×

کاوەی مەلاحسێن 11/09/2024 3301 جار خوێنراوەتەوە

ئەوە زەوی کێییە دەیدەن بەفەرمانبەران؟!

دوای ئەوەی گەلی کورد ڕووبەڕووی ئەنفال و جینۆساید بووەوە، قۆناغی ئەنفالی سێ لە گەرمیان و سنوری چەمچەماڵ  جێبەجێکرا، خەڵکێکی زۆر لەژن و منداڵ و پیر و گەنج بەرەو نوگرەسەلمان و بیابانی عەرعەر بران، دواتر کەسوکارەکانیان لەئۆردوگا زۆرەملێکان نیشتەجێکران و چواردەوریان بە ڕەبایەی جاش تەنران.

ئۆردوگا زۆرەملێکان لەسەر زەوی جوتیاران و بەپیتترین زەوی  دروستکرا، بەبێ ئەوەی هیچ مافێک بۆ خاوەن ئەو زەویانە بگەڕێندرێتەوە، کە بژێوی ژیانی چەندین خێزان لەسەر ئەو زەویانە بوو،  خەڵکەکەیشیان ڕووبەڕووی ترس و تۆقاندن کرانەوە و ڕۆژانە ئەمن و جاش بەنێو ماڵەکاندا دەگەڕان و هەڕەشەیان لە خەڵکی دەکرد و وتار و شیعاری  حزبی بەعسیان دەوتەوە و پیرەکانیان بەزۆر دەکرد بەجەیشی شەعبی، بەزۆر چەکیان پێیان هەڵدەگرت، دوای ئەوەی کەسوکارەکانیان ئەنفال و شەهیدکران و گوندەکانیان خاپورکران و زەوییەکانیان کران بەئوردوگای زۆرە ملێ.

لەدوای ڕاپەڕین و نەهێشتنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لەزۆرێک لە کوردستان، دەسەڵاتی کوردی نەیتوای ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیانە نەهێڵێت و خەڵکەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ شوێن و ژینگەی خۆیان، بەڵکو بەشێکیان کران بەشار و ناحییە وەک ناحیەی شۆڕش، بەبێ ئاوڕدانەوە و قەرەبووکردنەوەی جوتیاران، ئەو جوتیارانەی  کە زۆرترین قوربانی گیانی و ماڵییان داوە.

لەئێستادا لەژێر ناوی ماستەر پلان و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، جارێکی دیکە جوتیاران بەبیانووی ئەوەی کە  زەوییەکانیان تاپۆیان نییە، لە ماستەر پلانی ناحییەکەدایە هیچ هەق و مافێک بۆ جوتیاران نەگەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو جوتیارانەی سنوری ناحیەی شۆڕش و گوندی پیریادی نزیک هەشتا ساڵ دەبێت ئەو زەویانە دەکێڵن و لەڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن، بۆیە ناکرێت وەک کوردەواری دەڵێت:  پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە بکەیت و زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکەیت، ماف و ژیانی جوتیاران ڕەچاونەکرێت و ئاوڕیان لێنەدرێتەوە، لەکاتێکدا خەڵکێکی بەشمەینەت و مافخوراون.

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

سەرەکی