی 2015ی هەمواركراو، داواتان لێدەكەم بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ رۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن بن.

پارتیش بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات
ئەوەش لەكاتێكدایە، فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاندووە: بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا ناكەین، تایبەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار.
لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، تائێستا هیچ توركمانێك نەبووەتە پارێزگاری كەركوك، ئەگەر ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، بۆیەكەمجار لە مێژوودا توركمانێك دەبێتە پارێزگاری كەركوك، لەكاتێكدا پارتی و یەكێتی و لایەنە كوردستانیەكان، كەركوك بە قودس و دڵی كوردستان ناودەبەن.
-
جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق و هەرێم ڕوو لە هەڵكشانە
|
-
وردەکاری جوڵەکانی پشت پەردە و رێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ تورکمان و عەرەب سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پارێزگاری كەركوك
|
-
دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا بە كوێ گەیشتن؟
|
-
ئەمریكا نێوەندگیری ئیسرائیل و لوبنان دەكات بۆ ئەوەی راستەوخۆ گفتوگۆ بكەن
|
-
گەڕێكی نوێی دانوستانی ئەمریكا و ئێران؛ وەڵامی تاران بۆ واشنتۆن ئەرێنییە
|
-
لەنێوان سودانی و مالیكیدا ئەگەری سێیەمیش هەیە؛ لەماوەی ئاگربەستدا شیعەكان سەرۆكوەزیران یەكلادەكەنەوە
|
-
ئەنفال- ساڵیادی جینۆسایدێکی بێ بەزەییانە دژ بە کورد
|
-
دادگایەكی فەڕەنسا كۆمپانیای لاڤارج بە پشتیوانی توندڕەوانی سوریا تۆمەتبار دەكات
|
-
ئەمریكا گەمارۆی سەر بەندەرەكانی دەستپێكرد؛ئێران هەڕەشە دەكات
|
|
|
|