1     کاتژمێر پێش ئێستا 52 جار خوێنراوەتەوە

یه‌كێتی و پارتى له‌ 50 به‌ 50 ه‌وه‌ بۆ 39 به‌ 39

ناوەندی هەواڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەن بە ژمارە ڕەفتار بکەن و وتى " 39 بە 39ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین". ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پارتى دیموکراتی کوردستان پێشتر ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و نه‌وه‌ى نوێ پێكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات.بەڵام ئێستا کورسییەکی بزووتنەوەی گۆڕانیشی هاتووەتە پاڵ.


دواى زیاتر له‌ ساڵێك و حه‌وت مانگ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، پارتى و یه‌كێتى كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌ و حكومه‌ت پێكبهێنن، پارتى ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نه‌ و به‌جیا گفتوگۆ ده‌كه‌ن، یه‌كێتیش ده‌ڵێت ئێستا له‌گه‌ڵ پارتى 39 به‌ 39 ن، واته‌ ده‌بێت پۆسته‌كانى حكومه‌تیش نیوه‌ به‌ نیوه‌ بن.
 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبه‌كه‌ى له‌ سلێمانى ڕایگەیاند، ئامادەین بە ژمارە ڕەفتار بکەین، 39 بە 39ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە، پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی ئەو حزبە کرد.
پارتى ڕایگه‌یاند "جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هەماهەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ڕاست و دروستی كێشە و پرسە هەنووكەییە چارەنووسسازەکان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان".

پێش ئه‌و په‌یامه‌، به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى قوربانه‌وه‌، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت".
مه‌سعود بارزانى وتى:" داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست".

"هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان". ئه‌مه‌ش به‌شێك بوو له‌ په‌یامه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى.

مێژووى 50 به‌ 50 له‌نێوان پارتى و یه‌كێتیدا

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (سەرەتا ناوى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانیی کوردستان بوو)، وەک یەکەمین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی لە مێژووی باشووری کوردستاندا، لە دەرئەنجامی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و دوای ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە 19ـی ئایاری 1992ـدا دامەزرا، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی پەرلەمان لە چواری حوزەیرانی 1992 بەڕێوەچوو.

لەو کاتەدا، پەرلەمان لە 105 کورسی پێکدەهات، 100 کورسی بۆ لایەنە کوردییەکان (50 به‌ 50 له‌نێوان پارتى و یه‌كێتیدا) و پێنج کورسیش وەک کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی تەرخانکرابوو، لەمڕۆشدا کە پەرلەمان لە 100 کورسی پێکدێت پێنجیان پشکی کەمینەکان (مەسیحی، ئەرمەن و تورکمان) ی هەرێمی کوردستانە و ئه‌وانى تریش به‌سه‌ر لایه‌نه‌كاندا دابه‌شبوون.

لە ساڵی 1992ه‌وە تا ئێستا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج خولی یاسایی بەڕێکردووە و له‌ خولى شه‌شه‌مدایه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ درێژایى ئه‌و 34 ساڵه‌ به‌هۆى كێشه‌ و ململانێى ناوخۆییه‌وه‌ هیچ خولێك ماوه‌كه‌ى چوار ساڵ نه‌بووه‌، دیارترین نموونەش خولی یەکەم بوو کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیاتر لە 10 ساڵ بەردەوام بوو، هەروەها خولی پێنجەمیش کە لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە بڕیاری نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی درا.

زیاتر لە ساڵ و نیوێكە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام پەرلەمان هێشتا لە دۆخی پەككەوتندایە، كاندیدان و حزبەكان بە بەڵێنی بێ كردار وایان كرد خەڵك سندوقەكان بە دەنگەكانی پڕ بكات، بەڵام كورسییەكان هیچ ڕۆڵیان نیە و ئەوانەی چوونە پەرلەمان و سوێندیان خوارد سوێندەكەیان جێبەجێ نەكرد و بەرامبەر هەموو پرسەكان بێدەنگن، مووچەی خۆیان وەردەگرن و ترسیشیان هەیە لەوەی هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە و مووچە و ئیمتیازاتەكان لەدەست بدەن.

