3   کاتژمێر پێش ئێستا 90 جار خوێنراوەتەوە

وڵاتێک لە ژێر کاریگەریی گەندەڵیدا؛ ئایا کاتژمێری لێپرسینەوەی حوتەکان لە عێراق نزیک بووەتەوە؟

ناوەندی هەواڵ

ئاشکراکردنی پارە و موڵکی زەبەلاح لە رێگەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار بە گەندەڵی، لەوانەش عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، دۆسیەی گەندەڵی کردەوە بە جێی باس، داواش دەکرێت هەڵمەتەکە بەرپرسانی هەرە باڵا بگرێتەوە و لە بەرپرسە بچوکەکاندا نەوەستێت، بەو ئاراستەیەی "حوتەکانی گەندەڵی" بگرێتەوە کە تێوەگلاون لە دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی.

عێراق لە ڕووی شەفافیەتەوە لە ریزبەندی 136 ە مینی جیهاندایە کە خۆی 182 دەوڵەتە بۆ ساڵی 2025، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبیش لە ریزبەندی هەشتەمدایە، واتە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆرترین کاریگەری گەندەڵی لەسەرە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە سەرکردە و دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆیە، کە بە شەفافیەت کاربکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی، بەڵام لە واقیعدا تا ئێستا حکومەتی عێراق شکستی هێناوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرکردەکان لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق دۆسیە ئەمنیی و ئابووری و سیاسییەکان وەک پاساو بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان دەهێننەوە، بەوەش ئامڕازەکانی چاودێری و هاوسەنگی لەناو دەبەن، هەروەها پاشەکشەش دەکەن لە پابەندییەکانیان بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان، لەوانەش ڕێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی گەندەڵی لەسەر ئاستی 182 دەوڵەت پۆلێن کردووە، کە لە خاڵی سفرەوە تا خاڵی 100 هەژمار کراوە، بەپێی ئەو ریزبەندییە عێراق 136 ەمین دەوڵەتە و 28 خاڵی گەندەڵی تێدایە، بەراورد بە 2014 ش دوو خاڵی گەندەڵی زیادکردووە، لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیش هەشتەم دەوڵەتە بۆ گەندەڵی و لە پاش وڵاتانی سۆماڵ، سوریا، سودان، یەمەن، لیبیا، ئەریتیریا و لوبنان دێت.

لە دیارترین ئەو دۆسیە گەندەڵیانەی عێراقی خستووەتە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتان، دۆسیەی دزیی سەدەیە، کە تێیدا 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی بەهەدەر دراوە و دزراوە، کە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار دەکات، کە پارەی دەستەی گشتیی باج بوون.

بە وتەی محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق، لە ساڵانی رابردوودا گەندەڵی تواناکانی دەوڵەتی تووشی خوێنبەربوون کردووە، بۆیە پێویستە دەوڵەت هەنگاوی جددی بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون.

بە وتەی شەمەری، ملیاران دۆلار چووەتە گیرفانی گەندەڵەکان بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، پاراستنی سیاسیش هۆکاری سەرەکیی ئەم گەندەڵیانەن، ئێستاش پێکهێنانی لیژنەیەکی دەوڵەت هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدواداچوونی گەندەڵەکان و پاراستنی سامانی گشتیی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە نوێترین دۆسیەی گەندەڵیدا لە عێراق، لەسەر دانپێدانانی "حوتی نەوت" و بەتۆمەتی دزینی پارە، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق و پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدین دەستگیركران.

مەناف عەبدول مونعیم، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراقی، بە تۆمەتی دزینی لە 115 ملیار دینار دەستگیرکراوە. هاوکات، دەستەی دەستپاکی عێراقیش، رائد جبوری، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدینی دەستگیركردووە، لەسەر بنەمای ئەو وتانەی لەعەدنان جومەیلی بریكارە دەستگیركراوەكەی نەوت كە بە حوتی نەوت ناسراوە.

  • پلانی کوشتنی چەند سەرکردەیەک لەلایەن داعش و تورکیاوە ئاشکرا دەبێت

  • ناكۆكیەكان زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم ده‌گه‌یه‌نێت؛ یه‌كگرتوو داوایه‌ك له‌ یه‌كێتیی ده‌كات

  • وڵاتێک لە ژێر کاریگەریی گەندەڵیدا؛ ئایا کاتژمێری لێپرسینەوەی حوتەکان لە عێراق نزیک بووەتەوە؟

  • یەکێتی و پارتی؛ یان 39 بە 39 یان دادگای فیدراڵی

  • مه‌رجى ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌مریكا؛ئه‌نجامى باش و دانوستانى سه‌خت له‌ سویسرا

  • بەغداد دوای باراک؛ کاتژمێری سفر بۆ گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی قووڵ

  • لوتکەی سویسرا;بۆچی ئێرانیەکان دوودڵن لە خۆمەڵاسدانی ئیسرائیل لە پشت پەردەی ڕێکەوتنەکانەوە ؟

  • دوای ساڵێک و هەشت مانگ لە هەڵبژاردن؛ پارتی و یەکێتی دەست بە گفتوگۆ دەکەن

  • كۆمپانیاكانى نه‌وت داواى گره‌نتى ده‌كه‌ن؛ وه‌زیرى ناوخۆ:له‌وه‌ ده‌كۆڵینه‌وه‌ بزانین چى سیستمێكى به‌رگریی گونجاوه‌

سەرەکی