6   کاتژمێر پێش ئێستا 140 جار خوێنراوەتەوە

کیمیابارانی سەردەشت هێرشێکی ڕەگەزپەرستانە بووە دژی گەلی کورد

پژاک داوای بەجیهانیکردنی دۆسیەی کیمیابارانکردنی سەردەشت دەکات

ناوەندی هەواڵ

بە بۆنەی ٣٩ـەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا دەڵێت : ئەو هێرشە نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان بوو، بەڵکو بووە هێمایەکی تاڵی دڕندەیی شەڕ و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوای کرد کە تاوانەکە لە ئاستی جیهانیدا بە فەرمی تۆمار بکرێت و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.


پژاک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٧، ڕژێمی بەعسی عێراق بە بەکارهێنانی گازی خەردەل ناوچە نیشتەجێبووەکانی سەردەشتی کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە سەدان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو شەهید بوون و نزیکەی هەشت هەزار کەسی دیکەش تووشی لێکەوتەی تەندروستیی درێژخایەن بوونەوە.


کارەساتی کیمیابارانکردنی سەردەشت چۆن ڕوویدا ؟


کیمیابارانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵات لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٧ (کاتی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق) ئەنجامدرا کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق( ٤ بۆمبی کیمیاییان لە جۆری خەردەل ) بەسەر ناوچە قەرەباڵغەکان و بازاڕی شاری سەردەشتدا خستە خوارەوە. بەوەش شاری سەردەشت بووە یەکەمین شاری جیهان کە بکەوێتەوە بەر هێرش و کۆمەڵکوژی بە گازی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دوای هێرشە ئەتۆمیەکانی جەنگی جیهانی دووەم، کە بەدوایدا و لەئەنجامی بێدەنگ بوون لێی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە (١٦ـی ئاداری ١٩٨٨) ئەنجامدران .


لەو هێرشە کیمیایانەی کەلە ساڵی ١٩٨٧ کرانە سەر سەردەشتی ڕۆژهەڵات، زیاتر لە ١٣٠ کەس شەهید بوون. بەڵام بەهۆی چڕیی گازەکە و نەبوونی ئامێری پزیشکیی پێویست، زیاتر لە ٨,٠٠٠ کەس ژەهراوی بوون کە تا ئەمڕۆش زۆربەی ڕزگاربووان بەدەست نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، پێست و چاوەوە دەناڵێنن.


سەردەشت بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نزیکی لە سنووری باشووری کوردستان، هەمیشە لە نێوان ململانێی ڕژێمەکانی بەغدا و تاراندا باجی قورسی داوە.


لەبەرامبەر کیمیابارانی شاری سەردەشت کە بەدوایدا کیمیابارانی هەڵەبجە ڕویدا،لە ئاستی نێونەتەوەیدا بێدەنگی لێکرا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژاوا بە ئێستاشەوە کە کە ٣٩ساڵ تێدەپەرێت بەسەریدا هیچ سزایەکی توندیان بەسەر ڕژێمی سەدام و میراتگرەکانی دەسەڵاتی ئێستای عێراقدا نەسەپاند.


پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان " پژاک "وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییان، داوا دەکات کە تاوانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە ئاستی جیهانیدا بە فەرمی تۆمار بکرێت و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی. هەروەها جەختی لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی و فراوانکردنی تێکۆشان و خۆپاراستنی ڕەوا لە هەر چواربەشی کوردستان کردەوە.

کارەساتی کیمیابارانکردنی سەردەشت لە ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٧، یەکێک بوو لە تاقیکردنەوە هەرە سەخت و کەم باسکراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان لە سەدەی بیستەمدا. مامەڵەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر هێرشەکە، پێچەوانەی قەبارەی کارەساتە مرۆییەکە بووە بەو پێیەی، لە بێدەنگیدا هێڵرایەوە و بە ئەنقەست و لەبەر بەرژەوەندی وڵاتانی ئەو کاتی بلۆکە جیاوازەکان پشتگوی خرا .

کیمیابارانی شاری سەردەشت بە ئاشکرا لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN): ناوی هاتووە و تاوانەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هەمان ڕێکخراو لە ژێر فشاری دیپلۆماسیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا، لە دەقە فەرمییەکاندا بە ڕوونی ناوی "عێراق" وەک تاوانبار نەهێناوە، بەڵکو تەنیا سەرکۆنەی "بەردەوامیی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ململانێکاندا" هێنراوە .


تاوانەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بێ سزا بۆ ڕژێمی ئەو کاتی عێراق تێپەڕیوە و لەو سەردەمەدا هیچ بڕیارنامەیەکی تایبەت و توند بۆ سزادانی عێراق بەهۆی سەردەشتەوە دەرنەکردووە. ئەو بێدەنگییە لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک "چراپەسندێکی بێدەنگ" (Tacit Approval) لێکدرایەوە کە ڕێگەی بۆ کارەساتی گەورەتری وەک هەڵەبجە خۆشکرد.


دادگای نێودەوڵەتیی لاهای و دۆسیەی "فرانس ڤان ئەنرات" (٢٠٠٥) لەبەرامبەر هێرشە کیمیاییەکانی سەر شاری سەردەشت :

وەرچەرخانی هەرە گرنگ لە وێناکردنی یاسایی هێرشی سەردەشت لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە وڵاتی هۆڵەندا ڕوویدا. هێرشی سەردەشت بووە بەشێکی سەرەکی لە دۆسیەی دادگاییکردنی سەوداگر و بازرگانی هۆڵەندی فرانس ڤان ئەنرات (Frans van Anraat)، کە کەرەستەی خاوی کیمیایی بە ڕژێمی سەدام فرۆشتبوو.

