لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات جگە لە دوو دەروازە. ئاماژەی بەوەش کرد بەغدا تارانى ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵدا قبووڵ دەکات، بەڵام دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ڕەت دەکاتەوە.
ئەم لێدوانانە ناڕەزایەتییەکی توندی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا؛ فراکسیۆنی "بەدر" لە پەرلەمانی عێراق، سەپاندنی فەرمانەکانی ئەمریکای بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان ڕەتکردەوە و داوای لە حکومەت کرد دەستبەجێ بیکاتەوە. فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لێدوانی وەزیری دەرەوە دژبەیەکە لەگەڵ پاساوە تەکنیکییەکانی پێشووی حکومەت و ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و برسییکردنی گەلەکەی ناوبرد کە ئامانج لێی باشووری عێراقە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "مەدا" لە زاری سەرچاوە سیاسییەکانەوە بڵاوییکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئەگەری گەڕانەوەی گرووپە چەکدارەکان بۆ ستراتیژی "یەکێتیی گۆڕەپانەکان" و ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ لەگەڵ ئێران. دوای چەند کاتژمێرێک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەی لەتیفیەی باشووری بەغدا بارهەڵگرێکیان دەستبەسەردا گرت کە 35 موشەکی تێدا بوو و سێ ئەندامی حەشدی شەعبیان دەستگیرکرد.
بەپێی سەرچاوەکان، گرووپە چەکدارەکان ئامادەنەبوونی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەک بە سەرۆک وەزیران ڕاگەیاندووە بەهۆی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران. لە هەمان کاتدا، گرووپی "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" لێدوانەکانی فوئاد حسێنی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە هیچ بەڵگەنامەیەکی چەکدانانی واژۆ نەکردووە، بەڵکو بەڵگەنامەی "ڕێککەوتنی سەروەری"ی واژۆ کردووە، داواشیان لە وەزیری دەرەوە کرد داوای لێبوردن بکات. هاوکات عەقیل عەباس توێژەری سیاسەتی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە ترەمپ هانبدرێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خێراتر بکات پێش دەستبەکاربوونی زۆرینەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی نوێدا.
لە ڕەهەندی ئابوورییەوە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە دانیشتنی سێشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران تەرخان بکرێت بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجە بە مەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمان. محەمەد تەمیم جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە مووچەی ساڵی 2027 بە تەواوی مسۆگەرە بەرامبەر هەر گرژییەکی ناوچەیی، بە سیناریۆی داخستنی گەرووی هورمزیشەوە.
«بودجەی نوێ گۆڕانکاریی پێکهاتەیی بەخۆوە دەبینێت بۆ بەرزکردنەوەی پشکی داهاتە نانەوتییەکان بۆ %19 (نزیکەی 33 ترلیۆن دیناری ساڵانە) لە ڕێی گومرگ و باجەوە، کە پەرلەمانتار تالیب بەیزانی بە هەنگاوێک بۆ ڕزگاربوون لە پشتبەستنی ڕەها بە نەوت پێناسەی کرد»
. لەلایەکی دیکەوە، بەپێی وتەی پەرلەمانتار جەواد ڕەحیم، ڕەشنووسەکە دامەزراندنی هەمیشەیی زیاتر لە 500 هەزار گرێبەستی کۆن و 120 هەزار پلەی وەزیفی نوێ بە گرێبەست دەگرێتەوە. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر ژمارە سەرەکییەکانی بودجە کراوە و ناکۆکییەکان تەنها لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی تەرخانکردنەکانن.