کاوەی مەلاحسێن
13/04/2025
676 جار خوێنراوەتەوە
بۆ لێپرسراوان لێدوان نادەن؟!
لەهەرێمێکی شەش ملیۆن کەسی زیاتر لەهەزار کەناڵی فەرمی حزب و لایەنە سیاسیەکان هەیە، جگە لەکەناڵە سێبەرو و پەیجە ئاڕاستەکراوەکانی حزب، بەشێکی زۆری ئەم ڕاگەیاندنانە بەشێوەیەکی دروست ئاڕاستە ناکرێت بەخواست و میزاجی کەسانی باڵا دەست ئاڕاستە دەکرێت و شەڕی بەرژەوەندییەکان و دژەکانی خۆیان پێدەکەن، ئەوەی لەئیتیکی ڕۆژنامەوانی ناکرێت دەستی بۆ ببرێت ئەمان دەستی بۆ دەبەن و دەچنە نێوژیانی کەسی و خێزانەکانەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو پەیامە چی کارێگەریەکی نەرێنی لەنێو کۆمەڵگە دروست دەکات.
ئەو کارێگەریانەی لەنێو کۆمەڵگە دروستیان کردووە، نەمانی و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و تەشهیرکردن بەکەسیایەتییەکان و ئاڕاستەکردنی نەوەیەک کەتەنها جنێو دەزانن و هیچ گرنگییەک بۆ ئاواو خاک و پەروەردەو یاساو ڕێسای وڵات دانانێت، بۆیە دەبێت ڕێگە لەو جۆرە بەناو میدیایانە بگیرێت، کە پەیامەکانیان پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە لەڕێگەی یاساو سەندیکای ڕۆژنامەنوسانەوە، لەئێستادا بەشێک لەو میدیایانە وەک دەروازەکەرەکان لەبەردەرگای هۆڵی پرسەو بۆنەکان چاوەڕوانن بەرپرسێک قسەیان بۆ بکات، بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن چی ئاماجێکیان هەیە، بۆیە بەرپرسان لەو میدیایانە هەڵدێن یاخود وەڵامیان نادەنەوە، لەهەمانکاتدا هەندیکیان دەزانن ئەو میدیایانە میدیای ئاڕاستەکراوەی حزبن و ڕۆژنامەنوسەکەش جگە لەمایک بەدەستێک هیچی دیکە نییەو هیچ زانیاییەکی ئەکادیمی لەسەر میدیا و پەیامی میدیایی نییە!.
لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری ئەو میدیایانە تەنها لەبازنەی ناوخۆی و شەڕی دەرونی پەیامەکانیان دەسوڕێتەوە، ئامادەنین و بەچاوێکی کەم کەسانی باڵادەست لێیان دەڕوانن، بەڵام لەهەمانکاتدا خەون بەوەوە دەبینن لێدوانن بۆ میدیایەکی عەرەبی و جیهانی بدەن، ڕەنگە هەوڵ و تەقەلاش لەو بارەیەوە بدەن، بۆیە ئەم دۆخەی میدیا لەهەرێم دروستی کردووە هەروائاسان نییە چارەسەربکرێت و لەبری بیر لەمیدیایەکی نیشتمانی بکرێتەوەو پەیامەکانی هەم و خەمی مییللەت بێت، نەک کێشەی کەسی و حزبی.
|