هاوکات دادگای لاهای لە بڕیارە مێژووییەکەیدا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥، هێرشی کیمیایی بۆ سەر سەردەشت و هەڵەبجەی بە فەرمی وەک پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا و نەریتەکانی جەنگ (War Crimes) ناساند.
 دادگاکە ڕایگەیاند کە هێرشەکە بە مەبەستی کۆمەڵکوژی و ئازاردانی خەڵکی سڤیل بووە و ڤان ئەنراتی بە ١٦ ساڵ زیندانی سزا دا ). ئەمە یەکەمجار بوو دادگایەکی ئەوروپی بە شێوەیەکی یاسایی هێرشی سەردەشت وەک بەشێک لە پڕۆسەی جینۆساید یان تاوانی هاوشێوە بناسێنێت.


ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (OPCW)
ڕێکخراوی OPCW (کە بنکەکەی لە لاهایە)، لە دوای ساڵانی دوو هەزارەوە، شاری سەردەشتی وەک "قوربانیی یەکەمی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوون" لە مێژووی دوای جەنگی جیهانی دووەم وێنا کردووە.
 نوێنەرانی ئەم ڕێکخراوە چەندین جار سەردانی شاری سەردەشتیان کردووە و لە کۆنفرانسە ساڵانەکانیاندا، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت (SCVAP) وەک ئەندامێکی چاودێر و ڕاوێژکار بەشدار دەبێت.
 * لە ڕوانگەی OPCWـەوە، سەردەشت نموونەیەکی زیندوو و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پێویستیی جێبەجێکردنی "ڕێککەوتننامەی چەکە کیمیاییەکان" (CWC). لە ناوەندی بەڵگەنامەکانیاندا، سەردەشت وەک هێمای "شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی مەدەنییەکان" وەسف دەکرێت.


ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ (Human Rights Watch & Amnesty)

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (HRW): لە ڕاپۆرتە چڕەکانیدا سەبارەت بە جەنگی ئێران و عێراق (بەتایبەت لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی ئەنفال)، هێرشی سەردەشتی وەک "تاوانێکی پێشوەختە" (Precedent) وەسف کردووە. لێکۆڵەرانی HRW ئاماژە بەوە دەکەن کە بێدەنگیی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئاست سەردەشتدا، تاقیگەیەک بوو بۆ بەعس تا دڵنیا بێتەوە لەوەی بەکارهێنانی غازی ژەهراوی دژ بە کوردەکان، سزای سیاسیی توندی بەدوادا نایەت.


پزیشکانی بێ سنوور (MSF) و ڕێکخراوە تەندروستییەکان لەسەر هەمان تاوان ڕایانگەیاندووە کە کۆمەڵکوژی شاری سەردەشت لە ڕووی پزیشکیی نێودەوڵەتییەوە، وەک "سەرچاوەیەکی زانستیی دەگمەن" بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی گازی خەردەل (Mustard Gas) لەسەر مرۆڤ وێنا دەکرێت.


لە نێو زانکۆ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جینۆساید لە ئەوروپا و ئەمریکا، وێناکردنی سەردەشت لە چوارچێوەی "جینۆسایدی سارد" یان "جینۆسایدی فەرامۆشکراو" (Forgotten Genocide) دێت:


 مێژوونووسان و پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی (وەک یوست هێڵتەرمان لە کتێبی *A Poisonous Affair*) هێرشی سەردەشت وەک بەڵگەیەکی ڕوون دەهێننەوە بۆ ئەوەی چۆن "ڕیالپۆلیتیک" (سیاسەتی بەرژەوەندیی هێز) دەتوانێت یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پەکبخات.
 لەم ناوەندانەدا، سەردەشت تەنیا وەک ڕووداوێکی سەربازیی نێوان دوو دەوڵەت نابینرێت، بەڵکو وەک هێرشێکی ڕەگەزپەرستانە دژ بە ناسنامەی گەلی کورد وێنا دەکرێت، چونکە نەک تەنیا هێزە سەربازییەکان، بەڵکو ناوەندی شارەکە و خەڵکی سڤیل کرانە ئامانج.

 

  • کیمیابارانی سەردەشت هێرشێکی ڕەگەزپەرستانە بووە دژی گەلی کورد

  • مه‌ترسییه‌كانى به‌ دیفاكتۆبوونى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر؛ ڕێكخراوى ستۆپ ڕاپۆرتێكى وردى هه‌ڵسه‌نگاندنى بڵاوكرده‌وه‌

  • هه‌مان سیاسه‌تى 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ ساڵیادى كۆمه‌ڵكوژى 80 گه‌ریلاى بریندار و رۆژنامه‌نوس و هونه‌رمه‌ند

  • جینۆسایدی هەڵەبجە؛ ئەو ئازارەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تائێستا وەكخۆی نەبینراوە

  • ئەو داتایانەی خامنەیی پێکوژرا

  • موجتەبا خامنەیی؛ ئێران لە شۆڕشی دژ بە پشتاوپشتەوە بۆ پشتاوپشتی

  • رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟

  • كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا

  • مێژووی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی رژێمەكان لە جیهان

سەرەکی