لە 18 مانگی ڕابردوودا، پەرلەمانی كوردستان یەك دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەویش لە 2-12-2024 بوو تەنها بۆ سوێندخواردن، بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببەسترێت و بێبەش نەبن لە ئیمتیازاتەكانیان.

لەوكاتەوە هەر پەرلەمانتارێك مانگانە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دیناری تەنها وەك مووچە وەرگرتووە، جگە لەو ئیمتیازاتانەی وەك خانوو و ئۆتۆمبێل پێیان دراوە، ئەمەش لەبەرامبەر هیچ ئەركێكدا، واتە هەر سوێندخواردنەكە 147 ملیۆن دینار لەسەر قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دراوە بەو پەرلەمانتارانە، لەكاتێكدا ئێستا ئەوان بێكارترین چینی كۆمەڵگەی كوردین.

ئۆپۆزسیۆنیش بێ هه‌ڵوێستن

لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان، 30 پەرلەمانتاریان هەیە، لە بنەڕەتدا ئەركی ئەوانە دژی ئەم چەقبەستووییە بووەستنەوە و دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕن، بەڵام وەك ئەوەی نە بایان دی بێت نە باران، بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێكیان نییە، نە ناڕەزایی دەردەبڕن و نە دەست لەكاردەكێشنەوە، نە دەچنە بەردەم پەرلەمان و كۆنگرەیەك ببەستن یاخود لانیكەم خێمەیەك لەبەردەم پەرلەمان هەڵبدەن.

ئەم بێهەڵوێستییەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، بێئومێدی خەڵك بەرامبەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و دواتریش پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكەن، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بە ژمارەیەك قەیراندا تێدەپەڕێت و رۆژ بەدوای ڕۆژ زیاتر لەسەر یەك كەڵەكە دەبن، لەوانەش بێتوانایی حكومەت لە پێدانی مووچە و خزمەتگوزارییەكان، پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ، نەبوونی بودجە و دەستور، سەرەڕای ئەوەش جەنگ بەرۆكی ناوچەكەی گرتووەو لە هەر شتێك زیاتر پێویست بوو پەرلەمانێكی كارا و حكومەتێكی نوێ هەبێت تا مامەڵە لەگەڵ ئەم هەموو قەیران و ئاڵۆزییەدا بكات.

هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان 1992 – 2026

 خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (46) ڕۆژ و لە 4/7/1992 كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (462) ڕۆژو لە 7/5/2006 كابینەی پێنجەم _یەكگرتنەوە_ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 29/7/2009 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (95) ڕۆژو لە 28/10/2009 كابینەی شەشەم و دوای دوو ساڵ كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (270) ڕۆژو لە 18/6/2014 كابینەی هەشتەمی بنكە فراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (282) ڕۆژو لە 10/7/2019 كابینەی نۆیەمی سێ قۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2024) لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا كە ساڵیك و زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕیوە، ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیناریۆی جیاواز لە ئارادایە.

  • ڕاپۆرتى سێ مانگ له‌ هێرشه‌كانى ئێران؛٧٥١ هێرش، ٢٢ کوژراو، ١١٢ بریندار

  • یەکی حوزەیران: ڕۆژی شکانەوەی بێدەنگی و هەڵسانەوەی قەقنەس

  • یه‌كێتی و پارتى له‌ 50 به‌ 50 ه‌وه‌ بۆ 39 به‌ 39

  • به‌ مه‌رجى شه‌یتان ڕازى بوون؛ ئێران به‌شێك له‌ گرووپه‌كانى عێراق به‌ ناپاكى تۆمه‌تبار ده‌كات

  • دۆخەکە هەستیارە و روبەڕووی ئاڵنگاری دەبینەوە؛ سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دەدات

  • چوارچێوه‌ له‌ پشێویدایه‌؛ تارمایى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شد باڵى به‌سه‌ر دانوستانه‌كاندا كێشاوه‌

  • سەرۆكوەزیرانی عێراق: ڕێگە بە هیچ قەوارەیەك نادەین لە دەرەوەی دەوڵەت چەكی هەبێت

  • كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی زەیدی و گرووپەكان؛ بەرەی مقاوەمە چۆن چەك دەكرێن؟

  • هەڵاتنی زیاتر لە 20 هەزار ئەندام و كەسوكار؛ دەرفەتە زێڕینەكە بۆ داعش

سەرەکی